لە سەر دۆسیەی کەمتەرخەمیکردن لە کارەکانی پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای هەڵبجە سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت تۆماردەکرێت.

ئه‌مڕۆ دوشەممە له‌باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامی،ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌بێ بەشداری ئەندامانی پارتی و یه‌کێتی کۆبونه‌وه‌یه‌کیان ساز کرد و سه‌باره‌ت به‌ به‌دواداچوون بۆ پرسی کاراکردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکه‌ و گرته‌به‌ری چه‌ند میکانیزمێک بۆ ئه‌و پرسه‌.

ئه‌رسه‌لان حه‌سه‌ن، سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕایگەیاندوە “پاش چه‌ندین جار کۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکه‌ دواجار نه‌توانرا ئه‌نجومه‌نه‌که‌ کارا بکرێت و پارتی و یه‌کێتی به‌رپرسیاری یه‌که‌می ئه‌و کارانه‌کردنه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگان”.

ئه‌رسه‌لان حه‌سه‌ن  ئاماژەی بەوەشداوە “له‌ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ نوێنه‌رانی هه‌ر یه‌که‌ له‌ کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و گۆڕان و کاندیدی کاکه‌ییه‌کان به‌شداربوین، جگه‌ له‌ پارتی و یه‌کێتی، که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای کۆبونه‌وه‌کانمان پارتی به‌شداری نه‌کردووه‌، بۆیه‌ ڕێککه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سکاڵای یاسایی دژی هه‌ر یه‌که‌ له‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت و جێگره‌که‌ی و ته‌واوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمار بکه‌ین له‌ پای ئه‌و که‌مته‌رخه‌می و کارنه‌کردن بۆ کاراکردنی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ و پێشێل کردنێکی یاسایه‌کی تایبه‌ت به‌م پارێزگایه‌”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ وتیشی “هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ی ئه‌م خوله‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێگاکانی هه‌رێم به‌ره‌و کۆتایی ده‌ڕوات، به‌ڵام ئامانجی ئێمه‌ له‌م فشارانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ بتوانین له‌م خوله‌دا ئه‌نجومه‌نه‌که‌ کارابکرێت، بتوانین ئه‌و ئه‌رکه‌ی خۆمان به‌جێبهێنین و هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌ فه‌رمی و به‌ کرده‌یی ببێته‌ پارێزگایه‌ک”.

هاوکات ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ئەوەشی وتووە “به‌هۆی که‌مته‌رخه‌میان به‌رامبه‌ر به‌ کارانه‌کردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، سکاڵا دژی سه‌رۆکی حکومه‌ت و جێگره‌که‌ی و ته‌واوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی به‌ پارێزگابونی هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمار ده‌که‌ین”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام