عەدنان عوسمان هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، باس لەبەرنامەیەكی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەكەی بۆ دوای راپەڕین دەكات‌و وەڵامی ئەوەش ئاشكرادەكات، بۆ نەبووە بەسەرۆك وەزیرانی هەرێم.

عەدنان عوسمان لەمیانی نووسینێك بڵاویكردەوە، كە “لەیەكێك لەمەجلیسەكانی نەوشیروان مستەفا، كەسێك لێی پرسی جەنابت، كە ئەندازیاری راپەڕین بووی‌و جۆرێك لەئیجماعت لەسەر بوو، بۆ نەبووی بەسەرۆك وەزیران دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان؟”.

عەدنان عوسمان هەروەها بڵاویكردەوە، كە “دیارە ئاگاداری ئەوە بووم زۆر جار ئەو پرسیارو گلەییە ئاراستەی كاك نەوشیروان ئەكرا، بۆیە ئەمجارە بەوردی وەڵامی دایەوە”.

بەقسەی هەڵسوڕاوەكەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا لەوەڵامدا وتی: “دوای راپەڕین‌و هەوڵی تەشكیلكردنی دامەزراوەكان بەتایبەت لە ۱۹۹۲، بەنیاز بووم حكومەتێك لە كەسایەتی ئیداری‌و تەكنۆكرات دروست بكەین‌و ئێمەی پێشمەرگە هەم پشت‌و پەنایان بین‌و هەمیش پارێزەر، بۆ ئەو مەبەستە داوانامەم بۆ چەند كەسایەتیەك نارد، كە بێن‌و رۆلیان لەیەكەم تەشكیلەی حكومەت و پەرلەمان هەبێت”.

هەر بەقسەی عەدنان عوسمان نەوشیروان مستەفا “(ناوی د كەمال مەزهەرو مستەفا زەڵمی‌و حلمی شەریف برد، وەك نموونە)، بەڵام هەریەكەیان بەبیانوویەكەوە نەهاتن بەدەممانەوە، ئیتر حەزی بەرپرسەكانی حیزبەكان بۆ دانانی كەس‌و دەست پێوەندیان هەوڵەكەی تێكشكاند”.

هەروەها ئەو هەڵسوڕاوە دەڵێت: نەوشیروان مستەفا ئەوەش وت: “دواتر لە هەوڵی ئەوەدا بووم رێگە نەدەین لەدەرەوەی دامەزراوەكان مەرجەعی تر هەبێت، بۆیە كارمان بۆ ئەوە كرد سەركردەی هەردوو حیزب و بەرپرسە باڵاكانیان لە ۆستە باڵاكانی حكومەت و پەرلەماندا جێگیربن و رێگەنەدرێت موئەسەسەیەكی تری دەرەوەی حكومەت هەبێت.. دیارە ئەمەش شكستی هێنا”.

نەوشیروان مستەفا ئەوەشی وتووە: “حكومەت و پەرلەمان بوون بەدامەزراوەیەكی لاواز لەبەردەم دامەزراوەی حیزبدا، ئیتر بۆم دەركەوت وڵات بە چ ئاراستەیەكی خراپدا ئەڕوات‌و خەونی راپەرین و ئامانجەكانی لە دەوڵەتی هاوڵاتی، بەرەو سەرنگونی ئەڕوات، بۆیە نەمتوانی بەرپرسیارییەتی لە نێو عەقڵییەتێكی وادا وەربگرم”، عەدنان عوسمان وای نووسیوە.

هاوكات عەدنان عوسمان ئەوەی نووسیوە: “ئەو ئەندازیارە هەر لەسەرەتاوە پلانی بنیاتنانی دەوڵەتی هاووڵاتی‌و خۆشگوزەرانی‌و دامەزراوەیی بوو، دوای ۲۷ ساڵ، كۆمەڵگای ئێمە بەئیرادەیەكی بەهێزەوە بۆ ئەو مەبەستە هەنگاو ئەنێت”.

نەوشیروان مستەفا لەرۆژی 19ی پێنجی ساڵی رابردوو كۆچی دوایی كرد، كە یەكێك بوو لەسەركردە دیارەكانی هەرێمی كوردستان‌و وەك باس دەكرێت رۆڵێكی گەورەی لەراپەڕینی 5ی ئازاری خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبووە.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام