هاوسەرۆکایەتیی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی کانتۆنی عەفرین، داوای پشتگیریکردنی عەفرین-ی بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورک، ئاراستەی جیهان کرد.

ئەمڕۆ، هاوسەرۆکایەتی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی کانتۆنی عەفرین، لەبەردەم بینای خۆبەرێوبەریی کانتۆنەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و ڕاگەیەندراوێکی ئاڕاستەی ڕای‌گشتی کرد.

هاوسەرۆکایەتیی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی کانتۆنی عەفرین لە ڕاگەیەندراوکەدا ڕایگەیاندوە “سوپای تورکیا لە ڕۆژی ٢٠ی مانگەوە هێرشی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین دەستپێکردووە، سوپای تورک و چەکدارە تونژئاژۆکان لە نۆ ڕۆژی ڕابردوودا بە چەکی قورس و فرۆکەی جەنگیی، هێرش دەکەن و منداڵان و ژنان و هاوڵاتیان دەکەنە ئامانج”.

هاوەسەرۆکایەتی خۆبەرێوبەری عەفرین ئاماژەیان بەوەشداوە “سوپای تورکیا بەو هێرشانە بەنیازە ئیمپراتۆری عوسمانی لە ناوچەکەدا پێکبێنێت، بەڵام سەرەڕای هەموو دڕەندییەکان و هێرشەکانیان، هاوڵاتیان و شەڕڤانانی هەسەدە بەرخۆدانی مێژووییان ئەنجامداوە و ڕێگەیان نەداوە تەنانەت هەنگاوێکیش پێشڕەوی بکەن”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەد، هاوسەرۆکایەتیی خۆبەڕێوەبەریی عەفرین بانگەوازیی هەموو گەلی کورد لە سەرتاسەری جیهان و دۆستانیان کردووە “پشتیگریی بەرخۆدانی عەفرین بکەن و دڕندەییەکانی حکومەتی ئەردۆغان لەدژی مرۆڤایەتی بە ڕایگشتی ڕابگەیەنن”.

 

ئەو ڕاگەیاندراوەش لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە میدیاکانی نزیک لە یەپەگە بڵاویانکردەوە “لەدوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک‌شەممەەوە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا پاش ئەوەی لە گوندی گوبەلی سەر بە شێراوا کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە و دواتر فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا دەوروبەری کامپی پەنابەرانی ڕووباریان بۆردوومان کرد، کە زیاتر لە پێنج هەزار ئاوارە تێیدا دەژین”.

 

هاوکات دوێنێ شەممە ئەنژێلا ڕەشۆ و جوان محەمەد بەرپرسانی باڵای تەندروستی عەفرین ڕایانگەیاند “لە سەرەتای هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورک و چەکدارانی سەر بەتورکیاوە بۆ سەر عەفرین، 86هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون، کە6 لەو شەهیدانە، ئەندامی یەک خێزانن هەروەها 198هاوڵاتیش برینداربوون، زۆرینەی شەهید و بریندارەکان ژن و منداڵن”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام