ئەوندەى من ئاگاداربم لەزانستى بەڕێوەبردنى تەندروستى ونەخۆشخانەکان واتا لەکۆى سیستمە تەندروستى یە جیاوازەکانى جیهان زاراوەى هاندان (  motivation- التحفیز ) بوونى نییە ، ئەگەر ئاماژەیەکى لابەلاى پێدرابێت لەچوارچێوەى زانستى بەڕێوەبردنى سەرچاوەى مرۆڤ Human resource management (HRM or HR)  ادارە الموارد البشریە سەرچاوەى گرتووە ، بەڵام بەمانایەکى زۆر جیاوازتر لەوەى وەزارەتى تەندروستى هەرێمى کوردستان پیادەى دەکات .

هاندان لەزانستى بەڕیوەبردنى سەرچاوەى مرۆڤ پرۆسەیەکە لەپێناو هاندانى فەرمانبەران بۆ پێشخستنى توانستى کار بەئامانجى ڕۆڵى پەرەپێدان وپێشخستنى بەکارهێنەرانى سیستمى تەندروستى و سیستمەکە خۆى ( نەخۆش وهاوڵاتى ، هێزى کارى مرۆیى تەندروستى ، نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندروستى وپزیشکیەکان ) وەلەهەمانکات هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنى گرفت و قەیرانى ئەو سیستمەو هەوڵدان بۆ دانانى پلانى گونجاوى کورتخایەن ومامناوەندو درێژخایەن ، نەک لەپێناو زیادکردنى داهاتى کەسانێکى تایبەت لەنێو کۆى هێزى کارى مرۆیى تەندروستى کەپزیشک وکارمەند و فەرمانبەرانى کەرتى تەندروستى  .

ئەگەر ئەمە مانایەکى هەبێت ماناى ئەوەیە دەستەى بەڕێوەبردنى وەزارەتى تەندروستى هیچ لەزانست وسیاسەتى بەڕێوەبردنى تەندروستى ونەخۆشخانەکان نازانن ، ئەوان کاریان بۆتە دۆزینەوە و زیادکردنى داهاتى کەسانێکى دیاریکراو لەدەرەوە وناوەوەى سێکتەرى تەندروستی هەرێمى کوردستان .

لێرەدا چەند پرسیارێک دەخەمە بەردیدى شارەزایانى تەندروستى وخوێنەرى ئەم بابەتە تابزانن وەزارەتى تەندروستى تا چ ئاستێک لەخەمى سێکتەرى تەندروستى میری و تایبەتە ، تاچ ئاستێک سەرقاڵە بەدانانى سیاسەتێکى گونجاو بۆ سێکتەرى تەندروستى کوردستان ، تاچ ئاستێک وەزارەتى تەندروستى هەستاوە بەدابینکردنى خزمەتکوزارى تەندروستى بەکوالیتیەکى باش بۆ گشت هاوڵاتیان بەبێ جیاوازى کەئەمە کارى سەرەکى وەزارەتى تەندروستی یە .

پرسیارى یەکەم : باشە ئەگەر پرۆسەیەک (پرۆسەى هاندان ببورن بیدعەى هاندان) لەنێو سیستمى تەندروستیدا بوونى نەبێت ، بۆ وەزارەتى تەندروستى ودامەزراوەکانى پیادەى دەکەن ؟

پرسیارى دووەم : ،  ئەبێ ئامانج لەدروستکردنى وەزارەتى تەندروستى هەرێمى کوردستان چی بێت  ؟ ئەگەر وەک هەموو وڵاتانى جیهان ئامانج لەدروستکردنى وەزارەتى تەندروستى پێشکەشکردنى ئاستێکى بەرز لەچاودێرى تەندروستى وخزمەتگوزارى پزیشکى بێت بەمەبەستى دابینکردنى تەندروستیەکى جەستەیى ودەروونى ودواتر زیادکردنى تەمەنى هاوڵاتى ! ئەى بۆ ستافى وەزارەتى تەندروستى هەموو خەمیان دۆزینەوە و زیادکردنى داهاتى کەسانێکى تایبەت ودیاریکراوە لەدەرەوە وناوەوەى سێکتەرى تەندروستی هەرێمى کوردستان ؟ .

پرسیارى سێ یەم : ئەگەر وەزارەتى تەندروستى ودامەزراوەکانى تواناى دابینکردنى دارایی هەیە بۆ بیدعەى هاندان ، هەزار پرسیار دێتە پێشەوە بۆ نموونە : بۆ بەوپارەیە کوالیتى خزمەتگوزارى تەندروستى باش ناکەن ؟ بۆ بەوپارەیە نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندروستیەکان گەشە پێ نادەن ؟ بۆ ئەو بڕە پارەیە لەڕێگاى ژمیریارى وەزارەت بەلیستێکى پاشکۆى لیستى مووچە نادەن ؟ هیچ نەبێت بابزانین کێن ئەوانەى ئەم پرۆسەى هاندانە دەیانگرێتەوە وچەندیش وەردەگرن .

پرسیارى چوارەم :ئایا ئامانج لەپیادەکردنى ئەم پرۆسەیە لەلایەن وەزارەتى تەندروستى یەوە چی یە ؟ لەکاتێدا حکومەتى هەرێمى کوردستان ناتوانێت مووچەى تەواو بدات ؟ کەچى لەلایەکى ترەوە پارە دەبەخشێتەوە بەمەزاجى شەخسى بەرپرسەکانیەوە بەشێوەیەکى نایەکسانى وجیاکارى ( التمییز) لەسەربنەماى هەمەجۆر .

بۆ وەڵامدانەوەى ئەم چەند پرسیارە پێویستە ئەم شەش خاڵەى خوارەوە ڕوونبکەینەوە .

یەکەم : ئایا ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکى یاسایى یە ؟ ئایا هیچ باکگراوندێکى کارگێڕى ودارایى ویاسایى لەپشتەوەیە ؟ ئەگەر باکگراوندێکى کارگێڕى ودارایى ویاسایى لەپشتەوەیە پشت بەچ دەقێکى یاسایى وکارگێڕى ودارایى دەبەستێت ؟

گومانم هەیە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکى یاسایى بێت ياخود پشت بەدەقێکى دیاریکراو ببەستێت ، بەڵام دەبێ ئەم پرسیارە لەوەزارەتى تەندروستى وحکومەتى هەرێمى کوردستان بکرێت ، چونکە لەبنەرەتدا پرۆسەیەک نییە بەناوى هاندان بەم شێوازە سەقەتەى ئێستا ، کەبەشێوەیەکى نایەکسانى جیاکارى دەکرێت لەسەربنەماى هەمەجۆرە بۆ پێدان ودیاریکردنى بڕى ئەو هاندانە .

دووەم : بڕو گوژمەى ئەم پرۆسەیە چەندەو لەکوێوە سەرچاوەى گرتووە ؟ یەک سەرچاوەى هەیە یاخود فرە سەرچاوەیە ؟ کێن ئەوانەى هەڵدەستن بەپێدان ودابینکردنى ئەو بڕە پارەیە ؟ کێن ئەو پزیشک وکارمەندو فەرمانبەرانەى ئەم پرۆسەیە دەیانگرێتەوە ؟ ئایا هەمووان وەک یەک وەردەگرن ؟ ئایا بڕى پارەى دابەشکراو پشت بەچ ئالیەتێک ویاسایەک دەبەستێت ؟ ئایا بڕى ئەم پارەیە لەژێر کۆنترۆڵى هیچ جۆرە چاودێریەکى داراییدایە وەبە چ دەقێکى یاسایى ڕێکخراوە ؟ .

بڕواناکەم بەرپرسانى وەزارەت وبەڕێوەبەرایەتى ودامەزراوە تەندروستیەکان لەنێو خۆیاندا بزانن بڕى ئەم پارەیە چەندە بەجەنابى وەزیریشەوە ! لەبەر ئەوەى فرە سەرچاوەیەو ئەو سەرچاوانەش هیچ کات ئامادەنەبوون داتاو زانیارى تەواو بدەن لەسەر هیچ بابەتێک ، لەوانەیە لەبەر ئەو هۆیە بێت خۆیان بەرژەوەندییەکى تایبەتیان هەبێت لەبەڕێوەچوونى ئەم پرۆسەیە بەم شێوە ناشەفافە ، ئەوەى ئێمە باسى لێدەکەین ئەچێتە قاڵبى ئەگەرەوە لەبەر ئەوەى کەسمان خاوەنى زانیارى ڕاست ودروست نین  .

ئەوەندەى ئێمە لەبەرپرسە تەندروستیەکانەوە دەیبیستین حکومەتى هەرێم یەکێکە لەسەرچاوە گرنگ و سەرەکیەکانى  پێدانى بڕێک پارەى تەرخانکراو بۆ ئەم پرۆسەیە ، بەڵام چەندە وەلەسەر چ بنەمایەک دیاری دەکرێت ودەدرێت ئەوە کەس نازانێت .

یەکێکى ترلەبەخشەرى ئەم پرۆسەیە سکرتاریەتى بەڕێز مام جەلال ، زۆر جار ناوى هێرۆخانیش دەبیستین لەبەرپرسە تەندروستیەکانەوە لەکاتێکدا بەرپرس ودەوڵەمەندو خاوەن کۆمپانیا زەبەلاح و گەورەکان لەگەڵ رێکخراوە ناوخۆیى ونێودەوڵەتیەکان بەشدارن لەبەخشینى بڕە پارەیەک بەسێکتەرى تەندروستى بۆ هاندانى هێزى کارى مرۆیى تەندروستى ، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا کەس نازانێت ئەم بڕە چەندەو بەچ ئالیەتێک دابەش دەکرێت وە کێن ئەوانەى ئەم هاوکارییە دەیانگرێتەوە .

لەبەر ئەوەى لیستى پێدانى ئەم هاوکارییە لەسەر لیستى مووچە یان پاشکۆى مووچە نادرێت کەس نازانێت ئەو پارەیە بەکێ دەدرێت وبڕەکەشى چەندە  ، ئەمە بێجگەلەوەى ئەگەرى گەندەڵى وساختەکارى دارایى زۆر زیاتر دەبێت  بەتایبەتى کاتێک هیچ جۆرە چاودێریەکى دارایى لەسەر ئەو لیستە نەبێت  .

سێ یەم : کاریگەرى ئەم پرۆسەیە لەسەر بەکارهێنەرانى سیستمى تەندروستى لەنەخۆش وهاوڵاتى چییە ؟ ئایا ڕەوشى خزمەتگوزارى تەندروستى ئێستا باشترە یاخود پێش ئەم پرۆسەیە ؟ .

یەکێک لەئامانجەکانى ئەم پرۆسەیە پینەوپەڕۆکردنى کەرتى تەندروستى بووە ، وەک پێشتر بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ئاماژەى پێدابوو لەپۆستێکى فەیسبووکى خۆیدا  ، هەڵبەتە پینەوپەڕۆکردن داوى سێکتەرێکى سەستیارى وەک سێکتەرى تەندروستى کوردستان نادات کەخۆى لەخۆیدا کەرتێکى فەرامۆشکراوە لەپاشەکشێ و داڕوخاندنى بەردەوامدایە .

ئەوە ئێمەى فەرمانبەرى کەرتى تەندروستى کوردستانین ئەزانین ئەم پرۆسەی هاندانە چەند زیانى بەبەکارهێنەرانى کەرتى تەندروستى گەیاندووە ، ئەوەندەى تر چاودێرى وخزمەتگوزارى تەندروستى بەرەو خراپتر بردووە ، واى لەهەندیک هێزى کارى مرۆیى تەندروستى کردووە ، ئەگەر خزمەتگوزاریەک سوودى دارایى تیدا نەبێت نیمچە فەرامۆش بکرێت ، بێجگەلەوەى بەنەمانى ئەم هاندانە بەشێک لەهێزى کارى مرۆیى زوو زوو ماندەگرن لەکار ویاخود کارەکانیان بەشێوەیەکى گونجاو ئەنجام نادەن .

زۆر جار تێچووى هەندێک نەشتەرگەرى نیمچەپرایڤەیت لەنەخۆشخانە میریەکان نزیک بۆتەوە لەنەخۆشخانە تایبەتەکان وەهەندیک جار لەوانەیە زیاترى تێبچێت چونکە لەنەخۆشخانەى میرى چەند رۆژێک هاتووچۆت پێدەکەن تاپشکنینى تایبەت بەنەخۆشى وپرۆسەى بێهۆشکردنەکەت بۆدەکەن .

چوارەم :کاریگەرى ئەم پرۆسەیە لەسەر هێزى کارى مرۆیى تەندروستى (پزیشک وکارمەندان وفەرمانبەرانى نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندروستى وپزیشکیەکان) چی یە ؟ ئایا پیادەکردنى ئەم پرۆسەیە لەخزمەت کۆى گشتى کارمەندانى سێکتەرەکەیە یاخود لەخزمەت کەمینەیەکى دیاریکراوە ؟ .

دەستەواژەى هاندان گوزارشت پرۆسەیەک دەکات ، کەهێزى کار هانبدات تاداهێنان بکات نەک کارەکانى خۆى ئەنجام بدات ، وەک هەموومان دەزانین فەرمانبەر ئەرک ومافى تایبەتى خۆى هەیە ، کاتێک ئەرکەکانى بەباشى دەکات ئەبى گشت مافەکانى بدەیتێ ، واتا هاندان بەشێک نییە لەماف ئەگینا هەموو ئەوانەى دەگرتەوە کەئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن بەپێى یاساو ڕێساى تایبەت بەو کاروپیشەیە ، مووچە وڕێزگرتن لەشکۆى فەرمانبەر مافێکى ڕەواى خۆیەتى نەک پارەى هاندان .

کاتێک تۆ بڕێک پارە دابەشدەکەیت بەسەر هەندیک لەفەرمانبەران ، کەبڕەکەى جیاکارى تێدایە لەسەر بنەماى هەمەجۆر (حیزبى ،شەخسى ،جیوگرافى، ئایدۆلوجى ،هتد ) ، ئەوکات هەستى زۆربەى هێزى کارى مرۆیى بریندار دەکەیت وغوبن لەنیو کۆى هێزى کارى مرۆیى تەندروستى دروست دەکەیت ، دەر ئەنجام کوالیتى وتوانستى کارى هێزى مرۆییەکەت کەم دەکەیتەوە ، ئەمەش کاردەکاتە سەر بەڕێوەچوونى ئەرکەکانى وەزارەتى تەندروستى بەرامبەر بەکۆمەڵگاو هێزى کارى مرۆیى تەندروستى ودامەزراوەکانى .

تۆ لەلایەک مووچە نادەیت وەلەلایەکى تروە بە میزاجى حیزبى ، شەخسى ، جیوگرافى،  ئایدۆلوجى ، هتد پارە دەبەخشیتەوە بەسەر ئەوانەى خۆت مەبەستتە کەسیش نازانێت کێن و بڕەکەى چەندە بەبێ بوونى دەقێکى یاسایى ، ئەمە چۆن کارناکاتە سەر بارى دەروونى وئەداى هێزى کارى تەندروستى ؟ .

ئەوەى جێى پرسیارە ئەم پرۆسەیە بۆ ؟  لەکاتێکدا کارى نەرێنى کردۆتە سەر بارى دەروونى هیزى کارى مرۆیى تەندروستى و ئەداى کارەکەى  .

ئەوەندەى ئێمە لەم حکومڕانە حیزبیانە گەیشتبین ئەوان یەک خاڵى گرنگیان لامەبەستە بێچگەلە گەندەلێ (ئیدارى ، دارایى ، یاسایى) ئەو خاڵەش بەکۆیلەکردنى هێزى کارى مرۆیى تەندروستى کوردستانە تا بتوانن بەهەموو شێوەیەک شکۆیان بشکێنن وسامانى سەرئەرزوژێرزەوى کوردستان تاڵان بکەن وبیدزن  .

ئامانج لەم پرۆسەیە بەکۆیلەکردنى پزیشک وکارمەندانى تەندروستیە لەسەر بنەماى (شەخسى ، حیزبى ، جیۆگرافى و ئایدۆلوجى هتد) تا شکۆى کەرتى تەندروستى بشکێنن .

پێنجەم : کاریگەرى ئەم پرۆسەیە لەسەر سیستمى تەندروستى هەرێمى کوردستان بەهەردوو سێکتەرى تەندروستى میرى وتایبەت ؟

بەسەردانێکى چەند چرکەیى بۆ نەخۆشخانەو دامەزراوە تەندروستیەکانى کوردستان بۆت دەردەکەوێت ، شتێک نەماوە بەناوى سیاسەت و سیستمى تەندروستى ، هەر دامەزراوەیەکى تەندروستى چ دامەزراوەى میرى بێت یان تایبەت بەئالیەتێکى جیاواز لەوى دى کاردەکات .

ئەم پرۆسەی هاندانە واى لەدامەزراوەکان کردووە بەسیستم کارنەکەن ، چونکە ناکرێت تۆ بەمیزاجى شەخسى حیزبى جیۆگرافى و ئایدۆلوجى هتد پارە ببەخشیتەوە بەسەر کەمینەیەک لە هێزى کارى مرۆیى تەندروستى وئەوانى دى زەقەى چاویان بێت .

ئەم جیاکارییە لەپرۆسەیەکدا کەبوونى نەبێت لەخودى سیستمەکەدا دژى سیستمەکەیە ! تەنانەت ئەو سیستمە تەندروستیەى ساڵەکانى حەفتاو هەشتاى سەدەى نۆزدە جێبەجێ ناکرێت و بوونى نەماوە ، ئیستا لەدۆخێکى بێ سیستمیدا دەخوڵینەوە .

شەشەم :کاریگەرى ئەم پرۆسەیە لەسەر داهاتى نیشتمانى هەریەک لەحکومەت وهاوڵاتى وکەرتى تایبەت .

بەهەردانى داهاتى نیشتمانى بەهەچ شێوەیەک بێت ئەچێتە خانەى گەندەڵییەوە ، لەوانەیە کەسانێک بڵین ئەم پارەیە لەدارایى وەزارەتى تەندروستى ناچێتە دەرەوە ! ئەمە پارەى ئەملاو ئەولایە ، بۆ پارەى ئەملا و ئەولا بەپارەى سکرتاریەت و دەوڵەمەند و ڕێکخراوەکان هتد داهاتى نیشتمانی نییە ؟ بۆ فرە سەرچاوەى داهات کەبەیاسا ڕێک نەخرێت ناچێتە قاڵبى بەهەدەردانى داهاتى نیشتمانییەوە ؟ .

ئەوەندەى ئێمە ئاگاداربین سەرچاوە داراییەکانى وەزارەتى تەندروستى ونەخۆشخانەکان ئەوەندە تێکەڵ وفرەن ئەستمە بەدواداچوونێکى پرۆفیشناڵى زانستى بۆبکرێت ! بەومانایەى سەرچاوە داراییەکان لەیەک شوێنى تایبەتەوە نین  وەک ئەوەى لەسیستمە سۆسیالیستەکاندا هەن ، بێجگە لەسەرچاوەى دارایى حکومەتى هەرێم ئەم سەرچاوانەى تریش هەن ” سەرچاوەى داهاتى پسولەکانى خزمەتگوزاریە جیاوازەکان ، سەرچاوەى داهاتى بەخشینى رێکخراوە نیودەوڵەتى وڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ، سەرچاوەى داهاتى بەخشینى کەسایەتیە ناودارو دەوڵەمەندەکان لەژێرناوى دەرۆزەو سواڵکردن بۆکەرتى تەندروستى ، سەرچاوەى داهاتى بەخشینى خەڵکى هەرێمى کوردستان بەفەقیرو هەژارەوە بۆ نەخۆشخانەى شێرپەنجە ، سەرچاوەى داهاتى خزمەتگوزارى نیمچەتایبەت ! کەنرخەکانى زۆر نزیکن لەنەخۆشخانە تایبەتیەکانەوە ، سەرچاوەى داهاتى بەرپرسە هەرەباڵاکانى هەرێمى کوردستان لەژێر ناوى سکرتایەتى فلان وفیسار بەناوى خزمەتکردنى تەندروستى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان لەبەشێکە لەداهاتى نیشتمانى ئەم وڵاتە ! وەچەند جۆرە سەرچاوەى دارایى تر کەنەزانراوە ” ئەم فرەداهاتە خۆى لەخۆیدا فەوزاو گەڕەلاوژێیەکى داراییەو بەهیچ شێوەیەک کۆنترۆڵى ڕوونەدانى گەندەڵى لێ ناکرێت بێجگەلەوەى بەهەدەردانى دارایى وڵاتە ! .

پارەى ئەم پرۆسەیەش واتا پرۆسەى هاندان بەهەدەردانى داهاتى نیشتمانی یە ، کەس نازانیت ئەچێتە چ گیرفانێکەوە ، ئەگەر ئێوە ئەوەندە لەخەمى هێزى کارى مرۆیى تەندروستین ئەو پارەیە بخەنە سەرمووچە ، ئەوە بڕپارەیەى ئەدرێت  بەناوى هاندانەوە لەهیچ قاموسێکى جیهاندا بوونى نییە ، مووچە مافێکى بنچینەیى هێزى کارەى مرۆیی یە پێویست ناکات پارەى هاندانى بدەنێ تەنیا مافەکانى خۆى بدەنێ ! کەئەویش مووچەیە .

سیستم ویاسا بەماناى ئەرک وماف دێت ، کەس خۆیمان لێ نەکات بەنیشتمان پەروەرى عەیارە بیست وچوار ، هەموو لەپێناو بەدیهێنانى مافى خۆمان کاردەکەین بەسەرۆکى هەرێمیشەوە .

کارى سەرەکى دەستەى بەڕێوەبردنى وەزارەتى تەندروستى بۆتە دۆزینەوە و زیادکردنى داهاتى کەسانێکى دیاریکراو لەدەرەوە وناوەوەى سێکتەرى تەندروستی هەرێمى کوردستان .

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام