رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف-ی بەریتانی بڵاویكردەوە، پەرلەمانتارە هەڵۆكانی روسیا داوایەكیان ئاڕاستەی ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی روسیا كردووە، كە موشەكی ئەمەریكی بكرێتە ئامانج لەكاتی ئەنجامدانی گورزی سەربازی لە سوریا.

بەپێی هەواڵەكە وەزارەتی بەرگری روسیا راهێنانی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی موشەكی ئەمەریكی لە جۆری كرۆز كردووە.

پێشتر فەرماندەیەكی سەربازی روسیا راگەیاندبوو، هێزەكانیان ئامادەیە بۆ خستنەخوارەوەی هەر موشەكێكی جۆری تۆماهۆك –ی ئەمەریكی لەكاتی هێرشكردنە سەر سوریا.

لەلایەن خۆیەوە لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكان كە یەكێك لە هەڵۆكانی ئەمەریكا دەناسرێت رایگەیاندووە، “ئەگەر ترەمپ وەڵامی سەربازی لە سوریا نەداتەوە ئەوا گەورەترین هەڵە دەبێت لە قۆناغی سەرۆكایەتیەكەیدا”.

شیكەرەوانی سەربازی گومانیان هەیە كە سیستمی موشەكی S400 روسی بتوانێت موشەكی تۆماهۆك-ی ئەمەریكی بوەستێنێت، ئەوەش بەپێی رۆژنامەكە.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و فەڕەنسا ماوەی 72 كاتژمێریان دیاریكردووە بۆ هێرشكردنەسەر حكومەتی بەشار ئەسەد، ئەوەش دوای ئەوەی 8ی ئەم مانگە، هێرشی كیمیایی كرایە سەر دوما-ی غوتەی رۆژهەڵات، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 60 كەس كوژراون و هەزار كەسی دیكەش برینداربوون.

پێشتریش لە 6ی مانگی (نیسان/4)ی ساڵی 2017، ویلایەتە یەكگرتووەكانی‌ ئەمەریكا بە 59 موشەكی‌ تۆماهۆك، هێرشیكردە سەر سوریا، بەوتەی دۆناڵد ترەمپ لە تۆڵەی‌ هێرشە كیمیاییەكەی‌ شاری ئیدلیب بوو كە رۆژێك بەر لەو وادەیە كرایە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی.

موشەكەكانی ئەمەریكا لە كەشتییە دەریاییەكانی‌ هێزی‌ دەریایی‌ ئەمەریكاوە لە رۆژهەڵاتی‌ دەریای‌ ناوەڕاستەوە هەڵدارون.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام