ئه‌وێ ڕۆژێ له‌ به‌ره‌به‌یانی ٥ی ئازاری به‌هاری (١٩٩١) ڕێک (٢٧) ساڵ به‌ر له‌ ئێستا گه‌ر به‌ زه‌وق و زریقه‌وه‌ به‌و په‌ڕی تامه‌زرۆیی و خۆشحاڵیه‌وه‌ هه‌ر هه‌موومان به‌یه‌که‌وه‌ منداڵان به‌ پێکه‌نینه‌وه‌، ژنان به‌ هه‌ڵپه‌ڕینه‌وه‌، پیاوان به‌ ووره‌ی پۆڵایینه‌وه‌، سینگمان بۆ گوله‌ واڵا کرد باوه‌شمان به‌ مه‌رگدا ئه‌کرد! ئه‌وڕۆمان لێ دیار نه‌بوو !
ئه‌وێ ڕۆژێ بۆ ئه‌وه‌ ڕاپه‌ڕینمان کرد ئه‌ی نیشتمان تاکو ئازادی به‌به‌رگه‌ ئاڵ و واڵاکه‌ی بکه‌ین به‌به‌ری تۆدا، خه‌نده‌ بگێڕینه‌وه‌ بۆ دڵه‌ لێک هه‌ڵبڕاوه‌کان ، بۆ دایکه‌ جه‌رگ سوتاوه‌کان، بۆ تاقانه‌کانی ئه‌نفال، وه‌ پاشماوه‌کانی کیمیاوی و خه‌رده‌ل پاک بکه‌ینه‌وه‌ به‌ ئاوی پاکی کوردستان، لادێکان ئاوه‌دان بکه‌ینه‌وه‌ دایان ته‌کێنین له‌ تۆز و غوباری جه‌نگ،
ئه‌وێ ڕۆژێ له‌ ماوه‌ی (١٦) ڕۆژدا له‌ ڕانیه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ تاکو کرکوکی خۆشه‌ویست ئازادکرا به‌ پشتیوانی گه‌ل بوو.!!
به‌ڵام هه‌ڵه‌مان کرد ئه‌ی نیشتمان.!
گه‌ر بپرسین بۆچی هه‌ڵه‌مانکرد ؟ ئه‌بێ کۆمه‌ڵێک پرسیاری دیکه‌ بکه‌ین و بڵێین:
کوا ئامانجه‌کانی ڕاپه‌ڕین؟
که‌ی و له‌کوێ و چۆن ئامانجه‌کانی ڕاپه‌ڕین به‌لاڕێدا بردران؟
ده‌سکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕین و ئاره‌ق و خوێن و قوربانیانی ڕاپه‌ڕین چی به‌سه‌رهات و بۆ کوێ چوون ؟
کێ سودمه‌ند بوو له‌ دوای ڕاپه‌ڕین؟
ڕاپه‌ڕین چی گۆڕی ؟ چی به‌رهه‌مهێنا؟
بۆچی هاوڵاتیان به‌گشتی و نه‌وه‌کانی دوای ڕاپه‌ڕین به‌تایبه‌تی دڵخۆشنین له‌ ساڵ یادی ئه‌و یاده‌؟ یان به‌ جۆرێکی تر بۆچی ده‌سه‌ڵات و حزبه‌کان له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا زۆر شه‌رمنانه‌ و ترسنۆکانه‌ یادی ڕاپه‌ڕین ده‌که‌نه‌وه‌؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ین له‌ خواره‌ زۆر به‌کورتی و به‌ڕوونی بۆ خوێنه‌ران بخه‌ینه‌ ڕوو.
گه‌ر له‌وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌م ده‌ستپێ بکه‌ین بۆچی هه‌ڵه‌مانکرد؟ به‌ڵێ هه‌ڵه‌مانکرد له‌ یه‌که‌م ڕۆژی ڕاپه‌ڕین ئێوه‌مان وه‌ک خۆی نه‌ناسی و سودمان له‌ خه‌باتی ڕابردوی چه‌ته‌گه‌ری شاختان وه‌رنه‌گرت به‌ناوی کوردایه‌تی چیتان له‌ یه‌کتر نه‌کرد ؟ برا کوژی تاڵانی دزی و جه‌رده‌ی له‌ شاخ ، به‌ڵام ئێمه‌ تامه‌زرۆی ئازادی بووین و که‌وتینه‌ ژێر کاریگه‌ری سۆزی نه‌ته‌وایه‌تیه‌ درۆینه‌تان.
که‌ی و له‌کوێ و چۆن ئامانجه‌کانی ڕاپه‌ڕین به‌لاڕێدا بردران؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ پێویسته پۆلێنی بکه‌ین وه‌ ده‌توانین وه‌ڵامی زۆربه‌ی پرسیاره‌کان له‌و پۆلێنکردنه‌دا وه‌ربگرین؛
١- له‌ دووه‌م ڕۆژی ڕاپه‌ڕین ئامانجه‌کانی ڕاپه‌ڕین به‌لاڕێدا بردران، کاتێک هێزه‌کانتان و شانه‌ ڕێکخستنه‌کانتان هاتن و ده‌ستیان به‌تاڵانی دام و ده‌زگا حکومیه‌کان کرد، هیچ شتێکتان نه‌پاراست خه‌ڵکیشتان فێرکرد، دواجار پێشتان کۆنتڕۆڵ نه‌کرا کاتێک خۆتان ده‌ستان پێکرد فه‌رمانگه‌و بینا نه‌مابوو تاڵان نه‌کرێ و وێران نه‌کرێ شه‌ریکات و ئامێر و مه‌کائین نه‌ما هه‌مووی تاڵانکرا ئه‌و ئاماده‌کاریانه‌ی که‌ کرابوون بۆ ڕاپه‌ڕین له‌لایه‌ن ئێوه‌ ته‌نها بریتی بوو له‌ چه‌ند په‌مپێکی بۆیاغ و دروستکردنی چه‌ند مۆرێکی هه‌ڵکه‌ندرا و له‌ ئیشاعه‌ بۆ خاوه‌ندارێتیتان شوێن نه‌مابوو له‌ بینا له‌ شه‌ریکات له‌ ئامێره‌کان و ئۆتۆمبێله‌کان مۆری خاوه‌ندارێتی ئێوه‌ی پێوه‌نه‌بێ هه‌ر ئه‌وکات ئه‌بوو زوو زانیبامان که‌ ئێوه‌ شایه‌نی ده‌وڵه‌تدارینین چونکه‌ خه‌می خۆتان و حزبه‌کانتان بوو نه‌ک نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌.!
٢- دوای (٩) ڕۆژ له‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانی ڕاپه‌ڕین به‌رگه‌ی یه‌ک حه‌فته‌تان نه‌گرد کاتێک هێزه‌ به‌زیوه‌کانی ڕژێمی عێراق هێرشی کرده‌وه‌ سه‌ر که‌رکوک زۆر به‌ ئاسانی هه‌ڵاتن و ڕاتان کرد جارێکی تر بوون به‌مایه‌ی نه‌هامه‌تی بۆ ئه‌و گه‌له‌ خێر له‌ خۆ نه‌دیوه‌ چونکه‌ کۆڕه‌وی گشتی ده‌ستی پێکرد ئاخر له‌ کوێی دونیادا بووه‌ له‌ کام لاپه‌ڕه‌ی مێژوودا هه‌یه‌ که‌ هێزێک شۆڕش و ڕاپه‌ڕین به‌رپا بکات به‌ڵام به‌رگری نه‌کات و هه‌رزوو ڕابکات ئه‌وه‌ ناچێته‌ خانه‌ی شۆڕش و ڕاپه‌ڕین به‌ڵکو ده‌چێته‌ خانه‌ی تاڵانی و چه‌ته‌گه‌ری وێرانکاری گه‌ر بڕیاری (٦٨٨) ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نه‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ لاوازی سوپای عێراق، ئێستا ئه‌و به‌ناو ئه‌زمونه‌ش نه‌ده‌بوو.
٣- هه‌ر له‌ یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن ده‌سکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕین به‌لاڕێدا بردران چونکه هیچ حسابێک بۆ ده‌نگی هاوڵاتیان و هێزه‌کانی تر نه‌کرا ڕاسته‌وخۆ کورسیه‌کانی په‌رله‌مانتان دابه‌شی دوو کرد په‌نجا به‌ په‌نجا ئه‌وێ ڕۆژێ سه‌ری هه‌ڵدا و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و سامانتان به‌سه‌ر خۆتاندا دابه‌شکرد.
٤- ڕێز له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕین نه‌گیرا ئه‌وکاته‌ی شه‌ڕی ناوخۆتان ده‌ستپێکرد له‌یه‌که‌م ده‌ستپێکی شه‌ڕی ناوخۆ ئه‌وکه‌سه‌تان شه‌هید کرد که‌ یه‌که‌م فیشه‌کی ڕاپه‌ڕینی ته‌قاند هه‌ر ئه‌و کاته‌ی به‌ڕێز ( علی نبی) شه‌هیدکرا ئامانجه‌کانی ڕاپه‌ڕین مردن و له‌ گۆڕنران، دواجار بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ له‌ پێناو سامان و ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌زاران گه‌نج و لاوتان به‌ کوشتدا خیانه‌تی نیشتمانی گه‌وره‌تان ئه‌نجامدا وه‌ک ٣١ ی ئاب و هێنانی هێزی دوژمنی ئێران و تورکیا و عێراق، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵیش شه‌ڕی سارد و دوو ئیداره‌یی به‌رده‌وام بوو.
٥- له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق ڕێکه‌وتنی ستراتیجی نێوانتان بۆ دابه‌شکردنی کورسی ده‌سه‌ڵات و سامان لێره‌ و له‌ به‌غدا جارێکی تر به‌لاڕێدا بردنی ئامانجه‌کانی ڕاپه‌ڕین بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان.
لێره‌وه‌ ده‌توانین وه‌ڵامی سه‌رجه‌م پرسیاره‌کانی کۆتای وه‌ربگرین کوا ئازادی کوشتنی ڕۆژنامه‌نوسان و چالاکوان و زانایانی ئاینی ئازادیه‌ یان داخستنی په‌رله‌مان و ڕێگرتن و ئاودیوکردنه‌وه‌ له‌ دێگه‌ڵه‌ ئازادیه‌؟ به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕین ته‌قه‌کردن و گوله‌بارانکردنی خۆپیشانده‌رانه‌ یان گه‌شت و خۆشگوزه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌؟ یان برسیکردنی کۆمه‌ڵگایه‌ بڕینی مووچه‌ی مووچه‌ خۆرانه‌؟ یان پڕکردنی قاسه‌ی حزب و گیرفانی به‌رپرسه‌کانه‌؟
ئێستا له‌ ئێوه‌ ده‌پرسین تێگه‌یشتن بۆچی هه‌ڵه‌مانکرد له‌ ڕاپه‌ڕین؟ تێگه‌یشتن بۆچی به‌وپه‌ڕی شه‌رمنانه‌ و ترسنۆکانه‌ یادی ڕاپه‌ڕین ده‌که‌نه‌وه‌؟ بۆچی خه‌ڵکی به‌ هه‌ڵوێست و گه‌نج و لاوان بایکۆتی یادی ڕاپه‌ڕین ده‌که‌ن؟ یان له‌ داهاتوودا هاوڵاتیان تێتان بگه‌یه‌نێ؟
yassin Abdulla
یاسین عبدالله
٢٠١٨/٣/٦
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام