ئەم نوسینە تەنها روانینێکی ترە بۆ بومەلەرزە
 لەپاڵ ترسی مرۆڤ لە بومەلەرزە بەهۆی ئەو کارەساتانەی لەدوای خۆی جێیدەهێلیت جوانییەکی سەیر تێدا حەشارە کە لە رووداوە سروشتیەکانی تردا نابیینرێت، ئەویش ئەوەیە بومەلەرزە تەنها رووداوێکی سروشتیە دێتە ناو هەموو ماڵەکان و ئەوکاتەی مرۆڤ دڵنیاترین و ئاسودەترین شوێن و جێگای مانەوە بۆ خۆی چێدەکات هێشتا ناتوانیت لەوە دڵنیابێت کە رۆژێک بومەلەرزە زەفەری پێنەبات.
چون بومەلەرزە ئەو کارەساتەیە زیاتر روو لەو شوێنانە دەکات کە مرۆڤ زیاتر بیری لەبوونی خۆی و سەلامەتی خۆی دەکاتەوە، لە ساتی بومەلەرزەدا مرۆڤ لە دڵناترین شوێنەکاندا هەست بە ترسیکی گەورەدەکات و لە دڵنیاترین ئەو شوێنانەی بۆ مانەوەی خۆی چێیدەکات هەڵدێت و ئەویش وەک هەر مرۆڤێکی تر لە دوورەوە و لەناو مرۆڤەکانی تردا بە ترسەوە لە ماڵە ئارامەکەی دەروانیت.
بەهۆی جوانی باران و بەفرەوە زۆرکات بووە چێژم بینیوە، بەڵام شەرمیشم لەوەکردوە من چێژ لە شتیک دەبینم کە دەزانم چەندان منداڵی بێلانە و ئاوارە دەبێت تێکرای رۆژان و شەوانیک بەسەرما و هەڵلەرین بەسەرببەن و لەو ساتانەدا لە خۆمم پرسیوە ئایا بەفر هەمان جوانی دەبوو ئەگەر من منداڵی ناو کەمپێک بومایە کە بەهۆی جەنگەوە نیشتمانی خۆی جێهێشتووە؟!
ئایا لەو کاتەی من جێژ لە باران و بەفر دەبینم لە ژوورێکی گەرم کە زۆپا و هەموو هۆکارێکی گەرمی تیادایساوە چ جیاوازیەکم هەیە لەگەڵ ئەو مامۆستایانەیە کاتێک منداڵ بووین و لەسەرماندا هەڵدەلەرزاین زۆپاکەی لە خۆی نزیک دەخستەوە و ئێمە چۆقەی ددانمان دەهات! دەبیت چ جوانناسییەکی بێویژدانانە بێت من لە ئۆفیس یان مالێکی گەرمدا چێژ لە بەفر ببینم!
زۆر شەوان هەبووە چێژم لە دەنگ و هێزی رەشەبا بینیوە و شەوانی رەشەبا زیاد لەهەموو شەویک خەوم خۆشتربووە و رەشەبا بووەتە لایلایە و بەغەدرم زانیوە کە رەشابە بەوجۆرەوە ناونراوە و وتومە هەق بووە ناوبنرێت شەڕەبا، وەلی ئەم ناونانەی من هیچ لە کارەساتی ئەو ماڵە هەژارانە کەم ناکاتەوە لەو شەوانەدا دیواری مالەکانیان دەروخێت و تا بایەنی لەترسدا دەژین، بێگومان رەشەبا بۆ ئەمان ترسە لە رۆژێکی رەش.
لە شەوانی بەفر و بارانی بەلیزمەدا پرسیاری من لە خۆم ئەوە بووە لەم شەوانە چ کتێبێک جوانە بیخوێنمەوە؟ چ کتێبێک لە دەگەل دەنگی مۆسیقای باران و رەنگی هێمنی بەفردا دەسازێت و چێژبەخشە بۆ خویندنەوە؟ ئیدی بە من چی مندالیکی هەژاری کاسب لە شەویش لەترسی سەرمای کاتی کەسابەتی بەیانی خەوی ناچێتە چاو.
ئەوکاتەی منداڵ بووم و لەگەڵ باوکم دەچووم بۆ ئیش زۆرکات بووە لە ترسی ئیشی قورسی بەیانی و زوو هەستان لە خەو و تێرخەو نەبوون و هیلاکی رۆح و جەستە شەوان و کاتی خەو لە ترسدا لەخەو راپەریووم و خەوم لینەکەوتوەتەوە، رۆژانێک بووە کارم کردووە و سەرما هێندە بووە کاتێک ئاگریکم کردۆتەوە تەنها ناولەپم گەرمداهاتووە وەلێ لە ترسی دوکەڵ بۆناوجاوم نەمتوانیوە لەو تۆزە ئاگرەش نزیک ببمەوە تیکرای رۆژێکم بە تەزیوی هیلاکی بەسەر بردووە.ئایا بۆ منداڵیکی ئاوها سەرما هەمان جوانی هەیە؟
زۆرکات بووە لەگەڵ هاورێیەک یان دۆستیک بۆ شوێنێک چووم یان گەرامەتەوە ماڵ تا بەردەم درگای ئەو شوێن و جێگایانە گەیاندومی نەک ئەوەی کۆلانیک یان دووان ببڕم و دواتر تەڕببم بە میهرەبان و خەمخۆرانەی پێیوتوم” چۆن تا بەردەرگا ناتگەیەنم بارانە باران”
بێگومان باران و بەفر هەمیشە لە پشت پەنجەرەی ماڵەکان و لە ژوور و خانوە گەرمەکانەوە جوانە ئەوکاتەی زیاتر و زیاتر خۆمانە لە ماڵە جوانەکانمان دەپەستێوین و بیر لە تەنهای خۆمان دەکەینەوە بەڵام جوانی بومەلەرزە هەر ئەمەیە کە تیکرا هەموومان لە مالەکانمان هەڵدەداتە دەرەوە و جیگایەک بۆ ئارامی و تەنهای ناهێڵێتەوە و دەبێت ئێمەش وەک ئاواراکان لەشەوانی سارد و سەرمادا لەناو خێمەیەکدا ببەینە سەر و تامی بێ ماڵی بکەین، تۆ بڵێیت ئەگەر بومەلەرزەش وەک بەفر و باران تەنها یەخەی مرۆڤە هەژارەکانی بگرتایە نەمانگوتایە بومەلەرزەش ساتیکی شعریە.یان لە فۆرمێکی فەلسەفیدا نەمانوتایە بومەلەرزە ساتی قەلەقی زەویە بەرامبەر لەباوەش گرتنی ئینسان!
هونەر قەرەداغی
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام