به‌رپرسێكی باڵای ڕوسیا نامه‌یه‌كی ڤلادیمێر پۆتن-ی سه‌رۆكی ڕوسیا ده‌گه‌یه‌نێته‌ دیمه‌شق، كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بۆ كورد گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌.

دوو ڕۆژ به‌ر له‌ئێستا ڤالێری گیراسیمۆڤ سوپا سالاری ڕوسیا نامه‌یه‌كی ڤلادیمێر پۆتن-ی سه‌رۆكی ڕوسیای گه‌یانده‌ دیمه‌شق، كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ خستنه‌ڕووی ڕێككه‌وتنه‌ سێقۆڵییه‌كه‌ی ڕوسیا، توركیا‌و ئێران له‌باره‌ی بڵاوه‌پێكردنی سوپای سوریا له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ژێر ده‌ستی ئۆپۆزسیۆن، له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ستبه‌رداربوونی سوریا له‌عه‌فرین‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ژماره‌ی ئه‌مڕۆی ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت.

ڕوسیا ڕێككه‌وتنه‌ سێقۆڵییه‌كه‌ی ناوناوه‌ “نه‌خشه‌ڕێگه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان” كه‌ له‌ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ هاتووه‌، “سوپای سوریا ده‌چێته‌ نێو ده‌ خاڵ له‌ناوچه‌كانی ئه‌عزاز‌و ته‌ل ڕه‌فعه‌ت، نه‌بل‌و زه‌هرا تا نزیك عه‌فرین، به‌ڵام له‌عه‌فریندا ده‌وه‌ستێت‌و ئه‌و ناوچانه‌ بۆ توركیا جێده‌هێڵێت، هاوكات له‌به‌رامبه‌ردا ڕێگه‌ به‌دانانی 12 بۆ 13 خاڵی چاودێری توركیا له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌دلب‌و حه‌مما‌و حه‌له‌ب ده‌درێت”.

له‌درێژه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا ئه‌وه‌ ئاشكرابووه‌، ڕێگه‌ به‌توركیا ده‌درێت ئۆپه‌راسیۆنی چڵه‌ زه‌یتون به‌ ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات-ه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌.

سیپان حه‌مۆ یه‌كێك له‌به‌رپرسانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) ڕایگه‌یاندوه‌، كه‌ ورده‌كاری ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ سێ قۆڵییه‌ی داوه‌ته‌ به‌رپرسانی یه‌په‌گه‌ له‌عه‌فرین، ئه‌وانیش بۆچوونیان وابووه‌ كه‌ سوریا ده‌ستبه‌رداری عه‌فرین‌و باكوری سوریا بووه‌ بۆ توركیا.

سیپان حه‌مۆ ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، كه‌ ڕوسیا ڕێگه‌ی به‌سوریا نه‌داوه‌ دژ به‌هێرشه‌كانی توركیا له‌عه‌فرین په‌رچه‌كرداری هه‌بێت، چونكه‌ به‌بۆچونی مۆسكۆ، ڕێككه‌وتنی ڕوسیا‌و توركیا له‌عه‌فرین گه‌وره‌تره‌.

شه‌رقولئه‌وسه‌ت ئه‌وه‌شی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، “ڕوسیا له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی سوریا‌و یه‌په‌گه‌دا نه‌بووه‌، جێبه‌جێكردنیشی به‌مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌ زانیوه‌، هاوكات ڕوسیا ڕێگری نه‌كردووه‌ له‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی توركیا عه‌فرین بۆردوومان بكه‌ن”.

هه‌ر له‌دوو ڕۆژی ڕابردوودا له‌باره‌ی مه‌نبه‌جه‌وه‌ توركیا‌و ئه‌مریكا دانوستانیان كردوه‌، كه‌ پێده‌چێت ئه‌مریكا ڕه‌زامه‌ندی ده‌رببڕێت به‌بونی خاڵی پشكنینی توركیا له‌نێو مه‌نبه‌ج، به‌ڵام توركیا له‌وه‌ زیاتری ده‌وێت، ئه‌ویش دورخستنه‌وه‌ی كورده‌ له‌مه‌نبه‌ج.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام