رۆژنامەی “دەیلی تەلغراف”ی بەریتانی پێشبینی كرد، ئەمڕۆ پێنج شەممە هێرش بكرێتە سەر سوریا، بەوەش سەعاتی سفری هێرشەكە نزیكبووەتەوە.

رۆژنامەكە لەمیانی راپۆرتێك باسی لەجوڵەی ژێردەرییاییەكانی بەریتانیا بەئاراستەی كەناراوەكانی سوریا كردووە، ئەمە جگە لەئامادەكارییەكانی چەند رۆژی رابردووی سوپای ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر دیمەشق.

رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە، كە لەسەر فەرمانی تریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، ژێردەرییاییەكان بەرەو كەناراوەكانی سوریا چوون‌و چاوەڕێی فەرمانن بۆ ئەوەی دەست بەهێرش بۆ سەر سوریا بكەن.

هەروەها رایگەیاندووە، كۆتا فەرمان بۆ هێرشكردنە سەر سوریا لەلایەن بەریتانیاوە، پەیوەندی بەهەڵوێستی ئەمریكاو فەرەنساوە دەبێت‌و هەركاتێك ئەو دوو وڵاتە دەستیان بەهێرشكرد، بەریتانیاش هەماهەنگ دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیا هەڕەشەی ئەوە دەكەن، هێرش دەكەنە سەر سوریا، ئەوەش لەكاردانەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەشەڕەكان لەلایەن دەسەڵاتی دیمەشقەوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام