کاک مەلا بەختیار بەوە ناسراوە لە گفتوگۆکانیدا، زۆرترین بەکارھێنەری چەمکی دیموکراسی و ئازادیە، کتێب و دیبەیت و سیمیناری لەسەر ھەیە. ماوەیەکی زۆریش سەرپەرشتی رێکخراوە دیموکراسیەکانی یەکێتی و ئێستاش دابڕان و مەدەنیەت ئەکات. کەچی لە مێژوی فکری دیموکراسیدا، ھیچ قسەیەک، بەقەد ئەم قسانەی دوێنێی کاک بەختیار، کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاک رەنج سەنگاوی بۆ تەلەفزیۆنی روداوی کردبو، بێنرخ پیشاندان و نابوتکردن و فشۆڵ پێشاندانی فکر و فەلسەفەی دیموکراسی نادۆزیتەوە.

کەمجار بوە کەسێک جورئەت بکات، بەناوی رێزگرتن لە دیموکراسیەتەوە، بەناوی پابەند بون بە دیموکراسیەتە، باس لەوە بکات حزبەکەی( بەڵێ حزبەکەی) ھێزی چەکدار، ئاسایش و تەنانەت دەزگای ئیستخباری تایبەت و حەتمەن زیندانی تایبەت و دادگای تایبەت…ھتد ھەیە. دەگمەنە لە مێژودا، لەپەنا پاڵی دیموکراسیەتەوە، یەک دەنگ و سەد دەنگ یەکسان بکەی بە یەک!، ئەمە سەرباری ئەوەی رێزنەگرتنە لە پایە سەرەکیەکەی دیموکراسیەت کە ھەڵبژاردنە، رێزنەگرتن و بێحورمەت پێشاندانی دەنگی تاکیشە.( کەروێشکت ئەوێ کەروێشک ببەو ئاسکت ئەوێ ھەر کەروێشک ببە).

من لێرەدا نامەوێت گفتوگۆیەکی سیاسی لەگەڵ بەڕێزیاندا بکەم، بەڵکو دەمەوێت بەمەنتق وەڵامێکی ئەمەی خوارەوەم بدات:

ئەو ئەڵێ یەک کورسی و سەد کورسی لەسەنگی یەکێتی ناگۆڕێت، باشە گریمان یەکێتی لە ھەڵبژاردنی داھاتودا تەنھا یەک کورسی بەدەستھێنا، کە دەکاتە نزیک بە ٢٠ ھەزار دەنگ. حەتمەن لەم رێژەیە، بەشێکی زۆری دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی و ناوەند و ئەنجومەنی مەڵبەندەکان و فەرماندەیەکان و دەزگاکانی ترئەبێت، کەواتە لەو رێژەیە تەنھا بەشێکی کەمی ئەمێنێتەوە کە وەک دەنگدەری ئاسایی ( ھاوڵاتی و موچەخۆران و ھێزەکان) ئەبن. باشە ئەبێ سەنگی حزبێک چی بێت کە تەنھا بەشێکی کەمی ھێزە چەکدار و ئاسایش و موچەخۆرانی وڵات( کەپێ ئەچێت تەنھا لەبەر ئەوەی ئەو موچەیان دابین ئەکات، کاک بەختیار بە تاپۆی حزبەکەی بزانێت) دەنگ و متمانەی پێ ھەبێت؟ لێرەدا ئەبێ وەلائی ئەو رێژە زۆرەی کە دەنگی بە لیستەکەی ئەو نەداوە چی بێت و بۆ کوێ و کێ بێت؟. پاشان مەعلومە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانە، ئاخر ئەبێ سەنگ و قوەتی تەنھا یەک کورسی لە پەرلەماندا، لە کاتی دەنگدان بە کابینەو پرۆژەکان و گفتوگۆکاندا چی بێت؟
کورتەی قسە ئەوەیە دەبێ بپرسین کاک مەلا بەختیار چۆن سەیری ئەو ھێزانە ئەکات کە پێکھێنەری یەکێتین؟ ھێزی یاخی لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و بەتایبەت ئیرادەی جەماوەر، کە سەرباری ھەمو ئەو ئیمتیازاتانە، کەچی دەنگ بەو لیستەی مەلا بەختیار نادات و متمانەی پێ نیە، یا ھێزێک کە بڕوای بەدەستاودەستی دەسەڵات و دەنگی جەماوەر و ئیرادەی ھەیە؟؟

جگە لەم دوو بژاردەیە ھیچی تر نیە. کاک بەختیاریش ھەم تێگەیشتن و بڕوابونی خۆی بەو پرەسنیپانە دوپاتکردەوەو، ھەم نیەتی داھاتوی ئەو بەشەی حزبەکەشی دەرخست کە ھاوڕای ئەون.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام