ئاوایە ئەم شارە!

لەهەر چیایەکی کوردوستان درەختێ بەلادا
بێ،چڵێکی سلێمانی تیایە،

ئاوایەئەم شارە!

هەر باخچەیەک گڕ بگڕێ،گوڵێکی سلێمانی هەڵئەقرچێ.
هەر بەردێک تلبێتەوە، تەڵاشێکی سلێمانی ئەبێ بە خۆڵ.

ئاوایە ئەم شارە!

لەهەر پایتەختێکەوە داگیرکەر هێرش کا،
سنگی لاوێکی ئەم شارە ئەبێتە مەکۆی فیشەک.
بێنە ژێر ئاسمانی هەر پارچەیە لەم نیشتیمانە ،
گەشترین ئەستێرەی ئەم شارە گیانی ئەبەخشێ،

ئاوایە ئەم شارە!.

هەر دەوەنێ بسوتێنن،کەوباڕێکی ئەم شارەی
تیایە،
هەر کانیەک وشک بکەن،ژنێ،پیاوێکی ئەم شارە ئەخنکێ،
هەر باڵندەیەک بکوژن باڵێکی هی ئەم شارەیە.

ئاوایە ئەم شارە.

ئێوە بڵێن!

کام بستە زەمینێکی ئەم نیشتیمانە خوێنی ڕۆڵەیەکی ئەم شارەی تیا نەڕژاوە؟
کام گابەرد هەیە بە خوێنی لاوێکی ئەم شارە سور نەبووبێ!

ئێوە بڵێن قامچی کام سەجان پشتی پیاوێکی
ئەم شارەی نەکێڵاوە؟

سلێمانی خۆشەویستی کوردی بەدەست هێناوەو
ڕقی هەر چوارپایتەختی داگیرکەر.

ئاوایە ئەم شارە!.

ئارام ئەحمەد
27/01/2018

تێبینی:وێنەکە وێنەی محەمەد سلێمانیە کەلەعەفرینی کوردوستان شەهید کرا.

تایبەتمەندییەکان: هۆنراوە

زیادکردنی وەڵام