ئەمە چ جیهانێکە تێدا مرۆڤ وا خەساوە ناتوانێ  پرسیار بکات ، گومانبکات ، توڕەبێت و بڵێت ئەم ناعەدالەتیە بۆ؟ ناتوانێ ئەلتەرناتیڤێکی دی لە سیاسەت ، لە کەلتور ، لە جیهانبینی بخوڵقێنێ؟ ئەمە چ جیهانێکە تێیدا لەسەر سفرەی خواردن و عەیش و نۆش سەیری مەرگی کوبانی دەکەین و بەردەوام دەبین لە خواردن وەك ئەوەی هیچ ڕووینە دابێت؟ هێشتا سفرەکەمان نەپێچاوەتەوە هەواڵی قەسابخانەی عەفرین تۆپبارانکردنی لە لەلایەن تورکیا دەبیستین و ناپرسین ئەمە چ دنیایەکە ، ناپرسین چی دەگوزەرێ و بۆ؟  لە دەستدانی ئەم هەست و ویژدانە بۆ؟ ئەمە چ عەقڵانیەتێکە حوکمی تورکیا دەکاو بەهانە دادەتاشێ بۆ ئەم هەموو زوڵم و ناعەدالەتیەی ، کە هەموو سەعاتێ لە کوردستانی ڕۆژئاوا ڕوودەدەن؟  ئایا عەقڵ لێپرسراوە یا ناعەقڵ لەم جیهانە ، کە خۆی وەك ” باشترین جیهانێك کەشیاوە” دەخاتە ڕوو؟ ئەم پرسیارانەو دەیەها پرسیاری دی دەبێت ویژدانی ئەوانەمان کەدەمانەوێت مرۆڤ بین لە جۆرێکی دی بوروژێنێ مرۆڤێ لەنێوان مرۆڤ و خوادا ، بەڵام سەرەتا دەبێت ئازادبین و دنیا ڕووتبکەینەوە لەو هەموو بەرگ و پەلاسە درۆینەی ، کە بۆی دووراوە ڕووتیبکەینەوە لەو هەموو هالە پیرۆزییەی ، کە بەدەوریدا کێشراوە ئەو هەموو دیوارو حەسارەی کە، گووتارەکان بۆیان دروستکردووە دەبێت بیڕوخێنین بۆئەوەی بیبینین وەك ئەوەی ، کە هەیە هیچ نیە جگەلە جیهانێك پڕ لە عەدەمیەت پڕ لەناعەدالەتی پڕ لەڕیاکاری بێباکی و تاوان و تاوان.

 

جیهانێك پڕ لە بێئمانی لە بەرگی ئیماندا ، پڕ لە درۆ لەبەرگی حەقیقەتدا ، پڕ لەگەمژەیی و بیرنەکردنەوە لەبەرگی عەقڵ و زانستدا ، پڕ لەتاوان دژ بە مرۆ بەناوی ئازادی مرۆڤەوە ، پڕ لەهەمەجیەت بەناوی شارستانیبوونەوە، پڕ لە ڕیاکاری بەناوی سەربەخۆبوونەوە ، پڕ لەستەمکاری بە ناوی دیموکراسیەوە ، پڕ لەمێگەل بەناوی تاکگەراییەوە ، جیهانێك کە کۆیلەکان حوکمیدەکەن ، کۆمەڵانی خەڵك حوکمیدەکەن ، بەڵام بەناوی سەروەرەکانەوە جیهانێك ، کە لەمێژە ئەخلاقی سەروەرو جوامێری سەروەرانەی تیرۆرکردووەو ئەوەی ماوەتەوە فڕت و فێڵ و فێڵبازی عەبدەکانە، جیهانێك ، کە هەموو شت تێدا ڕەوایە ، کوشتنی دیل و داکەندنی سەعات و زنجیرو پێڵاوی کەسی کوژراو لە گۆڕەپانی جەنگدا ، کوشتنی منداڵانی عەفرین لەلایەك و بۆمبارانکردنی منداڵانی عەفرین.

 

هەموو شت ڕەوایە ، گەمژەیی و بێباکی و بێویژدانی و بێعەقڵ و درۆ و کوشتن ، بەڵام هەر هەموو لەژێر ناوی جیادازبووندا تاکە کەسی بووندا ، بەها موقەدەسەکاندا لە ژێر ماوی مۆدێرنبووندا ، بنەڕەتخوابووندا ، کوشتنی عەقڵ بەناوی خوداوە ، کە خۆی خودا هیچ نیە جگە لە عەقڵ پەروەردەکردنی ڕیاکاری بەناوی ئیمانەوە، کە ئیمان هیچ نیە جگە لە ئامێزگرتنی حەقیقەت ، بوون بەعەبدی بتەکان بتی بازاڕ بتی نەتەوە بتی ئایدیۆلۆژیا ، بتی شاستانێتی ، بتی ئایینی و بتی ڕەگەز.

ئەمڕۆ ئێمە لە جیهانێکدا دەژین ، کە تورکیا بەناوی سیاسەتمەدارەوە بڕیاردەدەت چۆن بژین ، چۆن بیربکەینەوەو بیر لە چی بکەینەوەو چی بپۆشین و باوەڕمان بەچی بێت ، ئەولە وەیاتەکانی ژیانمان کامانەبن ؟ کام کتێب بخوێنینەوە؟ کام بەها بەپیرۆز لەقەڵەم بدەین؟ هەر خۆشیان بڕیار دەدەن کێ تیرۆریستە؟ کێ مەدەنیە؟ کێ دیموکراتە؟ کێ توڕەیەو کێ سالمە؟ کێ خاوەنی بەهایەو کێ شوێنی مەترسییەو کێ دەبێت بژێت و کێ دەبێت بکوژرێت ؟ ئۆرغان بڕیاردەدە مرۆڤ بوون یانی چی؟ مرۆڤی چاك کێیەو خراپ کێیە؟ کام خودایە دەتوانین بپەرستین ، نەفرەت لە کام خودایە بکەین کام ئایین مەدەنیەو کامەی دەبێت سەنگەسار بکرێت.

تورکیا ئەو وڵاتەی گوایە دیموکراسییە لە نێو دەریای ستەمکاریدا ، بەڵام  سیاسەتی تورکیا دژ بەهەموو جوڵانەوەیەکی دیموکراسییە لە دنیای ئۆردغان بە شەکرۆکەکانی دیوەخانی ئۆردغان شکستی هێزی ئازادیخواز لە وڵاتی تورکیادا لە بەدیهێنانی سیستەمی ستەمکاری ، کە مێژوویەکی درێژی هەیە لە تورکیا ، ستەمکاری و جەهل و هەژاری دنیای ئەم وڵاتە ئیجا شکستی ئیسلامیش وەك ئاین لە قووتاربوون لەو تەنگەتاوەی ، کە چەند سەدەیەکە تێیکەوتووە بەهۆی هێزی ڕیاکتیڤەکانی نێو دنیای ئیسلامەوە ، شکست لە ڕزگاربوون لە تەفسیری یاسایی و ئیجرائی تێکستە پیرۆزەکان، شکستی ئایدیۆلۆژیاکانی خەونببینین بە سیستەمێکی کاولانەترەوە کەتێدا ئازادی فەراهەمبکا بۆ تاکە  کەسەکان تا ئەگەرەکسنیان تاقیبکەنەوەو ڕێگە لەبەردەم بەهرەی کەسەکاندا ئاوەڵابکرێت.

 

 

 

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام