بە كورتی ئەو عەقیدەیە كار لەسەر بردنە پێشەوەی سیاسەت و بەرنامەكانی دەسەڵات( یا كۆمپانیا سەرمایەداریەكان) دەكات بە هێنانە خوارەوەی ئاستی داخوازی و چاوەڕوانی خەڵك لە رێگەی توشكردنیان بە كۆمەلێك كێشەو قەیرانی سەخت و دژوارەوە، بە شێوەیەك توانای كاردانەوەیان نەمێنێت بۆ بەرگری كردن لە ماف و ژیانیان و بە “كەم” رازی بن كە لەئاكامی ئەو سیاسەتانە دێنە پێشەوە.

لە ئاستی جیهاندا لەوانەیە كەم حكومەت هەبێت بەقەد حكومەتی هەرێم، بە وردی ئەم عەقیدەیەی پەیڕەو كردبێت!. ئەم دەسەڵاتە لە پێناو مانەوەی خۆی و درێژەدان بە هەژمونی رەهای، بە بەرنامەوە، ماكینەی ئیعلامی و رایەڵەی لایەنگرانی خستۆتە گەڕ بۆ بەردەوام هێشتنەوەی مۆتەكەی قەیران و ترس و دڵەراوكێ لە ئەگەرەكان و ئایندە، تەنها بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەكانی خۆی و هێنانە خوارەوەی ئاستی داخوازی جەماوەر و هێشتنەوەیان لە نێو چاوەڕوانی و ئاستێكی نزمی گوزەراندا.

با سەیر بكەین كارنامەی ئەم دەسەڵاتە، ساڵانێكە چۆن و بە چ ئاراستەیەك كاری كردوەو ئەكات:

یەكەم: ساڵانێك خەڵكیان لە دڵەراوكێی هاتنەوەی بەعس و مەترسی بەعس هێشتەوە، بەتایبەت كە خەڵك بەعەمەلی هاتنەوەی سوپای عێراقی بینی لە ٣١ ئابی ١٩٩٦.

دوەم: دوای روخانی بەعس، هەمیشە هێشتنەوەی دۆسێی گەرمی پڕ لە ئاڵۆزیی نێوان هەولێر و بەغدا، یەكێك بو لە سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم بۆ هێشتنەوەی دڵەراوكێی جەماوەر و بونی مەترسی هاتنی سوپای عێراق. دەستەواژەی مەترسیەكانی سەر هەرێم و ناحەزانی ئەزمونەكەمان و دوژمنانی گەلەكەمان، بەشێكن لەو ماكێنە ئیعلامیە زیندوە.

سێیەم: خاڵێك كە دەسەڵاتی هەرێم بەردەوام كاری لەسەر كردوە، ساوایەتی ئەزمونەكە بوە! ساڵانێكە ئەم ئەزمونە ساوایەو دەبێت جەماوەر پێش دەسەلات، دەستی پێوە بگرێت و بیپارێزێت و داواكاری زۆری لێ نەبێت و باری شانی قورس نەكات و بەو كەمەی پێێ ئەدرێت رازی بێت، چونكە گوایە ئەمە حكومەتی نیشتمانیمانەو دەبێت پارێزگاری لێ بكەین.

چوارەم: لە مەسەلەی بودجەو دوا قەیرانی ئابوری و دارایی كە بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی حكومەتی هەرێمەوە هاتە ئاراوە كە گوایە ئابوری سەربەخۆمان بۆ پێكدێنن، سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمیان توشی شۆكێكی گەورەكرد. هاوڵاتیان جا چ موچەخۆران و چ كاسبكاران، چاوەڕێی ئەوە بون باری گوزەران و ئاستی خزمەتگوزاری و قەبارەی پرۆژەكان بگەنە رێژەیەكی باڵا كە هاوشێوە بێت لەگەڵ قەبارەی داهاتی هەرێم. كەچی حكومەتی هەرێم، بە دروستكردنی شۆكێكی ئابوری لەناكاو، سەرجەم میلەتی توشی حەپەسان كرد كاتێك بڕیاریدا هەم پرۆژەكان رابگرێت و هەمیش موچە نەدات. دواتر و پاش ئەو لەرزینە قوڵەی توشی جەماوەر بو، حكومەت وردە وردە سیاسەتە فعلیەكانی پیادە كرد لە هێنانە خوارەوەی موچەی هاوڵاتیان بۆ نیوەو دواتر بۆ چارەك. لە ئێستاشدا خەڵكی توشی چاوەڕوانی ئەوە كردوە كە موچەكانیان لانی زۆر وەك جاران بێتەوە. واتە شوكرانە بێژ بن بەوەی موچەو ژیانیان وەك چەند ساڵی پێش قەیرانەكە بێتەوە!. ئەمەش سەركەوتنێكی گەورەی دەسەلاتدارانی هەرێمە بۆ دابەزاندنی ئاستی داخوازیە سیاسی و ئابوریەكانی جەماوەر و كورتكردنەوەی لە گەڕاندنەوەی موچە بۆ ساتەوەختی جارانی.

وەك باسم كرد، دەسەڵات لە كوردستاندا، بەهۆی لاوازی خەباتی جەماوەری و سستی لایەنە سیاسیە بەرهەڵستكارەكان و نەبونی بەدیلی هەمەلایەنە بۆ حوكمڕانی هەرێم، توانیویەتی كار لەسەر دروست كردنی بەردەوامی شۆك و قەیران بكات و بەهۆیەوە، هەم ئاڵۆزی كۆمەڵایەتی بەرهەم بهێنێت و هەمیش داخوازی راستەقینەی جەماوەربۆ ئاستێكی لاواز و كەم دابەزێنێت..

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام