به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی سوپای توركیا له‌شاری عه‌فرین، هه‌زاران هاوڵاتی شاره‌كه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی سوریا شاره‌كه‌یان جێهێشت.

كه‌ناڵی سكای نیوزی عه‌ره‌بی بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆی پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای توركیا بۆ نێو شاری عه‌فرین، هاوڵاتیانی شاری عه‌فرین له‌ترسی كۆمه‌ڵكوژی له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌، شاره‌كه‌یان به‌ره‌و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی سوریا جێهێشتووه‌.

پێشتر میدیاكانی نزیك له‌یه‌په‌گه‌ بڵاویانكرده‌وه‌، كه‌ سوپای توركیا له‌شاری عه‌فرین نزیكبووه‌ته‌وه‌، ترسی خۆیشیان له‌ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن ئه‌و سوپایه‌وه‌ ئاشكراكرد.

ئه‌مڕۆ بروسك حەسه‌كە وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە لەعه‌فرین ڕایگەیاند، مەترسی لەسەر عه‌فرین ڕووی لەزیادبوون كردووە، “گرنگە ڕاپەرین بكرێت و بڕژێنە سەر شەقامەكان‌و بەردەوام بن لە چالاكی، بە تایبەت دەبێت گەنجانی كورد ژیان لە دوژمن بكەنە دۆزەخ”.

بروسك حەسەكە بۆ ئاژانسی فورات راشیگەیاند “دەوڵەتی توركیا لەگەڵ ٥٠ هەزار چەتە و هێزە تایبەتەكانیدا و بە پێشكەوتووترین تەكنەلۆژیای سەربازی و فڕۆكەی جەنگیی ئێف ١٦ شەڕ لە دژی عەفرین دەكات، كە ماوەی ٥٢ ڕۆژە هێرش دەكەنە سەر عه‌فرین‌و یەپەگە و یەپەژە ماوەی ٧ ساڵە لەتێكۆشاندان لەسەر بنەمای خۆپاراستن”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام