ئاری هەرسین، وەک ئەندام پەرلەمانێکی ناسیۆنالیستیی نەژادیی، چەواشەکاری دەکات لەوەدا کە هێنانی سوپا فاشییەکەی بەعس بۆ سەر کوردستان و شاری هەولێر لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا بە هاتنی سوپای سوریا بۆ عەفرین بە هەمان داگیرکاریی دەزانێت.

ئاری هەرسین، لە پرسیار و شیکارییەکی سەرپێیانە و کاڵفامانەدا وای دادەنێت کە هێنانی پاسداران و سوپای عێراق بۆ سەر کوردستان و هەولێر جیاوازی نییەو، ئەگەر ئەمانە سوپای داگیرکەر بن، سوپای سوریاش داگیرکەرە.

هەرچەندە ئاری دەڵێت من”نە محامی پارتیم و نە وتەبێژیشم” بەڵام بیەوێت یان نا لە ڕوانگەی پارتییەوە ئەم چەواشەکارییە دەکات.

کاک ئاری دەشڵێت، هیوادارم کە کەس تیۆریزەی ئەم بابەتە نەکات و بەرگری لە ڕێکەوتنی پەیەدە و سوپای سوریا نەکات. کاک ئاری بۆیە لەوە دەترسێت کە تیۆریزەی بابەتەکە بکرێت، چونکە سوور دەزانێت کە ئەوەی ئەو دەیڵێت هەڵەیە.

با وەک دوو مرۆڤی کورد و وەک دوو هاوڵاتیی و هاوڕێ ئەگەر دووریشن لە بیروباوەڕدا گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەم بەڕێزەدا بکەین.

١/ساڵی ١٩٩٦ گەرمەی ئەو ساڵانە بوو کە پارتی و یەکێتی دەیانوت ئەم ئەزموونەی کوردستان هیچ هێزێک ناتوانێت بیپارێزێت، ئێمە خۆمان نەبێت، کەچی لەسەر دزین و بە تاڵانبردنی گومرگی دەروازەی برایم خەلیل خەڵکی کوردستانیان لە شەڕێکی نەگریسی نەخوازراوەوە گلاند کە هەزاران لەو چەکدارانەی پێیان دەوترا پێشمەرگە کوژران، بە سەدان ماڵ ئاوارە بوون، بە دەیان دیلیان لە یەکتری کوشت، ئابڕووی دەیان ژن و کچی خەڵکیان برد. بەمەشەوە نەوەستان و هەردوو لایان بوون بە جاشی ئێران و عێراق و سوپای پاسداران و سوپای عێراقیان هێنایە سەر کوردستان و بە سەدان کەسی چەپ و شیوعی و مرۆڤی ئازا و دژ بە فاشیەتیان دا بە دەستی بەعسەوە. بەڵام هێشتا ڕۆئاڤا ئەو ئەزموونە سەربەخۆییەیان نییە و لەشەڕدان لە هێزە فاشیی و نەیارەکانی کورد و دیموکراتیدا.

٢/ هەتا ئێستاشی پێوە بێت، ئەو جاشایەتییەی پارتی و یەکێتی بۆ ئێران و تورکیا بەردەوامە، سوپای تورکیا لە چەندین شوێنی هەستیاری کوردستاندا بنەو بارەگایان هەڵداوە. لە ڕۆژئاوادا تەنها لە قامیشلۆدا یەک مەعسکەری سوپای سوریای لێییە، بەڵام حکومەتی سوریا موچەی هەموو فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستان دەنێرێت.

٣/ ئەو سەردەمە کوردستان لە سایەی فیدراڵێتێک و دەستورێکدا، کە خودی پارتی و یەكێتی لە نووسینەوەیدا بەشدار بوون ئەزمونێکی سەربخۆی هەبوو.

٤/ هەر بە قسەی خۆیان(پارتی و یەکێتی) لەسەدا ٤٠چلی ئابووری کوردستان لە ژێر دەستی کۆمپانیاکانی حکومەت و دەوڵەتی تورکیادایە. لەسەدا ١٥ تا ٢٠بیستی ئابووری کوردستان بە دەست کۆمپانیاکانی ئێرانەوەیە. لە ڕۆژئاوادا ئەمە نییە.

٤/لە ئەنجامی ڕیفراندۆمێکی نابەجێ و ساختەچییانەی حیزبییدا لە سەدا ٥١ی خاکی کوردستا بە کەرکوکی(دڵ و قودسی)کوردستانەوە ڕادەستی عێراق کرایەوە. لە ڕۆژئاوادا مەحاڵە ئەم سیاسەتە نابەجێییە بەڕێوە بچێت.

٥/ دیسان هەر بە قسەی خودی خۆیان، زۆربەی ئەو چەکانەی لە ئەمەریکا وەرگیرا بۆ دژایەتی داعش فرۆشتوویانە بە ئێران و تورکیا. بەڵام پەروەردی گەریلاکان بەو جۆرەیە، کە بۆیان نییە لە چەک و ئەوراقی تەنانەت داعشەکانیش زیاتر هەڵگرنەوە، بۆیان نییە نە سەیارە و نە پارە و نە هیچ جۆرە کەلوپەلێکی دووژمن وەک غەنیمە بەرن بۆ خۆیان.

٦/ بە ئاشکرا و بە بەرچاوی هەموو دنیاوە لەگەڵ قاسمی سلێمانی و ئەردۆغاندا ڕێکەوتن واژۆ دەکەن، تەنانەت ڕێکەوتنی ٥٠ساڵەیان لەگەڵ ئەردۆغان واژۆ کردووە بێ ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری بێت. لە ڕۆژئاودا بە ئاشکرا سیاسەت دەکەن و ڕێکەوتنەکانیان ئاشکرایە.

٧/ سەرانی پارتی و یەکێتی بەردەوام لە جڕتوفرتی هاتوچۆدان لەگەڵ ئێران و تورکیادا، بێ ئەوەی کەس بزانێت خەریکی چ پلانڕێژییەکن. ئەمە ناگوزەرێت لە ڕۆئاڤادا.

٨/ سەرەڕای هەموو ئەمانە، دزیی و گەندەڵی ئەم دوو حیزبە کارێکی کردووە کە خودی خۆیان هەموو تەنازولێک دەکەن بۆ حکومەتی عێراق تەنها بەومەرجەی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بدات و هێشتا حکومەتی عێراقی حسابیان بۆ ناکات. بەڵام پەیەدا نەک حکومەت سوریا ئەمەریک و ڕوسیاش حسابیان بۆ دەکات.

بە پێچەوانەی هەمو ئەم خاڵانەو دەیان خاڵی ترەوە کە هەموویان نەگەتیڤ و نەخوازراون و هیچیان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نییە، پەیدە و یەپەگە و یەپەژە و بە گشتی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا لەگەڵ میللەت و کۆمەڵگەی خۆیاندا زۆر تەبا و ڕێکن، بە جۆرێک چینی سیاسیی ڕۆژئاڤا لەگەڵ میللەتی خۆیاندا چوون بە ناو یەکدا، وەک یەک جەستە وان، مەگەر ئەنەکەسە کە بە داخەوە بە دنەدانی پارتی ڕێکناکەون لەگەڵ پەیدەدا. ئەمان هیچ زیانێکیان بە بەرژەوەندی میللەتی خۆیان نەگەیاندووە، ئەمان بە هیچ جۆرێک گەندەڵییان نییە و قوتی منداڵ و خەڵکی ڕۆئاوایان نەدزیەوە. لە دواجاریشدا لە دژی ‌هێرشێکی ناڕەوا و دڕندەی ئەردۆغان و حیزبە فاشییەکەی توانیویانە سیاسیانە لەگەڵ سوپای سوریدا رێکبکەوەن و سوپای سوریا بێتەوە سەر سنوور و قسە و پاساوی درۆزنانەی ئەردۆغان ببڕن کە دەڵێت؛ ئێمە بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆمان هەیە بچینە ناو خاکی سوریاوە بۆ پاراستنی سنورەکانی خۆمان.

ئیتر نازانم کاک ئاری چۆن ئەم کارە سیاسییەی پەیدە کە ئێران و ئەمەریکا و روسیا و هەموو خەڵکی ڕۆژئاوا ڕازین لەسەری ئەیچوێنێت بە خیانەتی هێنانی سوپای پاسداران و سوپای عێراق کە سەدان کەسیان خەڵتانی خوێن کرد. دەیان کەسیان گرت و بێسەروشوێنیان کرد.

هیوادارم ئاری هەرسینەکان تۆزێک بە خۆیاندا بچنەوە و هێندە چەواشەکاری نەکەن.

http://www.awene.com/2018/02/21/78908/ لینکی بابەتەکەی کاک ئاری هەرسین.

جیهاد موحمەد/ نەرویج

٢١/٠٢/٢٠١٨

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام