بەرپرسێکی پایەبەرزی هەواڵگریی عێراق، شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی ئاشکرا دەکات.

ئەبو عەلی بەسری، بەرپرسی “شانەی هەڵۆکان” و بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگریی و روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: دۆخی دەرونی و تەندروستی ئیبراهیم عەواد سامەڕایی ناسراو بە ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی یەکەمی داعش زۆر خراپە و لە نەخۆشخانەیەکی ناوچەی جزیرەی سوریا خراوەتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە و بەهۆی خراپی دۆخی دەرونی و شکانی ئیسکی قاچی و برینی سەختەوە توانای هەڵسوکەوت و رۆیشتنی نەماوە.

بەسری، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمی عێراق رایگەیاندوە: تاوانبار ئەبوبەکر بەغدادی تائێستاش لەسەر سنورەکانی عێراق و سوریایە لەناوچەی جزیرە و بەڵگە و زانیاریی وردی هەواڵگرییان لایە کە ئێستا تاوانباری یەکەمی داعش لە کۆتایی ژیانیدایە و دۆخێکی خراپی تەندروستی و دەرونی هەیە.

ئەو بەرپرسەی عێراق جەختی کردوەتەوە کە بەپێی چاودێریی و زانیارییەکانی شانەی هەڵۆکان و شیکاریی و لێکدانەوەی پسپۆڕەکانیان، سەرەڕای توشبونی بە نەخۆشی شەکرە، ئەبوبەکر بەغدادی زۆربەی جەستەی برینە و قاچی شکاوە و بەپێی یارمەتی کەسە نزیکەکانی ناتوانێت بجوڵێتەوە.

هاوکات، تۆڕی (سی.ئێن.ئێن) لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردوەتەوە کە ماوەی پێنج مانگە وازی لە سەرۆکایەتی داعش هێناوە، دوای برینداربونی لە مانگی ئایاری ساڵی رابردو بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە.

تۆڕەکە بڵاوی کردەوە؛ بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریکا، ئەبوبەکر بەغدادی کە داواکراوی یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە لە نزیک رەققە پێکراوە و بەتەواوەتی لەکارخراوە و توانای سەرکردایەتی رێکخراوەکەی نەماوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام