حیزبەکانی باشوری کوردستان بەدرێژای حوکمڕانی چەندساڵەیان جگە لەدزینی داهاتی کوردستان تەواوی  دەستکەوتەکانی میلەتیان لەبار برد
تەواوی سیاسی و حیزبەکان تەنها لەپێناو دەست کەوت و پۆست و پارە بۆ خۆیان و ئەوانەی بەدەوریانەوەن کاریان کردوە ، هیچ خێر و بێرێکیان بۆ نەتەوەو نیشتیمان پێنەبووە ، ئەگەر ئاوڕێک لەڕابردویان بدەیتەوە پڕ پڕە لە ناشرینی و خۆێن
ئەوەی هەمان بوو هەمویان لێ بردین ئاو کارەبا سوتەمەنی خزمەت گوزاری هیچیان نەما ، موچەو کاروکەسابەت یشیان نەهێشت ، خاک و نیشتیمانیان فرۆشت ،شەرەف و ئابڕوی کوردیان دایە دەست بێگانە ، شارەکانیان لەیەکتر جیا کردوە ، خزم و هاوڕێ ، بادینی و سۆرانی ، عەلمانی و ئیسلامی یان کردە دوژمنی یەکتری
نەبونی موچە ، کارەبا ، ئاو ،جارێکی تر هاوڵاتیانی هێنایەوە سەر شەقام بەڵام جیاوازتر لەجارەکانی پێشووتر ،ئەم جارەیان توڕەیی خەڵک تەواوی حیزبە سیاسیەکانی گرتەوە و هیچ جیاوەزیەک لەنێوان حیزبەکاندا نەدەکرا ئەمەش وای کرد لە زۆنی سەوز و نیلی دا  لەزۆربەی شارۆچکە کان بارەگای حیزبەکان سوتێنران ، هاوڵاتیانی و خۆپیشاندەرانی توڕە حیزبی دز و درۆزنیان دەکردە ئامانج و گڕیان بەر ئەدایە بارەگاکانیان !
لەئێستادا و دوای خامۆشکردن و کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان  حیزبەکان بەهاو کاری ئەندام و کادیر و هەڵسوڕاوەکانیان دەستیان کردۆتەوە بەنۆژەن کردنەوەی بارەگاکانیان
لەهەموشی سەیرتر ئەوەیە هەموویان خۆیان بە زوڵم لێکراو نیشان ئەدەن و خۆپیشاندەران بەئاژاوە گێڕو سوتێنەر تۆمەتبار دەکەن !
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کەهیچ کامێک لەو حیزبانەی بارەگاکانیان بەر هێرشی توڕەی خەڵک کەوتوە دان بەوەدا نانێن کە بەشێکن لەو نەهامەتیەیی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە ،
من پێم وایە سوتاندنی بارەگای سەرجەم حیزبەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چۆن خەڵک پارتی و یەکێتی بەدز دەبینن ئاواش حیزبەکانی تریان بەدرۆزن بینیوە ، چونکە هیچ یەکێک لەو حیزبانەی تر لەئاست بەڵێنەکانیان بۆ هاوڵاتیان ڕاستگۆ نەبوون .
بۆیە ئەوەی لەئێستادا گرنگ و پێویستە ئەوەیە کە ئەو حیزبانە بارەگاکانیان کە بۆ هەوادار و لایەنگرە کانیان وەک پەرستگاوایە نۆژەن نەکەنەوە بەڵکو کاربکەن بۆ گێڕانەوەی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لەدەستیان داوە میلەت پێویستی بە گێڕانەوەی شکۆیە نەک بارەگای حیزبی لەبەر ئەوەی لەسایەی ئەو حیزبانەوە تەواوی جوانیەکانی کوردستان ناشرین کراون ،ڕەنگەکان هەمویان ڕەش بوون ، نیوەی خاکی کوردستان فرۆشرا ، شارەکان لەیەکتری جیاکرانەوە ، بادینی و سۆرانی بونە دوژمنی یەکتر ، هەموومانیان کردە جنێو فرۆش ، شەرفیان داینە دەست عارەب ….. هیتد
بۆیە حیزبەکان لەجیاتی ئەوەی بیر لە نۆژەن کردنەوە ی بارەگاکانیان بکەنەوە   پێویستە شکۆ بگێڕنەوە بۆ تاکی کورد خۆشیەکان بۆ خەڵک بهێنەوە پارەدزراوەکان بگێڕنەوە بۆ گیرفانی خەڵک ئەگەر وانەکەن ئەوا دەبێت دڵنیابن زوبێت یان درەنگ شۆڕشی برسی هەڵ دەگیرسێ و بەمەرگی خۆیان کۆتای دێت .
موحەمەد سەلمان
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام