سیستەمی دەسەڵات لە هەرێم، سیستەمێكە لەناوەوە پیسخۆری دایڕزاندووە. ئەم مۆدێلە لە سیستەم، نە توانی حوكمڕانییەكی تەندروست بەرهەم بهێنێت، نە توانی سیاسەت بە واتا راستەقینەكەی بكات، بەڵكو حوكمڕانی و سیاسەتی گۆڕی بۆ خەمی گیرفان. كاتێك سیاسەت و حوكمڕانی ئەركە راستەقینەكەی خۆی لەدەستدات و، دەبێتە كەرستەیەك بۆ گیرفا پڕكردن و پارێزگاریكردن لە ئارەزووە تایبەتییەكان، ئیدی تەواوی گۆشەكانی ژیانی گشتی دەكەونە بەردەم هەڕەشەوە.

لەناو كۆی سیستەمەكە، شوێنێك نەماوە بەرگری لە خۆی بكات دژی پیسخۆری! لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیدارترین شوێن، كە ئەركە راستەقینەكەی خۆی لەدەستدا، پەرلەمانە. ئەشێت زۆرێك لە هاوڵاتییان نەزانن پەرلەمان گەر ئەركی خۆی لەدەستبدات، چەند جێگای مەترسییە. بەنمونە: ئەم پەرلەمانەی هەرێم و عێراق، دوو لەو شوێنانەن گورزی كوشندەیان لە خەڵكداوە و، لە پاڵ گورزەكەدا بەرگریكارێكی سەرسەختی خراپترین جۆری سیستەمن.

پەرلەمانی هەرێم و پەرلەمانی عێراق، لەوە تێپەریانكردووە ببێتنە شوێنی بەرگریكردن لە ماف و داخوازی خەڵك، بە پێچەوانەوە بوونەتە سندوقی پارە. بەشێكی زۆری ئەوانەی روو لەم شوێنە دەكەن، بۆ ئەوە رووی تێناكەن ببنە بەرگریكاری دادپەروەری و، دژی پیسخۆری سیستەمەكە بوەستنەوە، لەبری ئەوە چاو بڕینە سندوقی پارەكە شوێنی ئەركە راستەقینەكەی گرتووەتەوە! مەترسی ئەم شوێنە ئەوكاتە دەست پێدەكات، پیسخۆری و گیرفانی تایبەتی لە بیرۆكەوە دەكات بە یاسا.

كاتێك نوخبەی دەسەڵاتدار بیرۆكەی وێرانكردنی سیستەمیان هەیە، ئەو بیرۆكەیە دەكرێت لە شوێنێكدا چارەسەر بكرێت، ئەما كە بیرۆكەكە چوویە پەرلەمان و بوو بە یاسا و،  یاساكە خەمی گشتی خستە پەراوێزەوە لە پێناو ئارەزووی تایبەتی، ئیدی پێویستی بە سەرلەنوێ‌ فەزایەكی دیكەیە تابتوانێت بەهێزی خۆی، ئەم یاسایانە بگۆڕێت. بەیاساییكردنی خەمی گیرفان و بەرژوەندی تایبەتی بەرگریكردنە لە تەواوی سیستەمە پیسخۆرەكە. دەردی پەرلەمانی عێراق و هەرێم لەوەدایە زۆرینەی كارەكتەرەكانی دونیابینیان بۆ ئەركە راستەقینەكەی خۆیان، هێندەی گیرفانەكانیان فراوانە. كاتێك لە دۆخێكی نالەباری نا دادپەوەردا لەبری بیركردنەوە لە خەمە گشتییەكان، خەمی گیرفان شوێنی دەگرێتەوە، دەبێت لەم چركەساتانەدا ئەو مەترسییە پیشانی كۆمەڵگە بدەیت، كە لەم شوێنەوە دێت. كە گیرفانی دەستەیەك بوو بە یاسا، تەنها بە دەستەیەك ئەم یاسایە هەڵدەوەشێتەوە، لەو شوێنەدا بن و لەبری خۆیان بیر لە كۆی گشتی بكەنەوە!

زۆر كەمن ئەوانەی لەناو پەرلەماندان و خەمە تایبەتییەكانی خۆیان فەرامۆشدەكەن و، خەمی گشتی دەخۆن. زۆر كەمن ئەوانەی بۆ ئەركی پەرلەمانتاری چوونەتە ئەو شوێنە، زۆر كەمن ئەوانەی دونیابینیان بۆ یاساكان فراوانبێت و دەرك بە بەمەترسییەكانی بكەن. ئەما لەتەنیشت ئەم كەمینەوە زۆرینەیەك هەیە، ئەركی پەرلەمانتارییان وێرانكردوە و، بە یاسا بەرگری لە گیرفانی نوخبە دەكەن! لەوەش خەمبار تر، تێیاندایە بەواتا تایبەتییەكەی دز ە و،سەرقاڵی _دز_ی كردنەوە و كەچی لە میدیاكاندا باس لە دادپەوەری دەكات!  تێیاندایە پەرلەمان لە دونیاكەی ئەودا جگە لە سندوقێك بۆ پاشەكەوتی پارە، هیچ واتایەكی دیكەی نییە و، دەیەوێت هاوڵاتییان ستایشی ئەو تێگەیشتنەی بكەن! تێیاندایە هەموو هەوڵی بۆ گیرفانی خۆیەتی و، باس لە گیرفانی ئەوانی تر دەكات! (ئەركی پەرلەمانتاریان شێواندوەو، دەبێت سەرلەنوێ‌ چاكبكرێتەوە.)

ئەم پەرلەمانەی هەرێم و عێراق، دوو تایپن لەو پەرلەمانانەی لە مێژووی كاركردنیاندا كۆڵەكەیەك بوون بۆ بەیاسایكردنی بیرۆكە ناتەندروستەكانی سیستەمە پیسخۆرەكە. ئەوانەشی بە پاكی لەم  شوێنانە دێنە دەرەوە، هێندە كەمن شایەنی باسكردن نیین. هەتاكوو ئەم دوو شوێنە ئەركە راستەقینەكەی خۆیان پێنەدرێتەوە، هەتاكوو كەسی هەڵبژێدراو خەمە گشتییەكانی لا گەورەتر نەبن لە ئارەزووە تایبەتییەكانی خۆی، هەتاكوو پەرلەمانتار لەپێناو جێبەجێكردنی ئەركی  راستەقینەی پەرلەمانتاری روو لەم شوێنانە نەكات، نە دەتوانرێت گۆڕانكاری لە سیستەمەكەدا دروستبكرێت، نە ئەو جیهانی ئارەزووە و نوخبەی گیرفانە كۆتایی دێت.

ئەو یاسایانەی بەرگری لەو نوخبەی گیرفانە دەكات، پێویستیان بە سەرلەنوێ‌ هەڵتەكاندنەوەیە. ئەو مەخلوقانەش كە پێیان وایە بوونەتە پەرلەمانتار و ، جگە لە دەنگە دەنگی ناو دونیای شاشەكان شتێكیان نەكردوە مەترسی بێت بۆ سەر گیرفانی نوخبە، گرنگە ئەركە راستەقینەكەی پەرلەمنتاریان پێبناسرێت. ئەمانە بە ئاگاو بێ ئاگا، سەرقاڵی راگرتنی سیستەمێكن، كە تەواوی سیستەمەكە بیمارە بە پیسخۆرییەوە و ئەوان نایناسن و خەریكی دەنگە دەنگی روكەشین. ئەگەر لەسەرەتادا بیرۆكەی خەمی گیرفان تەنها لە چوارچێوەی هەوڵی گروپ و دەستە و تاقمدا بووبێت، ئەم دوو شوێنە بە پێی قۆناغەكان وردە وردە ئەو بیرۆكانەیان كرد بە یاسا و لەتەنیشت پاراستنی گیرفانی دەستەیەك و تاقمێك لە دەسەڵاتداران، گیرفانی خۆشیان بە یاسایی كرد. تاقە چارەسەریش تەنها ئەوەیە: لە ئاییندەدا دەستەیەك بچنە ئەم شوێنانە تەواوی ئەو یاسایانە هەڵتەكێننەوە بوونە پارێزەری گیرفانی نوخبەیەكی ناو كۆمەڵگە و دژی خەمە گشتییەكانبوون.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام