نەئەستێرە کەریمم دیوە،نەدەیناسم، نەبەخزمەتى گەیشتووم، نەکاریشم پێ یەتى ..بەڵام کاتێک نووسین و ڤیدیۆ لایفەکانم بینى، هەڵوەستەم کرد و زانیم ئەو ژنە کەسێکى سادە و ئاسایى نى یە، ئەگەرنا چۆن لەناو ئەو کۆمەڵگە پڕ لەگورگ و پیاو سالارى و عەشایەر و داکەوتوى یەدا، بەبێ هاوەڵ و هاوکار و پشت و پەنا،خۆى لەقەرەى کار و شتگەلێکى وا ئەدات؟!. چۆتە ژێر بارى ئەرکێکى  قورس و ئەستەم .. ئەیەوێت هەموو هاوکێشەو و بۆچوونەکان سەرەو ژیر بکات، هەموو ئەو دید و بۆچوونانەى کە لە سەر ژنان دەوترێن (ژن حورمەیە، زەعیفەیە،ناقیس عەقڵە، عەورەیە، بەسەزمانە، ناموسى بنەماڵەیە، پلە دووە…)
ئەستێرە نەچەکى پێ یە و نەخاوەن عەشیرەت و بنەماڵەیە، هەموو ئایە و سەرمایە قورس و گرانەکانى، تەنها وتەنها خامە وڤیدیۆ لایڤەکانیەتى، بەو چەکە سادە وساکارانە، گەورەترین شەڕ لەدژى سیستەمى عەشایر و پیاو سالارى و دەسەڵاتى گەندەڵى هەرێم پەرپاکردووە، ئەستێرە کەسێکى سادە و خاکى یە ،نەفەلسەفە لێدەدات،نەخۆى هەڵدەکێشێت، نە لە کوردستانیشە تابڵێین هات و هاوارى بۆخاترى ئەوەیە  پلە وپۆستى پێبدەن .بیکەن بەوەزیر یان پەرلەمانتار یان سەرکردایەتى حزبێک. ئەو بوێرانە  لەهەوڵى ئەوەدایە کە رێز و حورمەت و بەها و ماف، بۆ خوشک و دایک و کچان و مێینەکانمان بگەڕێنێتەوە، ئەو دەخوازێت چیتر سوکایەتى و بێ رێزى  بەرەگەزى مێینە و تەواوى مرۆڤەکان  نەکرێت. ئەو ئەیەوێت شەرەف و ناموس تەنها لەناوگەڵدا پەنگ نەخوات. ئەو ئەیەوێت شەڕواڵ لەپێ و عەقڵ دۆگماکان لەسەر خۆشەویستى ونیگایەک کچان تیرۆر نەکەن.
ئەو کارەى ئەستێرە دەیکات و خۆى بۆماندوو دەکات، ئەرک وکارێکە زۆر لەتواناو تاقەتى خۆى گەورەترە.کە لە کۆمەڵگەیەکى دواکەوتوو خێڵەکیدا لەبەرامبەر لەشکرێکى بێ شومار لەناحاڵى ودواکەوتو ونەفام وەستاوە و، بە پێچەوانەى تەوژمى دەریا مەلە دەکات، ئەو بوێریەى کە ئەستێرە دەیکات، بڕواناکەم هیچ رێکخراوێکى ژنان جورئەت و زاتى ئەوە بکەن کە خۆیان لەپرسگەلێکى وەهاهەستیار و ئاڵۆز و پڕ لە دەردى سەر بدەن. تەنانەت ناوێرن و پێیان شەرمە بەدروشم قسە و وتە باق وبریقەکانیشیان ئەو هەموو نەهامەتى و سووکایەتى و بێ رێزییەى بەرامبەر بە مرۆڤەکان  بەگشتى و ژنان بەتایبەتى دەکرێت، بیهێننە سەر زمان.
ئەستێرە هاوار و ناڵەو گریەى بۆ ئێمەیە بۆ کۆمەڵگە خێڵەکیەکەمانە،ئەو مینبەر و بڵندگۆیە بۆگەیاندنى  ئاه و ناڵە و حەسرەت  و فرمێسک و جێگەى تێهەڵدان و ئەتکردنى خوشک ودایک، و مێینەکانى وڵاتمان.
ئەستێرە ئەخوازێت کەچیدى سمێل بابڕ وبەناو پیاوەکان  هێزى بازو  و عەورەتیان نەکەن بە چەک و کاڵا بۆ سەر شۆڕکردنى ژنان. ئەو دەڵێت ( ژن ژیانە، سوکایەتى و بێ حورمەتى بەژن، سوکایەتى یە بە ژیان و مرۆڤایەتى) ئەو هاوار دەکات و دەڵێت بەسیە هۆڤیەتى، بەسیە بێ رێزى بەسیە بێ حورمەتى بەرامبەر بەژنان.
تکام وایە، بۆ تۆى پیاو، بۆتۆى  نێرینە، کە هێرش و پەلامار و دەستەواژەى سووک وبێ مانا و ئاست نزم لەبەرامبەر نووسین و ڤیدیۆکانى  ئەو خانمە بەکار نەهێنیت. چیدى بە قسەى سووک  و نزم دژایەتى نەکەیت.، پێش ئەوەى بڕیار بدەیت  کە تۆمەتى بۆ هەڵبەستیت، پێش ئەوەى کە بتەوێت جنێوى سووک و بازاڕیانەى پێ بڵیێت، تکایە ،تکایە ..بەوردى لەو نووسین و لایڤانەى کە بڵاوى دەکاتەوە  تێبگەن (ئەگەر هەر لێى حاڵى نەبوویت، دووجار گوێبیستى بە، ئەگەر هەر تەقەى سەرت هات  و لێى حاڵى نەبوویت، بەکەسێک بڵى بۆت شى بکاتەوە و ناوەرۆکەکەیت پێ بڵێت) ئەوجا بڕیارى خۆت بدە لەسەرى  و، بەراوردى ژیانى کۆمەڵگە و قسەکانى بکە گەر هەر ناڕاستى و خوارى و درۆ وشتێکى دوور لەواقیعى ئیمڕۆى کۆمەڵگاى کوردى تیابوو. پێش ئەوەى یەک وشە بەو بڵێیت تەواوى جنێوى سووک و قسە بازاڕییەکانت ئاراستەى من بکە، کە پشتگیرى لێدەکەم.
بەڕێزەکەم  ئێوە چۆن لاتان ئاساییە کە پیاون ،کە نێرینەن  و کە هەڵگرى هەر ئاین و ئایدۆلۆجیایەکن،  ئەویش رەگەزى بەرامبەرەو هەمان ئەو ماف و ئازادى یەى هەیە. بۆیە لەژێر ناو و پەردەى ئاین و چى و چیدا تۆمەت مەدە پاڵى، ئەو ئەستێرەیە و هاوڕێى مانگە، حەپینى ….. یش  بەمانگە شەو مەعلومە ئاکامەکەى چى یە؟؟!

ئاکۆ برایم

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام