ئەوەی گومانی تێدا نیە ئەوەیە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ، نا ئەخلاقی ، عەیش و نۆش ، شەڕ و ئاژاوە ، ئاشتی ، برسێتی ، ستەم و نادادی ، خۆشگوزەرانی ، دادپەروەری …. ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارانەوە هەیە ، لە سەردەمی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش دا پەیوەندی بە دەسەڵاتی یاسادان ، دادوەری ، جێبەجێکردن ( پەڕلەمان ، دادگا ، حکومەت)ەوە هەیە .

ئەفلاتۆن دەڵێت : ” بەڕێوەبردنی ووڵات مەسەلەیەکە پێویستی بە هزری چاکترین عەقڵە مەزنەکان هەیە . چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگایەک ڕزگار و بە هێز بکرێت گەر ژیرترین و داناترین و چاکترین پیاوەکانی ڕێبەرایەتیی نەکەن ؟ ” هەروەها کۆنفۆشیۆس دەڵێت : ” کاتێک فەرمانڕەوا چاکەکار و ڕەوشتبەز بوو ، لە پێشدا دڵ، گەل بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت ئنجا دەوڵەت دەگرێتە دەست ” هەروەها وتوویەتی ” ئەگەر فەرمانڕەوا بتوانێت ویژدان زیندوو و جێ متمانە بێت ، لە کاردا دڵسۆز و ڕێزدار دەبێت ، ئەوا بێ بەربەست پێشکەوتنێکی سەرنجڕاکێش بە دەست دێنێت تەنانەت گەر لە خاکی بەربەرستانیش دا بێت .”

لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە کەم و کورتییەکانی دیموکراسی ئەوەیە کە خەڵکانێکی زۆری نا ئەخلاقی دەچنە ناوەندەکانی بڕیار ، ناوەندەکانی یاسادان و دەسەڵات ، ئیدی نادادپەروەرییەکانی ئەمانە دەبێتە نەفرەتێک بۆ ئەو خەڵکەی بە ناوی هەڵبژاردن و دیموکراسییەوە فریودراون ، و پەیژەیەک بوون بۆ سەرکەوتنی ئەو هەڵبژێردراوە نا ئەخلاقیانە .

لە فەلسەفەی ئەخلاق دا ، و بە تایبەتی لە فەلسەفەی ( کانت ) ئەخلاق  سێ ڕێسای سەرەکی یان سێ بنەمای سەرەکی هەیە :

1 . ئەوەی بۆ خۆت پێت خۆشە بۆ خەڵکیش پێت خۆش بێت .
2 . مرۆڤەکان وەکو ئامانج سەیر دەکرێن ، نابێت بکرێنە ئامڕاز .
3 . هەموو بابەتێکی ئەخلاقی دەبێت هاوسەنگ بێت ، هاوتەریب بێت لەگەڵ مەوجوداتدا ، واتە هەر شتێک کە پێچەوانە بێتەوە لەگەڵ ڕەوتی وجود و گەردوون دا ، ئەو شتە گشتیانەی کە لە ناو کۆمەڵگادا بوونیان هەیە ئەوە بابەتانێکی نا ئەخلاقین .

ئەم سێ بنەمایە بنەمای گشتین ، هەموو کەسێکی ئەخلاقی ئەرکیەتی ئەو بنەما ئەخلاقیانە پیادە بکات .
لە ڕاستیدا نا ئەخلاقی لە کەلتوری ئێمەدا بە بەریەک کەوتنی دوو جەستە دەگوترێت کە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا گەردوونی و داب و نەریت بێت ، لەکاتێکدا ئەخلاق بریتییە لە سنوری ووڵات ، لە خزمەتکردن بەپێی سنور و دەسەڵاتەکەت ، بریتییە لە ئەخلاقی پیشەیی کار ، ئەخلاق بریتییە لە خیانەت نەکردن لەو متمانەیەی هاووڵاتی پێت دەبەخشێت بۆ ئەنجامدانی لێپرسراوێتییەک ، ئەخلاق بریتییە لە ئازادی ، ئازادی بەو مانایەی توانا و دەسەڵاتت هەبێت بۆ ئەنجامدانی خراپەیەک یان چاکەیەک ، کاتێک ئازاد بوویت و لە ژێر هیچ لێپرسینەوەیەکدا نەبووی بۆ ئەنجامدانی خراپەیەک ، نادادییەک ، بەڵام ئەو ئازادییەت بەکارنەهێنا بۆ ئەنجامدانی خراپە ، کەواتە تۆ بە ئەخلاقی ، بەڵام گەر بە پێچەوانەوە بوو ، ئەوە بێ گومان بە ئەخلاق لە ووجودی تۆدا نیە . کەواتە ئەخلاق بریتییە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر مرۆڤایەتی .

هەروەکو گووتمان ئەوەی بۆ خۆت پێتخۆشه بۆ خەڵکیش پێت خۆش بێت ، ئەوە یەکێکەلە بنەماکانی ئەخلاق ، دەبینین ئەمە چەند ساڵێکە ووڵات دووچاری قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابوری و یاسایی بۆتەوە ، ژێرخان و سەرخانی ئابوری ووڵات وێران بووە ، خاوەن بەرهەمی ناوخۆیی نین ، بەرهەمی ئێران و تورکی و چینی لە بازاڕەکاندا ساغدەکرێنەوە ، خەڵکێکی زۆر لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن ، خەڵکێکی زۆریش بێ کارن ، و فەرمانبەرانیش مووچەی چەند مانگێکیان وەرنەگرتووە ، ئەویش وەریدەگرن چارەکە مووچەیە ، کە بەوپەڕی ئەخلاق و دڵسۆزییەوە بەچارەکە مووچەی چەند مانگی خزمەت دەکەن ، بەڵام ئەندام پەڕلەمانێکمان نەبینی لەبەر ئەم هەموو نادادییە دەست لە کاربکێشتەوە ، یان لە شاشەوە تەواوی ڕاستی و گەندەڵییەکان بخاتە ڕوو ، یان بۆ چەند ڕۆژێک لە بەردەم پەڕلەماندا مان بگرێت ، بەڵام كاتێك كە پرۆژە یاسای (چاكسازی خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان) دەچێتە پەڕلەمان( ٥٢ )دەنگ بەڵێ و ( ٣٧ )دەنگ دەنگی نەخێر به قازانجی پەڕلەمانتار و پلە باڵاکان تێدەپەڕێندرێت .

دووەم بنەمای ئەخلاق کە دەڵێت : مرۆڤەکان وەکو ئامانج سەیر دەکرێن ، نابێت بکرێنە ئامڕاز . بەڵام لەم مەملەکەتە لە هەڵبژاردندا خەڵک وەکو ئامڕازی دەنگ تەماشا دەکرێن ، دەکرێنە پەیژە بۆ بەدەست هێنانی پۆست و پلە ، دەسەڵاتیش ئامانجی کەڵەکەکردنی سەرمایەیە نەک خزمەتکردن ، لێرە خەڵک ئامڕازە نەک ئامانج ، لە یاسای خانەنشیندا موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بۆ چوار ساڵ خزمەتی بە بێ‌ رەچاوكردنی تەمەن و خزمەتی پێشووتر دەتوانێت چوار ملیۆن دینار مانگانە وەك خانەنشینی وەر بگرێت ، بەڵام فەرمانبەرێكی ئاسایی موچەی خانەنشینیەكەی لە( 30000 )هەزارەوە دەست پێدەكات ئەمەش گەندەڵی و جیاوازی چینایەتی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی زیاتر زەق دەکاتەوە ، و هەرسی ئەخلاقی پەڕلەمانتاران و دەسەڵاتدارانیشمان نیشاندەدات .

کۆتا بنەماش کە دەڵێت : هەموو بابەتێکی ئەخلاقی دەبێت هاوسەنگ بێت ، هاوتەریب بێت لەگەڵ مەوجوداتدا ، واتە هەر شتێک کە پێچەوانە بێتەوە لەگەڵ ڕەوتی وجود و گەردوون دا ، ئەو شتە گشتیانەی کە لە ناو کۆمەڵگادا بوونیان هەیە ئەوە بابەتانێکی نا ئەخلاقین . چوار ملیۆن تا شەش ملیۆنی خانەنشینی پەڕلەمانتار چەند قاتی سێ سەد هەزار خانەنشینی فەرمانبەر و مامۆستا و پێشەمەرگەیە ، کە هاوسەنگ و هاوتەریبی ڕەوتی وجود و گەردوون و ژیانی گشتی کۆمەڵگای کوردی نیە ، لەبەر ئەوە بابەتێکی نائەخلاقییە .

ڕەنگە هەندێک پێیان وابێت ئەم گشتاندنە نا لۆژیکییە ، چونکە (37 ) پەڕلەمانتار دژ بوون و دەنگیان بە نەخێرداوە ، و ( 22 ) پەڕلەمانتاری دیکە ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون ، بەڵام لە کۆتاییدا بوو بە یاسا و کاری پێدەکرێت ، تەنیا (52 ) بەڵێکە چوار ملیۆن تا شەش ملیۆن وەرناگرن ، بەڵکو (37 ) نەخێر و (22 ) ئامادەنەبووەکەش هەمان مووچەی خانەنشینی وەردەگرن . لەلایەکی دیکەوە هیچ ئەندام پەڕلەمانێکی دژ و ئامادەنەبووش ئامادە نین ، ئەو مووچەیە بە ڕەهایی ڕەتبکەنەوە ، و بێنە بەرەی شەقام و هەژاران و مافخوراوانەوە ، و هیچ ئەندام پەڕلەمانێکیش نابینین دەست لەکار بکێشنەوە و تەنها ڕۆژێکیش لەبەردەم نوسینگەی پەڕلەمان لە سلێمانی و دهۆک و کەرکوک مانبگرێت لە خواردن و خواردنەوە بۆ خاتری دەنگدەرەکانیان ، یان هەر فراکسیۆنێک تەنیا پەڕلەمانتارێکیان بێنن مانبگرن بۆ قازانجی هاووڵاتیان . لەبەرئەوە ڕووی نوسین و ڕەخنەمان دژی پەڕلەمانی خاڵی لە ئەخلاقە .

دەبێت ئیدی ئەو خەڵکە تێبگات کە ئەم ئەندام پەڕلەمانانە کە پێشتر لە لق و ناوچە و کۆمیتە و مەکۆکانەوە پاڵێوراون ، و دواتر بوونە پەڕلەمانتار ، کەسانێک نابن ئامانجیان خزمەتکردن بێت ، بەڵکو ئەمانە هەر لە بنەڕەتەوە مەیمونێکی سیاسی بەرپرسەکانیان بوون ، بەرپرسەکانیشیان مەیمونێکی سیاسی گرێدراوی دەرەکین .

ئاپۆ دەڵێت : ” سیاسەت لای من هونەری بەدەستهێنانی جوانییە .” هەموو ئەو سیاسی و پەڕلەمانتار و سەرکردە و گەریلایانەی لە باکور و خۆرئاوا لەسەر ئەم بنەما ئەخلاقییە پەروەردە بوون ، لە کرێنشینی و بەرخۆدان و خۆپیشاندان و شەڕ و زیندان و ئەشکەنجە و حوکمداندا لە پێشی خەڵکە چەوساوەکەوەن . لەبەرئەوە پێویستە ئەمانەی باشوری خاوەن ئەزمونی بیست و شەش ساڵ حوکمداری وانەی ئەخلاق لەوێوە فێربن .

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام