
پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان لەپهرلهمانی عێراق ئاشكرایكرد، “حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقو حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێككهوتون، كه ههرێم بەردەوام بێت لەجێبەجێكردنی سیاسەتی پاشەكەوتی ئیجباری لەسەر موچەی فەرمانبەران”.
هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەپهرلهمانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “عەبادی بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەشدارە لەجێبەجێكردنی ئەو سیاسەتە زۆرەملێیو نامرۆڤانەیەی كە دەرحەق بە هاوڵاتیانی هەرێم جێبەجێدەكرێت كە ئەویش خۆی لە پێنەدانی موچەی تەواو بەفەرمانبەران و جێبەجێكردنی سیاسەتی پاشەكەوتی زۆرە ملێی دەبینێتەوە، كە هاوشێوەی هەنگاوی لەمجۆرەش تەنها لەچەند وڵاتێكی كەمدا روویداوە ئەویش لەكاتەكانی شەڕو كارەساتە گەورەكانداو تا سەر جێبەجێ نەكراوە”.
بهوتهی هۆشیار عهبدوڵا، “بەشداریكردنەكەی عەبادیش لەو پرۆسەیەدا لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كەوا رێككەوتنێكی نهێنی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا كردووە بۆ پێدانی بەشە بودجەی هەرێم بەو حكومەتە بەچاوپۆشین لەچارەنوسی داهاتە نەوتی و داهاتە نا نەوتییەكانی هەرێم كە لەژێر دەسەڵاتیدایەو رێگەدان بە گرووپی دەسەڵاتداری هەرێم بۆ ئەوەی بەئارەزووی خۆیان بەكاری بهێنن”.
ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی ڕاشیگهیاند، “ئێمە پێشوتر چەندین جار بە راستەوخۆوە بێت یاخود ناڕاستەوخۆ، یاخود لەرێگای داتاو ئامارەكانەوە، هۆشداریمان داوەتە عەبادی لەمامەڵەكردنی راستەوخۆی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش لەمەسەلەی سەرفكردنی موچەی فەرمانبەران، و چەندین جێگرەوەمان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی رێك وپێك زەمانەتی دابەشكردنی ئەو موچەیە بكرێت، تەنانەت لەبودجەی ساڵی 2016 ئێمە وەك لیستی گۆڕان داوامانكرد حكومەتی عێراق مامەڵەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاكان یاخود وەزارەتەكان یاخود بەڕێوەبەرابەتیەكان بكات، بەڵام بەداخەوە عەبادی پیچەوانەی هەموو ئەو بەڵێنانەی كەلەرابوردوودا سەبارەت بە مامەڵەكردنی لەگەڵ حكومەتی هەرێم دابووی، رێككەوتننامەیەكی جیاواز و گوماناوی ئیمزاكردووە، ئەمەجگە لەوەی ئەو سوێندە دەستوورییەی پێشێلكردووە كە خواردوویەتی، چونكە ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بەسەلامەتی گەل، بەوپێیەی گەلی هەرێمیش بەشێگە لەگەلانی عێراق”.
هۆشیار عەبدوڵا باسی لهوهشكردوه، “ئەگەر عەبادی هەموو ئەم قسانە رەتدەكاتەوە، بابفەرموێت و دەسەڵاتە دەستورییەكانی خۆی بەكاربهێنێت و رێگا لەحكومەتی هەرێم بگرێت لەبەردەوامبوون لەجێبەجێكردنی سیاسەتی پاشەكەوتی زۆرە ملێی، هەربۆ زانیاریش ئەو بەشە پارەیەی كە لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە نێردراوە لەگەڵ داهاتیی ناوخۆیی دەبێت بەشی دابەشكردنی موچە بكات بەشێوەیەكی رێكوپێك، بەڵام چونكە ئەو دوو لایەنە لەسەر حسابی خەڵكی رێككەوتون، ئەوا حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەجێبەجێكردنی سیاسەتی ستەمكارانە”.