ئەوەی بەڕێزت سەرتاپا نیگەرانیە،یان جۆرێکە لە بێهیوایی،کە یەخە بە هەموومان ئەگرێت،زۆرجاران واملێدێت ئەو پرسیارانەو دەیان پرسیاریتر لە خۆم ئەکەم؟ ئەم ڕاکە راکە تاکەی؟ئەم شەڕە تا کەی؟ کام ئاکام وکام نەتیجە؟ بۆو لە پێناوی چیا کە کۆمەڵگا پڕبووە لە قازانج خۆری و پیس خۆری،کە دەستێک نیە بیگریت و بڵێی،ئۆخەی دەستێکی میهرەبان،ئەمما ڕاستگۆم دۆزیوەتەوە،تاکو تەنها کام ڕێگاو کام هەوار؟ئەسڵەن هەوارێک بوونی هەیە؟یان مەحکومین بە ڕاکردنێکی هەتا هەتایی؟ئایە مەنفا تەنها دووریە لە نیشتیمان،یان مەنفایەکی نادیدەو نابوون هەیە وەک توانەوە لە هیچدا،ئێستا خۆ تەنها باسەکە قوربانی دان و یاخی بوون نیە،کێشەکە سادق بوونە،پاکیە،تۆ لەبەر ئەوەی ڕاستگۆیت،پاکیت،ئەکەویتە بەر هێرش،ئەڵێن نابێ وابیت،ئەم کۆمەڵگایە جوانی قبوڵ ناکا،پیس نەبیت جێگایەک بۆ بوونت نیە،دەبێت وەک ئێمە پیس خۆر بیت،خراپە بکەیت،هەموو شت بفرۆشی،قازانج خۆر بیت،ئەگەر نا نەفرەتاویت

خۆ مەرج نیە ئینسان باجی خراپە کاری بدات،ئێمە باجی چاکەکاری دەدەین،من درەنگ تێگەیشتم کە چاکەکاریش باجی هەیە،ڕاستگۆیی،پاکی،خراپترین و قورسترین باجی هەیە،هەموو دنیا ڕاوت ئەنێت،کۆمەڵگا دەرگاکانی خۆیت لەسەردائەخا،دەسەڵات یان ئەدکوژێ یان هەوڵ ئەدا گومناوت بکا،تەواوی مێدیاکان دەرگاکانیان قوفڵ ئەدەن،ناوت ئەبێتە ناوێکی خەتەرو خراپ،چونکە وەک ئەوان نیت،ئەگەر سەیری کۆمەڵگاو دەسەلات و میدیاکانی بکەیت،بە ئاشکرا ئەوە ئەبینی،ئەڵێ یان تەسلیم ببە بە من یان نابێ ببی،تەسلیم ببە بە درۆ،ڕیاکاری،دەستبڕین،ساختە،خیانەت و پیس خۆری،خۆ ئەمە هەر ئێمەی مەحکوم نەکردوە،مێژوو پڕە لەوژن وپیاوانە،کە ئاوا مەحکوم کراون.

با وایدابنێین،ئەم شەڕە دواجار ڕەنگە شەڕێکی بێهودە بێت،بێهیوات بکات و زوو پیرت بکات،یان بتکوژن و بتسڕنەوە،بەڵام بەگژاچونەوەیەکە،دەنگ و ڕەنگێکە،لای من دژی ستەمکاری لەزەتە،تێکۆشان دژی بێدادی و چەوسانەوە جۆرێکە لە خۆشبەختی و ویژدان ئاسودەیی،ئەوەی بۆقازانجی تایبەت،بۆ گیرفان و دەسەڵات تێکۆشان دەکات دژی ستەمکاری،ئەگەریش سەرکەوت دەبێتەوە بە ستەمکار،چونکە لە ئەوەڵەوە بۆ قازانجی خۆی دژی ستەمکاری بووە،نەک ئەوەی ستەمکاری بسڕێتەوە،ئەم شەڕە هاوارێکە ئەگەر ئەمڕۆیش نەگا سبەی دەگا،من دەمێکە دەزانم،دەمێکە لەوە تێگەیشتووم،کۆمەڵگا گوتاری درۆینە، پیاهەڵدانی درۆینەی دەوێ،خۆت گیرفانت پڕ بیت و شاهانە بژی،لە چوارجێگا باوەش بکە بە چوار هەژاردا،ئیتر تۆ بدزە،تالانی کە،باشی باشی،کەس ناپرسێ ئەو باوەشە کام تیکە نانی بە سفرەی ئەو هەژارە زیادکرد،خەڵکی هێندەی چاوی دەبینێ،ئەقڵی نابینێ،مێشکی نابینێ.

زۆر گەنج بووم ڕۆمانەکەی”حەمە دۆک”م خوێندەوە،سەردەمی بەعس بوو،زۆر بێهوا بووم،تروسکەیەک ڕوناکیم نەئەدی،لەو ڕۆمانەدا،حەمە دۆک تووشی ڕەش بینی ئەبێت،چەشنی ڕەشبینیەکان وبێهیواییەکانی من.

ئەو وەک کوڕە شوانێکی هەژار،خەجیجەی خۆش ئەوێ،کچی عەبدیخان ئاغای گوند،ئەویش کچەکەی ئەداتە برازای خۆی،نایداتە کوڕە هەژارێکی بێ نانی ئاوایی،حەمە دۆک خەجیجە ئەڕفێنێ وهەڵدێ،لە شەڕیکا خەجیجە ئەکوژرێت و دوای ئەمیش”عەبدی خان”ئەکوژێ،”هەمزە کەچەڵ”ی برای دێتە جێگای ئەویش ئەکوژێ،”علی سەفا بەگ” وەک ئاغا بڕسکی لە خەڵک بڕیوە،ئەویش ئەکوژێ،دواجاربیرئەکاتەوە،هەرئاغایەک ئەکوژێ ئاغایەک دێتە جێگای،ئەم کوشتنە تاکەی بەردەوام بێت،دواجار دادی خۆی ئەباتە لای کابرایەکی دەوارنشینی دنیا دیدەو ئەپرسێ،من چیبکەم؟ فلانم کوشت فلان هات،ئەوم کوشت ئەویتر هات،هەر ئاغایەک ئەکوژم ئاغایەکی تر دێت،تا کەی ئەم کوشتنە بێ هۆ بەردەوام بێت؟،ماندوو بووم،ئەویش ئەڵێ،ژیان هەمیشە وابوە،وەک تاریکی و ڕوناکی،ئەم دەڕواو ئەو دێ،راستی و درۆ،پاکی و پیسی،ئەمانە هەر هەبوون و هەرئەمێنن،عەبدی خان ئەکوژڕێت،هەمزە دێت،هەمزە ئەکوژرێت علی دێت،علی ئەکوژرێت، فلانی دێت،حەمە دۆک ئەکوژرێت،ڕەحمان دۆک دێت،ئەم ئەکوژرێت فلانی دێت،ئەمە یاسای ژیانە.

ئیمەیش ئێستا ئاواین،بووینەتە ئاسکەکەی شێرکۆ بێکەس،شاخمان لە بەینی دوو کەرتە شاخی بەردین گیر بووە،ئەجوڵێین شاخەکانمان ئەشکێت،ناجوڵێین خۆمان ئەمرین،کوڕانی ئاوایش خۆ بوونیان نیە،تا بێن ئاسکەکەو شاخەکانی ڕزگار کەن،ئەگەربە پێوانەکەی شێرکۆ،ئاسکەکە نیشتیمان بێت کە هەیە.

کەواتە لە تێکۆشان،لەشەڕ دژی ستەمکاریدا،ئەکرێ بیهیوا بین،ئەکرێ خۆش نەژین وتا مردن راکەین،ئەکرێ تەمەنێک زیندان بین و یان لە جێگایەکدا بکوژرێین،دیسان ئەبێت ئەو دەرکەمان هەبێت،لە هەمو ومەیدانەکاندا،ئەوەی ئیستا بوونی هەیە،بەرهەمی تێکۆشانی تەرزێکە لە ئینسانەکان،لەو بڕە ئینسانانەی کە هەوڵیان داوە ژیان جوان بکەن،دواجار بیرت نەچێ،ئێمە تێکۆشانی خۆمان ئەکەین،بێ نان ئەبین،بێهیوا ئەبین،زیندان ئەکرێین وهەمیشە رائەکەین،ئەوە کە پێمان وایە دنیا ناگۆڕێ،لەبەر ئەوەیە ئەمانەوێ خۆمان بیبینین،بۆ خۆمان بێت،کەواتە دڵنیابە دنیا،کوردوستان ئەگۆڕێ،تەنها کاتی خۆیی ئەوێ،چەندە باش تێکۆشان باش و جدی بکەین،زۆر ماندوو بین،ئەوەندە گۆرانکاری نزیک ئەبێتەوە،بێرکردنەوە لەوەی خۆمان بەرهەمی ڕەنجەکانمان ببینین،خود پەسەندیە،خود پەرستیە،دەبێت کار لەسەر ئێستاو ئایندە بکەین،بە تێکۆشانەوە بمرین و نەوەکان بە خۆشیەکانی بگەن.

سوپاس

 

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام