ئەنوەر قەرقاش وەزیری ئیمارات بۆ كاروباری دەرەوە، نامەیەكی هۆشداری وڵاتەكەی ئاراستەی وڵاتی توركیا كرد، كە پەیوەندی بەئۆپەراسیۆنەكانی ئەو وڵاتە لەعفرین هەیە.

ئەنوەر قەرقاش لەنامە هۆشدارییەكەیدا رایگەیاندووە، كە پێویستە توركیا پارێزگاری لەسەروەری وڵاتانی عەرەبی بكات‌و لەگەڵ وڵاتانی هاوسێی بەشێوەی یاسایی مامەڵە بكات.

ناوبراو راشیگەیاندووە، كە ئەوان ناترسن لەتێكچوونی پەیوەندییەكانی توركیاو وڵاتانی عەرەبی، كە ئێستا پەیوەندییەكانیان لەوپەڕی خراپییە.

قەرقاش ئەوەشی راگەیاندووە، كە توركیا دەبێت كار بۆچاككردنی پەیوەندییەكان بكات‌و لەگەڵ وڵاتانی هاوسێی كار بكات، بۆ چارەسەری كێشەكان، نەك زیاتركردنی ئاڵۆزییەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە سوپای توركیا لە 20ی مانگی یەكەوە دەستی بەئۆپەراسیۆنی سەر كانتۆنی عفرین لەرۆژئاوای كوردستان كردووەو ئۆپەراسیۆنەكەش بەردەوامی هەیە، كە ئەو كانتۆنە وەك بەشێك لەخاكی سوریا سەیردەكرێت.

رۆژی چوار شەممەی رابردووش وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی كۆبوونەوەو جگە لەوڵاتی قەتەر سەرجەم وڵاتەكانی ناڕەزایی نیگەرانی خۆیان لەهێرشی سوپای توركیا بۆ سەر عفرین دەربڕی.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام