١٩٨٩ کاتێک حەوت ساڵان بووم لە دوای ئەوەی قینائێکی زۆرم بەدەم و چاوەوە بوو بەو مناڵیە بۆ خۆپاراستن لە ترسی کیمیاوی، لە دوای ئەوەی ئاوارەی ئۆردوگاکانی ئێران بووین و برسێتی و سەرماو لەرزم بینی ھیچ تێنەئەگەیشتم بەس ئەمزانی من خەوێکم ھەیەو ئەبێت بیھێنمە دی. لە ڕۆژێکی پڕ ھەتاوی ساڵی ١٩٩٢ زۆرم ھەوڵدا تیلفزیۆنەکە بشکێنم ھەتا خەوەکەم بێنمە دی و وێنەکانم ببینم لە ناو شاشەی تیلفزیۆنەکەمان. بابە کەریم ھاتەوە ماڵەوە زۆر توڕە بوو کاتێک بینی من خەریکی کارێکی ھەڵەم و زەرەر ئەدەم، بەڵام دوایی تێگەیشت لێم و پەیمانی دا بمبات بۆ ئەو کەناڵەی سەیرمان ئەکرد و ھەبوو حازر بەدەست. کاتێک چووینە لای کمال ڕەئوف ھەنجیرەیی بەرپرسی ئەوکاتەی کەناڵە تیلفزیۆنەکە بوو، بە ڕێزێکی زۆرەوە پێشوازی لێمان کرد. ئیتر من کەوتمە ناو دنیای ڕاگەیاندن و سەرقاڵی پراکتیزێرە کردنی کارەکەی خۆم بووم و ھەموو تاقەت و خولیایەکم ئەوە بوو دوای حەزو ئاواتەکانی خۆم بکەوم.

ووردە ووردە ناسرام و خەڵکی خۆشیان ویستم و لە ھەر کوچەو کۆڵانێک کەسێک ئێمەی ببینیایە ئەوا گەورەو بچووک ماچیان ئەکردین و خەڵکی پاک و ھەژار و دڵسۆزبوون و خەڵک سادەو ساکار بوون ئەو کاتە. وێنەگرتنی یەکترو دەنگ تۆمارکردن و ئابڕوو بردن و قسەو قسەڵۆک زۆر کەم بوون.

بەردەوام بووم لە کارەکەم ھەتا ساڵی ١٩٩٦ بەبێ وەستان و لە ھەمان کاتیشدا دەمخوێندو قوتابیش بووم. لە قۆناغی دووی ناوەندی بووم بە بێ ھۆکار من فەسڵ کرام بە دەستی سۆزانی خاڵە شەھاب لە قوتابخانەی یەکێتی کچان لە زەرگەتەی شاری سلێمانی. کاتێک دەرکرام و بە گریان و ھەڵەداوان ھاتمەوە بۆ ماڵەوە و بینیم دایکم زۆر شڵەژاوەو خۆی کۆئەکاتەوە.

-دایکە خێرە؟ بابە کەریم کوا؟

-باوکت گیراوە و ئێمەش ئەبێت ڕاکەین بۆ ھەولێر.

-ھەولێر کوێیە؟ بۆ ڕاکەین چی بووە؟ منیش فەسڵ كرام نازانم بۆ!

-کاتی ئەوە نیە و دەم بامەیە!!!

منیش بێدەنگ بووم و ھیچ تێنەدەگەیشتم و گوێم لە ھات و ھاواری خەڵک و دەرودراوسێ بوو لە دەرەوە، کاتێک ئەچم ئەبینم گوێدرێژێکیان ھێناوە و ئاڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە بە کلکەکەیەوە و جامانەیەکی سوریش وا لەسەر سەری. منیش ووتم دایکە ئەوە کاک مەسعودیان بۆ وا لێ کردووە؟ ئەی خەڵک خۆشیان ناوێت؟ لەوکاتەدا گوێم لە ئادل ئەزیز بوو ئەیشیڕاند و ھاواری ئەکرد ئەی چاو پشیلەکەی پارتی بۆ دەرەوە ھەی زەرڕدەواڵەکەی پارتی شار چۆڵ کە و بۆ دەرەوە، چیتر بەرنامەی زەرڕدەواڵەکان لە شاری سلێمانی جێی نابێتەوە.

  • دایکە ئەوە لەگەڵ منێتی؟؟
  • بەڵێ چونکە شەڕە لە نێوانی یەکێتی و پارتی.
  • چۆن؟ شەڕ لەسەرچی؟ خۆ ئەوان دوژمن نین مەگەر کوردی ئێرە نین؟ دە چی بووە دایکە؟
  • کچم ئەمە شەڕی ناوخۆ و ماڵوێرانکاری کوردە و وا کورد یەکتری قڕ ئەکات.
  • دایکە کارتی دوکان چیە مام جەلال ( قەل خۆرەکە دزیوێتی) ؟
  • دەمت داخە تۆ!

ئیتر ڕوومان کردە ھەولێرو بۆ ھەتا ھەتایە نەم بینیەوە تیایدا بژیم. سلێمانی بۆ من نامۆیەو منیش نامۆم بەوان. من ھەموو دراوسێ و ھاوڕێکانم لێ بوونە دوژمن، من خزمەکانم بەش بەش بوون و کوتلەو کوتلەکاری دروست بوو لە نێوان بنەماڵەکەشمان. ھێشتا من ھیچ تێنەئەگەیشتم چونکە من سەرقاڵی خوێندن و بەرنامەی مناڵان ھیوایەتەکەم بووم. لە باشور کوردەکان لە سلێمانی پێیان ئەوتین ئێوە کۆیلەی پارتین بڕۆنە دەرەوە و لە ھەولێریش ناومان نرابوو ئاوارەکانی سلێمانی!!!

لە پاش ئەوەی ساڵی ١٩٩٧ لە سوریا ژیاین بۆ ئەوەی کوردستان جێ بێڵێن بەڵام ڕێک نەکەوت و گەڕاینەوە شاری مارە بابی بان شاری ھەولێر و دەستمان کردەوە بە ژیان و خوێندن وەک جاران. بەڵام ھیچ ھەستم بە ئارامی نەئەکرد چونکە من بە ئاوارە بانگ ئەکرام.. ھەر پرسیاری ماڵی ئێمەی بکردایە دەیان ووت ماڵە ئاوارەکەی دوو کچە جوانەکەیان ھەیە؟! کەس نەیدەپرسی ئاوارە بۆ خۆ ئەمانیش کوردن و دووکاتژمێر دوورە ڕێگاکە. ھێواش ھێواش لەگەڵ شاری ھەولێر ئاشنایەتیام پەیدا کرد و خۆشم ویستن و سوپاسگوزاری ھەولێرم ھەتا دوا ھەناسەم، چونکە ئێمەیان گرتە خۆیان و ئێمەیان قبوڵ کرد. من ھەر لەم شەڕە سەرم دەرنەدەکرد چەنە وەختە بران ئەی ئێستا بۆ ئاوا ئەکەن؟ کەسیش وەڵامی نەدەدامەوە. شەڕیش ھەر بەردەوامە بەس بە ڕق و کینە ڕاگەیاندن و سووکایەتی بە یەکتر کردن و کەشف کردنی اسراری یەکتری و ھەر تێنەئەگەیشتم بۆ و لە پای چی؟!

کاتێک نەوشیروان موستەفا جیابۆوە و گۆڕانی دروست کرد، من وامئەزانی خیانەتی کردووە وامئەزانی سپڵەیەو وەفای بۆ یەکێتی نەبووە. کاتێک خۆم تێگەیشتم زانیم تۆش ناتەوێت لەوان بیت ، تۆ چیتر کۆیلە نەمایت و کەسێکی تێگەیشتوو بوویت و ھەستایت لە خەو، ئەمڕۆ ئەزانم نەوشیروان موستەفا چی ووت و چی کرد ھەرچەندە نەگەیشتە ئەنجام و داخەکەم زۆر نھێنی بەرپرس و سەرکردەکانی بردە گۆڕەکە. ئێستا کە تێگەیشتم لە ڕاستیەکان بۆم دەرکەوت ئەگەر جلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی و نەوشیروان موستەفا و تەواوی کاربەدەست و بەرپرسەکان بدرێنە دادگا و یەکلایی بکرێنەوە، ھەموویان بەسزای لە سێدارەدران یان زیندانی ھەتا ھەتاییان بەسەرا ئەسەپێت، جگە لە نەوشیروان موستەفا کە لەوانەیە ساڵێک زیندانی بکەن!

نەوشیروان موستەفا یەکێتی بوو منیش پارتی بەڵام نەوشیروان موستەفا زووتر لەم ڕاستیانە تێگەیشت چونکە من مناڵتر بووم. بەڵام ئەو نەفرەتی لە گەندەڵی کرد نەفرەتی لە حوکمڕانی بنەماڵەیی کرد نەفرەتی لە پیرۆزکردنی گۆڕی مەلا موستەفا کرد پێشی من.. ئەویش منی ئاگادار کردەوە و ووتی تۆ ھەڵەیت بەس من پێم ووت نا تۆ ژنت بە تەور کوشت ، ووتم نا نا تۆ دەستت ھەبوو لە شەڕی براکوژی. بەڵام ئێستا کە خۆم گەورە بووم و تێگەیشتم تەواو لەو حیزبەی ناوی دیموکراتەو باوەڕی بە دیموکراتیەت نیە. ھەروەک چۆن ئەویش لەوان تێگەیشت بوو. ھیچ شەرم نیە واز لە حیزبێک و لایەنێک بێنێت لەسەر ئەوەی ئایدۆلۆژیای تۆ ناگونجێت لەگەڵ ئەوان. شەرم ئەوەیە سوور بزانیت کۆیلەیت و بەس بێدەنگیت!

نەوشیروان موستەفا تۆ لێرە نیت و ناشگەڕێیتەوە بەڵام ئەمەوێت بڵێم بە ھەموو ھەڵەکانتەوە و بە کارە ناشرینەکانی ڕابردووەوە ھێشتا ئەڵێم تۆ زۆۆۆۆۆر پاکیت زۆر مەردیت. چونکە تۆ ھەمان کەس نەمایتەوە و شەرم لە ڕابردووی خۆت کرد، تۆ نەتدەویست ڕابردوو ھەڵدرێتەوە چونکە بۆگەنە. تۆش بوویتە قوربانی و فکرەی جەلالیەتت قبوڵ نەبوو ناویان نایت خائین و ووتیان خیانەتیکرد. بەس تۆ تاکە کەسی ڕاست بوویت و ئێمە ھەموو ھەڵە.

ئەگەر کیمیاوی ھەڵەبجەو کۆڕەوەکەو شەڕی ناوخۆ دەستی تۆی تیابووبێت. خۆ فرۆشتنی کەرکوک و شنگال و دووزخورماتوو تۆ نەبوویت. خۆ تۆ شەڕی کۆبانێت دروست نەکرد. خۆ تۆ تورک نەبوویت و بە ئەفرین خۆشحاڵ بیت. ئەگەر تۆش گەندەڵ و دز بوویتایە ئەگەر تۆش وەک ئەوان بووبیت. بەس ڕۆژێک ھەستایتە سەرپێی خۆت و ڕووبەڕووی ھەردوو بنەماڵەکە بوویتەوە و ووتت ئێوە دزن ئێوە گەندەڵن ئێوە ئەشایری و رەجئی و دواکەوتوون ئێوە نەخوێنەوارن. تۆ ووتت نا بۆ شەڕی برا کوژی نا بۆ ڕقەبەرایەتی و کۆمەڵێک گەنجی زیرەک و تێگەیشتوو ھاتنە دەورت و لەگەڵت بوون.

ھەزاران مناڵی وەک من سەرلێشێواو ڕەنجەڕۆ کرا و مێشکی پڕکرا لە ڕقی دوو بنەماڵەی نەخوێنەواری دواکەوتووی دزو جەردەو چەتە. چاومان وا فێرکراوە قەت ڕاستی نەبینێت گوێیەکانمان ڕاستی قبوڵ نەبێت. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قسەکانت دێنەدی و مێشکی تۆ ئێستای دی بوو لە دێرزەمانەوە ئەتزانی کێن و چیان ئەوێت.

من گۆڕانی گردەکە نیم و ناشبم قەت، بەس ئەوەی ھەوڵی گۆڕانکاری بدات گۆڕانە و ئەوەی دژی دەسەڵات و حکومەت بێت ئۆپۆسزیۆنە. نوسینی ئەم نامەیەم بوونی من بە گۆڕان نیەو ھەرگیز حیزبایەتی ناکەم بەس ھێندە شوێنت دیارە لەناو بارودۆخی سیاسی ھێندە وەزئەکە ناخۆشە، ئێستا ئەزانم بوونی تۆ چەنە گرنگ بوو بۆ ئێمە و بۆ لغاوکردنی ئەوان. پێم خۆشە لێرەنیت و بەچاوی خۆت نایبینیت کوردستان جارێکی تر ئەرەب دەیبات بەڕێوە. پێم خۆشە لێرە نیت و ئەفرین نابیبینیت قەتل و ئامی ژن و مناڵ و گەنج و پیر ئەکرێت.

دڵنیام ئەگەر ئێستا لێرە بوویتایە پێمان بووتیتایە بڕۆ بەردەمی دادگا یان خۆزگە دادگایی بکرایتایە، دەتکرد و  بە پاکیش ئەھاتیتە دەرەوەی دادگاکەو ئەو کاتە ھەموو کورد ئەیانزانی تۆ ھەر ھیچت نەکردووە لە چاوی ئەوان. ئەو کاتە کەسیش گلەیی نەئەکرد. تۆ چۆن ڕەخنەت لە پارتی و یەکێتی گرت، منیش مافی خۆمە کە ئەوەی بمەوێت بیڵێم یان بینوسم ھەر بۆیەش ڕەخنەم لێت گرت.

ئەگەر ئێستا تۆ زیندووبیتەوە دڵنیام ڕایان دەماڵی و شڕوشیتاڵیان دەردەکەیت. بەس نە تۆ زیندوودەبیتەوە نە کارەساتەکان چاک دەبنەوە نە ئەوەی ڕۆشتیش دەگەڕێتەوە. دڵنیام پێشی پارتی و یەکێتی ڕاماڵیت، زۆۆۆرێکی گۆڕانخوازەکانت دەردەکرد لە کارەکەی، دڵنیام قبوڵت نەدەکرد ئەوەی لە گردەکە ڕوویداوە. دڵنیام تۆیەک دژی کۆیلایەتی و بێدەنگ بوون بوویت دڵنیام قبوڵت نەدەکرد.

من گۆڕانم ئۆپۆسزیۆنم بەس دوورو نزیک ئەو گۆڕانە نیم کە ئێستا لە گردەکەن!

ئەزانیت چەنە ھەواڵت لەدەست ڕۆشتووە؟؟ کاتت زۆر ئەوێت تا ھەمووی ببینیت و بخوێنیتەوە. بەڵام ئەوەی کە ئەیزانم ئەوەیە، ھیچ ڕووداوێکی ئێستا بۆ تۆ سەیرنەدەبوو چونکە پێش وەختە زۆر ھاواری ئەم وەزئەت کردووە بۆیە من بێدەنگ دەبم و بۆت ناگێڕمەوە. بەڵام خۆزگە زیندووبیتەوە چونکە ئەزانم یەک لەوانەی ئێستات لە ناو گۆڕان نەدەھێشت و ھەموویانت فڕێدەداتە دەرەوە. گردەکەو کەناڵەکەو کۆمپیانیاکەو حیزبەکە و گۆڕانخوازەکان ھیچ شتێک وەک خۆی نەماوەو ھیچ دڵسۆزێکت نەماوە و  ھەموو پشتیان چەماوەتەوە وەک گۆچانەکەی ئومەری سەید ئەلیان لێھاتووەو پارەو موڵک و دەسەڵات گردەکەی بیربردوونەتەوە. خۆزگە لێرە بوویتایە……!

سەرەڕای ھەموو ڕەخنەکانم لە تۆ،

ھەست بە فەراغی تۆ ئەکەم لە باشور!

ئەستێرە کەریم

١٨٠٣٢٠١٨

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام