هەموو بزووتنەوە و جوڵانەوە و پارت و ڕێکخراوانەی لە تورکیا و عێراق و ئێران و سوریادا دەرکەوتوون ، پێش ئەوەی بگەنە دەسەڵات بۆ ڕاکێشانی سۆزی کورد باسی ماف و کێشەی کورد و پێکەوەژیان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردیان کردووە ، لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلام دا ، تەنانەت جینۆسایدی کوردیشیان ڕەتکردۆتەوە ، و لە هەڵوێستەکانیشیاندا زۆر توند بوون دژی دەسەڵات و هاوکاری کوردیشیان کردووە . بەڵام لەگەڵ گەیشتنە دەسەڵاتیان جیهاد فەرمانێکی خودایی بووە بۆ لە نابردنی کوردی هەڵگەڕاوەی دەرچوو لە فەرمانی خودا ، ئیدی پێویستە چەتەکانی خودا هەموو هێزیان کۆبکەنەوە بۆ لە ناوبردنی ئەو کوردی محارەبەی خودا دەکات ، ئیدی ئاین هۆکارێک نیە بۆ پێکەوە ژیان و ئاشتی لەگەڵ کورد دا ، بەڵکو ئیدی ئاین جیهادە بۆ چەسپاندنی شەریعەت ! . لێرە دا بە دوو نموونە لە دوو سەردەمی جیاوازدا ، لە سەردەمی کوردی چەوساوە و کوردی هەڵگەڕاوە دا زیاتر تیشک دەخەینە سەر بابەتەکە :

یەکەم . کاتێک سەدام حسێن بڕیاری ئەنفالکردنی کوردی باشوری کوردستانی دا و بەهەشت قۆناغ ئەنجامیدا ، زۆربەی پارت و ڕێکخراو و بزووتنەوە و کەسایەتییە شیعییەکان دژی ئەنفالی کورد بوون و تەنانەت ( سەید باقر بەحرلعلوم ) بە فەتوایەک ئەنفالی کوردی حەرامکردوو ، و هەڵوێستێکی زۆر توندی دژی حیزب و حکومەتی بەعس و سەدام حسێن نیشاندا .

دووەم . دوای ئەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە دەنگدانەوەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی هەبوو ، ( فەتحوڵڵا گولەن)ی ڕابەری بزووتنەوەی خزمەت و مامۆستای ئەردۆغان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاک پارتی ، دژی حکومەتی عێراقی وەستایەوە و بە کارەساتێکی مرۆیی لە قەڵەمدا دژی میللەتێکی ماف زەوتکراوی چەوساوە .

بەڵام هەر ئەوەندەی ئەم گروپ و مەزهەب و بزووتنەوانە گەیشتنە دەسەڵات ئیدی دینیان لە جەوهەری بەتاڵکردۆتەوە ، و دینیان کردۆتە بەنزینێک بۆ سووتان و جینۆساید کردنی کورد ، هەر ئەو شیعەیەی عێراق پێش بوونە دەسەڵات ، لەگەڵ بەدەستهێنانی مافەڕەواکانی کورد بوو لە چوارچێوەی عێراق دا ، لە دوای دووهەزار و سێ وە کە بوونە بە دەسەڵات هەمیشە فتوای کافر بوون و لە دینهەڵگەڕانەوەی کورد دەدەن ، و کورد بە بەرهەڵستکاری مەهدی موتنەزر دەزانن ، و فتوای عەتلوعامکردنمان دەردەکەن و خوێن و ماڵمان بۆ ئەهلی بەیت حەڵاڵ دەکەن ، ئەو کوردەی لە ڕوانگەی مەزهەبی شیعەوە خاوەن حەق و ماف زەوتکراو ، و چەوساوە بوو ، هەمان کورد لە ئێستادا کە شیعە دەسەڵاتی یەکەمە هەڵگەڕاوە و لە خودا یاخی و ڕێگری بەردەم چەسپاندنی شەریعەتە !

هەروەها ئەو فەتحوڵڵا گولەنەی پێش بوونە دەسەڵات دژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو ، هاوخەمی کورد بوو ، کاتێک بوونە دەسەڵات لەگەڵ ئاکپارتی دا دوای ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل لە جزیرە و شڕناخی باکوری کوردستان دژی داگیرکاری و ڕەفتارە دوژمنکارانەکانی ئەردۆغان و ئاک پارتی وەستانەوە ، فەتوای دا کە سەر بەلاشەوە نەهێڵن ، تاش بە سەر تاشەوە نەهێڵن لە جزیرە و شڕناخ . ئەو ئیسلامەی بە هۆیەوە پاڵپشتی کوردیان پێدەکرد ، هەمان ئیسلام بۆ جیهاد و غەزا دژی کورد بەکاردەهێن !

سەرانی شوڕشی شیعی ئێران لە سەرەتادا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد لەسایەی ئەم شۆڕشەدا گەلی کوردی چەوساوە بە مافەڕەوەکانی شاد دەبێت ، و پێکەوەژیاا و دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی بنەمای کار و شۆڕشیانە ، بەڵام هەر لەگەڵ بوونە دەسەڵات داگیرکاری و جینۆسایدیان ئەنجامدا ، و کۆماری ئیسلامی بۆتە کۆماری سێدارە بۆ چالاکان و لاوی کورد ، و بە ناوی محارەبەی خوداوە درێژە بە چەوساندنەوەی خۆرهەڵاتی کوردستان دەدات .

ئیخوان موسلیمین لە هەموو ووڵاتە ئیسلامییەکاندا ڕەوتێکی میانڕەوی بێ چەکن ، بەڵام لە سوریا چەکدارن و مورتەزەقە و بەکرێگیراوی تورکیان بۆ پاکتاوی ڕەگەزی کورد .

ئیدی پێویستە کورد لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکی دا سیاسەت بکات و نەکەوێتە ژێرکاریگەری ئاین و هیچ ئایدۆلۆژیایەکەوە ، هێزی گەل بنچینەی وەرگرتنەوەی ماف و خاکێکی زەوتکراوە ، نەک دینی دەسەڵاتی دراوسێکانمان ، نەک دینێک بە تاڵکراوە لە جەوهەری ئاشتی و مرۆڤدۆستی دوور لە ناسیۆنالیستێکی دەمارگیری ، ئاین لای دراوسێکانمان پێش دەسەڵات هێزی ڕاکێشانی سۆزی کورد و پەیژەی سەرکەوتنە ، کاتی دەسەڵات ئاگر و ئافاتێکە بۆ جینۆساید ، ئەم سیاسەتە نەک هەر کوردی کردۆتە قوربانی ، بەڵکو خودی دینیش قوربانییەکی دەسەڵاتە ، بە جۆرێک بۆتە قوربانی لە قاڵبێکی توندوتیژدا ماوەتەوە ، و هەرچوار جوگرافیاکەش لە فۆڕمێکی قەیراناوی نائارام و شێواوی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی داتەپیودە دەژین ، و کەمینەکانیش لە دۆخێکی سەختی پڕ مەترسی ، و لەبەردەم ڕەحمی هەڕەشەی زۆرینەی خاوەن دین و دەسەڵاتدان . پێویستە کورد لە ناوخۆدا پەیڕەوی لەو پڕەنسیپانە بکات کە هەوێنی پێکەوەژیان و مانەوەی فاکتەری بەهێزی یەکێتی نەتەوەیە .

 

ئومید ناسح جیهانی.

 

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام