دۆخی هه‌رێمی كوردستان تادێت خراپتر ده‌بێت و كێشه‌كان له‌ قه‌یران زیاتر بوونه‌ته‌ گێژاو، به‌تایبه‌تی كێشه‌كانی نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستان، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌ستانی پڕۆژه‌ئابووریه‌كان و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری، تێكچونی سیسته‌می په‌روه‌رده‌و خراپ بوونی بواری ته‌ندروستی وئاوو كاره‌باو ڕێگاوبانه‌كان، ڕه‌وشی كاسبكاران و بڵاوبوونه‌وه‌نه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌رو خراپ به‌كارهێنانی ڕاگه‌یاندن به‌تایبه‌تی كه‌ناڵه‌كانی ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بۆته‌ ئامرازێكی ده‌ستی داگیركه‌ران بۆ تێكچونی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و هه‌ڵوه‌شانی كلتوری ڕه‌سه‌نی گه‌له‌كه‌مان، له‌هه‌مووشی زیاتر ناڕۆشنی ئاینده‌ی سیاسی ئه‌م هه‌رێمه‌ن، ڕێگاكانی چاره‌سه‌ریش له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ چه‌واشه‌ ده‌كرێن و ده‌سه‌ڵاتی باشوری كوردستانیش نه‌ك هه‌ر بێباكه‌،‌ به‌ڵكو هاوكارێكی ته‌واوی هێزه ‌داگیركه‌ره‌كانن بۆ زیاتر ته‌سلیمكردنی ئێراده‌ی گه‌له‌كه‌مان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌هۆی زیاتر پشتبه‌ستن به‌داگیركه‌ران هیچ ئیراده‌یه‌كی نییه ‌و دوای 27 ساڵ له‌حكومڕانی ئێستا له‌ دواخاڵی لاوازیدایه ‌و هه‌ر ڕۆژ له‌ده‌رگای داگیركه‌رێكی كوردستان ئه‌ده‌ن و له‌ده‌ره‌وه‌ی باشوری كوردستان بۆ چاره‌سه‌ری ده‌گه‌ڕێن نه‌ك له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌یانه‌ویت له‌ڕێگه‌ی عێراقه‌وه‌ گرێكوێره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆدزینه‌وه‌و هه‌ڵهاتنه‌ له‌و بێ چاره‌ییه‌ی كه‌هه‌موو حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات لێی به‌رپرسیارن، گه‌رچی هه‌ندێ حزب و لایه‌ن به‌هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌حكومه‌ت ئه‌یانه‌وێت ڕووی خۆیان سپی بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه ‌نایه‌ته‌ ئه‌وه‌ی هاتنه‌ده‌ره‌وه له‌حكومه‌ت چاره‌سه‌ری گێژاوه‌كه‌ ده‌كات، چونكه‌ دوای هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌حكومه‌ت بێ ده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌و ته‌نها له‌خه‌می ئه‌وه‌دان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا پێگه‌ی حزبیان به‌هێز بكه‌ن، نه‌ك له‌خه‌می چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا بن،‌ له‌كاتێكدا دۆخی ناوچه‌كه‌ و به‌تایبه‌تیش باشوری كوردستان هه‌ر هێزیكی ناوچه‌كه‌ ئه‌خوازێت له‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌باشوری كوردستان كردی به‌تایبه‌تیش دوای ڕووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر سوود وه‌رگرێت و هه‌ژ‌مونی خۆی زیاتر بكات، ده‌سه‌ڵاتی ئێران و توركیاش به‌جۆرێك له‌سه‌ر باشوری كوردستان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌ئێستادا حاكمییه‌تیان هه‌یه‌و ده‌كرێت بڵێین ئێستا له‌هه‌ركات زیاتر باشووری كوردستان داگیركراوه‌، بۆردومانی ناوچه‌كانی باشوری كوردستان له‌لایه‌ن توركیاو ناوچه‌كانی شارباژێڕ به‌هاوبه‌شی له‌لایه‌ن ئێران و توركیاوه‌ وهێرشه‌كانی توركیا له‌ناوچه‌كانی برادۆست و بێ وه‌ڵامی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان و بێ ده‌نگی حكومه‌تی عێراق نیشانی ئه‌دات پیلانێكی گشتگیر هه‌یه‌و ئه‌و بێ ده‌نگیه‌ش پشتگیرییه‌ له‌و پیلانگێڕییه‌، كۆكردنه‌وه‌ی هێزی توركیا له‌ناوچه‌كانی بن ده‌سه‌لاتی پ د ك ئاماده‌كارییه‌ بۆ جوڵه‌یه‌كی تری سه‌ربازی توركیا له‌ناوچه‌كه‌دا. ئه‌و ڕووداوه ‌سیاسیانه‌ و نه‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌رییه‌كی عه‌قڵانی له‌هه‌رێمی كوردستان هۆكاری خوڵقاندنی ئه‌و كێشانه‌ن كه ‌ئیستا ته‌واوی خه‌ڵكی باشووری كوردستانی خستۆته‌ دوخێكی ناهه‌موارو كاریگه‌رییه‌كی خراپی كردۆته‌ سه‌ر گوزه‌رانی خه‌ڵك.

كێشه‌ ئابوریه‌كان كۆمه‌ڵگه‌ی به‌ره‌و داڕووخان بردووه‌و ڕێگای كردۆته‌وه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵیك كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و دابران وڵێكترازانی كۆمه‌ڵگه‌، تاكو ئه‌و ئاسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بردووه‌ كه‌ دوای تێكۆشانیكی زۆر بۆ چه‌سپاندنی سیسته‌می فیدراڵی له‌عێراق و به‌ده‌ستهێنانی به‌شیك له‌مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌لام له‌ئێستادا و به‌هاندانی له‌لایه‌ن هه‌ندێ هێزه‌وه‌ به‌شاراوه‌یی هانی چین وتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌درێت له‌ئاستی ناوه‌ند خۆیان بچوك ببینن و به‌ناوی دابین كردنی موچه‌ی یه‌ك یه‌كی وه‌زاره‌ته‌كان ڕووی له‌ناوه‌ند بكریت، ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی ئاشكرایه‌و هۆكاره‌كه‌شی به‌رده‌وامی ئه‌و ململانێیه‌ی نێوان هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی بێ ڕۆڵكردن و دروستكردنی مه‌جالێك بۆ تێكچوونی سیسته‌می فیدراڵی له‌عێراق. بۆیه‌ ده‌بێت هه‌رچی زووه‌ سیسته‌می موچه‌ چاكسازی تێدا بكرێت و گوزه‌رانی خه‌ڵك چاك بكرێت.

به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ش خۆپیشاندان و سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی خه‌ڵك و ده‌نگی ناڕه‌زایی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كان نیشانی ئه‌دات له‌به‌ر نه‌بوونی پێشه‌نگایه‌تیه‌كی ڕێكخستنی نه‌توانرا بگاته‌ ئامانجی خۆی، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ئیتر كۆمه‌ڵگه‌ جارێكی تر چالاكیه‌كانی به‌رده‌وام ناكات ده‌ستبه‌رداری داخوازییه‌كانی ده‌بیت، به‌ڵكو تاكو گۆڕانكاری و چاكسازی له‌به‌ڕێوه‌بردن و گوزه‌رانی خه‌ڵك هه‌میشه‌ هه‌ناوی خه‌ڵك ده‌كوڵێت بۆ خۆپیشاندان وسه‌رهه‌ڵدانی نوێ. ده‌بێت داخوازی خه‌ڵكیش ته‌نها له‌ مه‌جالی په‌روه‌رده‌ نه‌مێنێت و ته‌نهاش بۆ موچه‌ نه‌بێت به‌ڵكوگه‌ندیڵییه‌كان زۆرن وته‌واوی جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی گرتۆته‌وه‌و ته‌واوی خه‌ڵكیش گرێدراو ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیاری یه‌كه‌مه‌و ده‌بێت گۆڕانكاری تێدابكرێت، ده‌بێت هه‌ركه‌سیش ئه‌و ڕاستییه‌ی لابه‌رجه‌سته‌بیت كه‌ئیراده‌ی خه‌ڵك توانای هه‌ر وه‌رچه‌رخانێكی هه‌یه‌و نابێت فه‌رامۆش بكریت.

له‌ئێستاد به‌ره‌یه‌كی دیموكراتی ئۆپۆزسیۆنی ناو گه‌ل بۆ باشووری كوردستان پێویستیه‌كی هه‌نوكه‌ییه‌و ئه‌وه‌ش ئه‌ركی ئێمه‌و ته‌واوی خه‌ڵكی دیموكرات و دڵسۆزو خه‌مخۆری گه‌له‌كه‌مانه‌، ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ش بزانین ئه‌و هێزو لایه‌نانه‌ی خۆیان به‌ئۆپۆزسیۆن نیشان ده‌ده‌ن ئه‌وان ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵات خوازن و ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵك بكه‌ن و وه‌ڵامی داخوازییه‌كان بن، له‌ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات هه‌موو چاره‌سه‌ریه‌كان فه‌رامۆش ده‌بن.

نه‌بوونی زهنیه‌ت و به‌ڕیوه‌به‌رێتیه‌كی دیموكراتی هۆكارو سه‌رچاوه‌ی ته‌واوی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، هه‌موو ئه‌وانه ‌پێمان ده‌ڵێن باشووری كوردستان چاره‌سه‌رییه‌كی خێرای ئه‌وێت و ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ش به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ شكستخواردووه‌ ناكرێت، ڕێگه‌ چاره‌ی گونجاو ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت له‌مۆدیل و شێوازێكی نوێ بگه‌ڕێن بۆ چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌یی و ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌یه‌كی دیموكراتی پێكبهێنرێت وله‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نێكی كاتییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت و ڕێگا بكاته‌وه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی بێ ساخته‌كاری، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بیت كۆمیسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی بێ لایه‌ن پێبهێنرێت بۆ هه‌ڵبژاردن. چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد و كێشه‌كانی داهات و موچه‌ و دۆسیه‌كانی نه‌وت و كانزاكان له‌لایه‌ن ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ كاتیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت.

دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی چه‌ند لایه‌نێكی ناو حكومه‌ت و له‌ئێستادا نه‌په‌رله‌مان و نه‌حكومه‌ت شه‌رعیه‌تیان نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ش دوای ڕوداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر هێڵه‌كان زیاتر ڕوون بوونه‌وه‌ و ڕووی ڕاستینه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌رخست كه‌ نه‌ توانای پاراستن و نه‌ توانای به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستانیان نییه، به‌تایبه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، دوای قوربانی دانێكی زۆرو به‌هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌باشوری كوردستان زۆر هه‌رزان به‌پیلانی داگیركه‌ران نیوه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ ته‌سلیم كران وكه‌وتنه‌وه‌ بن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند، ئێمه‌ پێمان وایه‌ نه‌ده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان و نه‌ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ناتوانن كێشه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ له‌ڕوانگه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر نابێت به‌ڵكو هێڵی تێكۆشانێكی دیموكراتی بۆپێكه‌وه‌ ژیانی ته‌واوی پێكهاته‌كان ئه‌توانیت له ‌خۆبه‌ڕیوه‌به‌رییه‌كی دیموكراتیدا چاره‌سه‌رییه‌كی ڕیشه‌یی له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت. بۆیه‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ خۆبه‌رێوه‌ به‌ری دیموكراتی به‌گونجاو ده‌بینین و تێكۆشانی بۆ ده‌كه‌ین و بانگه‌وازی له‌گه‌له‌كه‌مان و ته‌واوی پێكهاته‌كانی ئه‌و ناچانه‌ ده‌كه‌ین به‌ده‌م باگه‌وازیه‌كه‌مانه‌وه‌ بێن و هه‌روه‌ها كه‌سانی دیموكراتیخوازیش بانه‌گه‌واز ده‌كه‌ین ڕۆڵی تێدا ببینن.

وه‌كوتر له‌ئێستادا و دوای ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌ كوشندانه‌ی ده‌سه‌ڵات و دوای ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و دوای ئه‌و هه‌موو ناڕه‌زایه‌تییه‌ی خه‌ڵك و ئه‌و هه‌موو بێ چاره‌ییه‌ی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات، له‌ئێستادا پێویست به‌گۆڕنكارییه‌كی ڕیشه‌ییه‌ هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ ده‌بوو هه‌ڵبژاردنی ئاوارت بكرایه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ واده‌ی فه‌رمی هه‌ڵبژرادنی په‌رله‌مان تێپه‌ڕیوه‌ و هێشتاش حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات ته‌نها له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و بێ هیچ هۆكارێكی پێویست ئه‌یانه‌وێت واده‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌واده‌ی درێژكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان درێژ بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌رچی زووه‌و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بكریت و چیتر دوا نه‌خرێت. له‌ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌ودۆخه‌ی ئیستا ئه‌وا باشوری كوردستان ڕووبه‌ڕووی ئاینده‌كی ناڕۆشنترده‌بێته‌وه‌.

بۆچاره‌سه‌ری دۆخی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و ڕزگاربوونی گه‌له‌كه‌مان له‌و باره‌ ناهه‌مواره‌، بانگه‌وازی له‌گه‌له‌كه‌مان و ته‌واوی پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌و هێزه‌ دیموكراتی خوازه‌كان ده‌كه‌ین هێزو توانامان بخه‌یه‌نه‌لای یه‌ك بۆ چاره‌سه‌رییه‌كی ڕیشه‌یی و له‌و چوار چێوه‌یه‌دا ئێمه‌ به‌بیری ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌پڕۆژه‌یه‌كمان له‌به‌رواری
25 / 10 / 2017 ده‌رخستبوو له‌ئێستادا پێویسته‌ كاری پێبكرێت.

 

لینكی پڕۆژه‌كه‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان

http://tevger.co/Drejey-hawal.aspx?id=19094&LinkID=1

 

ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی
ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان
13 / 2 / 2018

تایبەتمەندییەکان: دۆسیە

زیادکردنی وەڵام