بەداخەوە یەکێتى وپارتى ئەودووحیزبەى لەڕابردوو کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان هیوایەکى گەورەیان لەسەر هەڵچنیبوو لەژێر دەسەڵاتى حیزبى مافیایى خۆیان بوون بەپەندى زەمانە ، بەعس ئاسا ئەوەى حیزبى بەعس نەیانتوانى دژ بەمیللەت وخاک ونیشتمان بیکات ئەمان بەویست وخواستى هزرو عەقڵیەتى بۆگەن وناعەقڵانى خۆیان و نەوەکانیان تەواویانکرد ، توانیان شوناسى مرۆڤایەتى لەئادەمیزادى کورد بسەننەوە لەپێناو دزینى سامانى سەرئەرزو ژێرخاکى کوردستان ، زۆر بێشەرمانە ئێستا خاوەنى کۆمەڵێک ژەرەناڵى حیزبى شەلاتى وشەقوەشێن ، خۆیان ئاسا نەرمونیان بەرامبەر بەبێگانەو توندوتیژ بەرامبەر بەمیللەت .
لەدوو دیمەنى پێچەوانەى جیاوازى دژبەیەک ژەرەناڵە حیزبیە شەلاتى وشەقوەشێنانەکانى بارزانى وتاڵەبانى لەشانزەى ئۆکتۆبەرى دووهەزارو حەڤدە لەماوەى کەمتر لەبیست وچوارسەعات لەسەداپەنجاویەکى خاکى کوردستانیان دۆڕاند ، سەرەڕاى هەڵهاتن وخۆشاردنەوەیان لەژێرزەمینە پڕلەپارە دزراوەکانى میللەت نەیانهێشت هێزى پێشمەرگە بەئەرکى نیشتمانى پیرۆزى خۆى هەڵبستێت ، بەڵام لەبیست وپێنجى ئازارى دووهەزارو هەژدە لەبایکۆت وخۆپیشاندانەکەى مامۆستاو پزیشک وکارمەندانى تەندروستى لەشارى هەولێر سەبارەت بەپاشەکەوتکردنى زۆرەملێى فەرمانبەران ، ببورن دزینى موچەى فەرمانبەران شکۆى هەموومرۆڤى کوردیان شکاند کاتێک لەمامۆستایەکى خانەنشینى بەتەمەندیان دا .
لەلایەک بەرامبەر بەحەشدى شەعبى وسوپاى عیراق هەڵهاتن ولەسەداپەنجاویەکى خاکى کوردستانیان دۆڕاند لەلایەکى ترەوە موچەى فەرمانبەران دەدەزن بەناوى پاشەکەوتکردنى موچەوە سەربارى ئەمەش هێرش دەکەنەسەریان ولێیان دەدەن کاتیک داواى مافى ڕەواى خۆیان دەکەن ، بەداخەوە تەنانەت مامۆستایەکى سیڤیلى خانەنشینى بەتەمەن لێیان قوتار نەبوو .
ئەم ژەرەناڵە حیزبیە شەلاتى وشەقوەشێنانەى بارزانى وتاڵەبانی ئەوەندە ترسنۆکن تەنیاوتەنیا بەخەڵکى سیڤیلى کوردستان دەوێرن ، بەرامبەر بەدوژمنەکانى کورد هەڵدێن تەنانەت لەمۆبایلى کۆمەڵانى خەڵکیش دەترسێن بۆیە هەرچى مۆبایلى پێبووە لێیان سەندوە .
تاوانى ئەو مامۆستابەڕێزە تەنیا دونیابینیەکى جیاوازى مرۆڤ دۆستانەیە ، وەک ئیوەى دڕندە لەژیان و ژین و ژینگە ناڕوانێت ، جیهانبینى ئەو مامۆستایە چەمکى مرۆڤبوونە نەک لەناوبردنى ژیان و ژینى هاوڵاتى و دزى وتاڵانکردنى ژینگەو سامانى کوردستان ، ناکرێت ئایندەى ئەم نیشتمانەبخرێتە دەستى ئاغاى شەلاتى و شەقوەشێنەکان ، ئەو مامۆستایە زۆر لەئێوە و بازرگانە سیاسیەکان پیرۆزترە .
لێدانى مامۆستایەکى سیڤیلى خانەنشینى بەتەمەن نەک تەنیا شکۆی مرۆڤى کورد دەشکێنێ ، بەڵکو شکۆى مرۆڤایەتى لەهەموو کونجێکى ئەم دونیایە لەکەداردەکات ، ئەو مامۆستایە ئەندازیارى نانبڕینى خەڵک نەبووە وەک ئاغاكانتان ، سامانى وڵاتى نەدزیوە ، جاشى تورک وفارس وعەرەب ونێودةوڵةتى نەبووە ، کەرکوک وشنگالى نەفرۆشتووە تالێى بدەن ، ئەو مامۆستایە تەنیا داواى مافى خۆى کردووە ، داواى گەڕانەوەى مووچە دزراوەکانى کردووە ، بەداخەوە کاتێک لەمامۆستایەکى وڵاتەکەم دەدرێ هیچ مانایەک بۆ ژیان و ژینى هاوڵاتى و ژینگەى نیشتمانەکەم نامێنێ .
بەختیار زێوەر ڕۆڵى مامۆستاى لەکۆمەڵگادا پیرۆز و بەرز نرخاندووە لەچلەکانى سەدەى ڕابردوو بالورەیەکى جوانى بۆ مامۆستا وتووە ” لەبیرمە وەک شتى مەعلوم منداڵ بوم عاشقى تۆ بوم کەماموستام لەڕیز داینام ووتى ئەی خام بنوسە جوان فیدات بم خاکى کوردستان ”
سیاسەت مەدارێکى وەک کاک نەوشیروان مستەفا لەدیدارێکى تەلەفزیۆنیدا ووتى بەڵێ ئێمە هەموومان قەرزارى مامۆستاین کەفێرى عەشقى کوردستانیان کردووین ، یەکەم وانە کەمنداڵ وەرى دەگرێت لەسەرى دەستى مامۆستایە بۆیە ئەبێ پلەى مامۆستا لەناو کۆمەڵدا هەمیشە بەرز وپیرۆز بێت .
ئەحمەد شەوقى ئەمیرى شوعەراى عەرەب کەبەڕەگەزکوردە دەڵیت” قم للمعلم وفِهِ التبجیلا *** کاد المعلم أن یکون رسولا ” ئەم شاعیرە گەورەیە پێگەى مامۆستاى گەیاندۆتە پێگەى پیغەمبەران چونکە داهاتووى نەوەیەک لەسەر شانی مامۆستایە لەبەرئەوەى هەڵگرى نامەى زانست وڕەشەوشتن لەکۆمەڵگادا  .
جێى داخ وپێکەنینە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان نێچیر بارزانى لەبرى بەرزنرخاندنى ڕۆڵى مامۆستا وەک کاک نەوشیروان وبەختیار زێوەرو ئەحمەد شەوقى و سەدەهاهەزار بیرمەند و سیاسى و مرۆڤى دڵسۆزى نەتەوەکەم لەپاساوى سوکایەتیکردن ولێدانى کۆمەڵانى خەڵک دەڵێ ” خۆپیشاندەران بەچەقۆر دەمانجە دێنە سەر شەقام ، ئێمەش وەک ئەوان تەسەروف دەکەین ” .
لەچ کونجێکى ئەم دنیایە مامۆستا هەڵگرى نامەى زانست وڕەوشت بەچەقۆو دەمانجە خەڵک فێردەکات ، لەچ کونجێکى ئەم دنیایە پزیشک وکارمەند بەچەقۆو دەمانجە خەڵک چارەسەر دەکات .
ئەتوانم هەر ئەوەندە بڵیم کاکى سەرۆکى حکومەت تۆ بەرزترین دەسەڵاتى ئەم هەرێمەیت تائیستا نازانیت داهاتى ئەم هەرێمە چەندە ، وەزیرەکانت هەرجارەو داتایەکى تازەى جیاوازتر لەپێشووت پێدەدەن تۆیانکردووە بەپەندى زەمانە ، چەکێکت بەدەستەوەیە ناوى یاسایە یاسا نەک شەق وتێهەڵدان .
ئەکرێت بەیاسا لێپرسینەوە لەوەزیرەکانى خۆت بکەیت ، ئەو وەزیرانەى تۆیان خستۆتە ئەم قەیرانانەوە ، کەچى  لەبرى ئەوان لەجیاتى لێپرسینەوە بەزمانى یاسا بەشەق وتیهەڵدان کەوتوویتە گیانى پزیشک و کارمەند و مامۆستاى نەتەوەکەم ، شەق وتێهەڵدان هەر شەق وتێهەڵدانە کوردى بێت یان عەرەبى یان تورکى یان فارسى ، بەشەق وتێهەڵدان دەوڵەت دروست ناکرێت تا بەرگریکردن لەئایندەى نەتەوەو نیشتمانێک بەشەق وتێهەڵدان بێت .
ئەگەر دەسەڵاتێک شەق و تێهەڵدان لە ژەرەناڵە حیزبیە شەلاتى وشەقوەشێنەکانى بارزانى وتاڵەبانی قبوڵبکات ، دەبێ لەداهاتوودا کورسیەکەى چۆڵبکات بەپێچەوانەى عەقڵیەتى ئێوەى دەسەڵاتدارى حیزبى بەشەق و تێهەڵدان نا، بەڵکو بەیاسا بەشێوەیەکى دیموکراسى بەسندوقى دەنگدان .
زۆر بەداخەوە یەک بەرپرسمان نەدى نەلەحکومەت نەلەهەردوو حیزبى دەسەڵاتدار هەست بەبەرپرسیارێتى مێژوویى و نەتەوەیى وئەخلاقى خۆى بکات ودەست لەکار بکێشێتەوە ، هەموویان کۆپى یەکترن ئەوەندە بێ ڕوون وبێ شەرمن تائەم ساتە خۆیان بەخاوەن ماف دەزانن .
ئیستا تۆپەکە لەگۆرەپانى داواکارى گشتیدایە ئەگەر یاسا لەکوردستاندا سەروەر بێت یاخود بوونى هەبێت ، بەڵام داخى گرانم داواکارى گشتى نەهاتەدەنگ تا ئەو ژەرەناڵە حیزبیە شەلاتى وشەقوەشێنانەى بارزانى وتاڵەبانی بداتە دادگا .
دوا ڕستەم بۆ بەرپرسەکانى هەرێم ببورن بەرپرسەبازرگانەکانى هەرێم دادپەروەرێک هەیە سەروهەمووان ، سەرو خودى بارزانى گەورەو تالەبانى گەورە ، زۆر زۆر لەهەردوکیان باڵادەست وپیرۆزتر ،  هەریەک لەئێمەى مرۆڤ  بەئایدۆلۆجیاو بیروبۆچوونى جیاوازى خۆمان لێى دەڕاوانین وناوى دەبەین ، ئەو دادپەروەرە تیکشکێنەرى دەسەڵاتى سیاسى وئابورى وکۆمەڵایەتى گشت دیکتاتۆرومافیاکانە ، بەڵام بەدەستى کۆمەڵانى خەڵک .


تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام