سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەسـتپـێكردنی هێرشە ئاسمانی و موشەكیـیەكانی بۆ سەر سێ بنكەی چەكی كیمیایی سوریا دەستپێكرد.

دۆناڵد ترەمپ لە وتارێكیدا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە دژی شوێنە گرنگەكانی ڕژێمی ئەسەد دەسـتیپـێكردووە، بە بەشداری فەڕەنسا و بەریتانیا.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو هێرشە كیمیایەی كرایە سەر دوما تاوانێكی دڕندانەبووە، وە ئەمەریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا لە دژی دڕندەیەتی دەجەنگن”.

ترەمپ هەروەها وتیشی، “ڕوسیا شكستی هێناوە لە بەڵێنەكانی سەبارەت بە چەكە كیمیایـیەكانی سوریا”، هۆشدارشی بە مۆسكۆ دا كە “چیتر بەردەوام نەبێت لە ڕۆیشتن بە ڕێگایەكی تاریكدا.”

بەپـێی كۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەكانی مرۆڤ بۆردومانەكانی ئەمەریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا چەند بنكەیەكی گاردی كۆماری و فیرقەی چوار و ناوەندێكی توێژینەوەی لەشكری لە ناوچەی بەرزە و چەند بنكەیەكی لەشكری لە ناو دیمەشقی پایتەخت و شوێنی لەشكری لە دەوروبەری هەردوو فڕۆكەخانەی دیمەشق و مەزە كراونەتە ئامانج.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام