سێرگی ڕیابکۆف جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا هۆشداری دایە واشنتۆن لە هەر هەوڵێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێراندا.

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەونووسان ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕیابکۆف وتی “هۆشداری دەدەینە واشنتۆن لە هەر هەوڵێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێران، چونکە ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕوودەدات لە چوارچێوەی کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتەدایە”.

داواشی کرد کە بە هیچ شێوەیەک ئەوەی لە ناوخۆیی ئێران ڕوودەدات بەکارنەهێنرێت بۆ لەباربردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێنج کۆ یەک کە لەگەڵ تاراندا ئێمزا کراوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا جەختیکردەوە، سەرباری هەوڵەکان بۆ ناشرینکردنی وێنەی ئەو ڕووداوانەی ناوخۆی ئێران، ئەوان متمانەی تەواویان بە تواناکانی ئەو وڵاتەی هاوسێیان و دۆستیان هەیە، ئەو دۆخەی ئێستا تێپەرێنێت کە ڕووبەڕووی بووەتەوە.

داواشی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، هیچ هەنگاوێک نەگرێتەبەر ببێتە هۆی دروستکردنی ڕێگری بۆ هاریکاری پۆزەتیڤ لەگەڵ ئێران لەسەر ئاستی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی.

ئەو هۆشدارییەی ڕوسیا بۆ ئەمریکا لەکاتێکدایە دوێنی ٣ی کانوونی دووەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند “ڕێز لە گەلی ئێران دەگرین کە دەیەوێت حکومەتێکی گەندەڵ دووربخاتەوە، لەکاتی گونجاودا پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبینن”.

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی هەفتەیەکە لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەڕێوەدەچێت لە دژی سیاسەتەکانی حکومەت و گرانی نرخی کاڵاو کەلوپەلە خۆراکییەکان، لە هەندێک ناوچە دروشم دژی دەسەڵاتدارانی ئێران و ڕابەری باڵای ئەو وڵاتە بەرزکراوەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ کەس کوژراون و بە سەدانی دیکەش دەستگیرکراون.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام