ئەوەی ئەمرۆ لە شار و شارۆچکەکان، لە کوچە و کۆڵانەکانی کوردستاندا روودەدات، بە داخەوە، چاوەڕوانکراوبوو. چاوەڕوانکراوبوو لە هەردوولاوە، لە لایەن خەڵكەوە کە پەنا بۆ شەقام بەرن، هەروەها لە لایەن دەسەڵاتەوە کە بەو جۆرە وەڵام بدەنەوە.

دەسەڵاتی کوردی لە هەردوو دیوەکەیدا، دیوی زەرد و دیوی سەوز، گەرچی ساڵانێکە خیتابی لە سەر ئاشتی و دیموکراسی و چەوسانەوە و مافی مرۆڤ بونیادناوە، بەڵام لای کەس نهێنی نەبوو کە لە کرۆکدا جۆرە دەسەڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیانەیە، تا سەر ئێسقان.
ئەم دەسەڵاتە کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە:
یەکەم، سەرێکی بچوک، بازنەیەکی بچوک لە سەرەوە دەیانەوێت دەسەڵاتی ڕەهایان هەبێت
دووەم، ئەم بازنە بچوکە لە دۆخێکی پڕ لە ڕاڕایی و ئاسایشیدا دەژی، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی کۆکردنەوەی دەسەڵاتی زیاتر و کوشتنی هەموو ئەوێکی ترە
سێیەم، هەتا بازنەی حکومداری بچوک بێت، پەنا بردن بۆ توندوتیژی لە کاتی فشاردا زیاتر دەبێت. کاتێک بنەمای دەسەڵات دەبێتە خێزان، ئیتر هیچ مانایەک بۆ نەتەوە، نیشتمان، وڵات، خەڵک، یاسا، دەزگا، دەستور، یاسا نامێنێت.
پێنجەم، لای دەسەڵاتی خێزانی ئەوەی نزیکە، مەترسی زیاترە
ئەمڕۆ ئەو دیمەنانە لە شەقامەکانماندا دەیبینین ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ لاوازی دەسەڵات، ترسی زۆری دەسەڵات، هەروەها بۆ نەمانی هەموو بنەماکانی دەسەڵات وەک شەرعیەت، خزمەت، حکومداری، هەیبەت و زۆری تر.
بەڵام مەترسی گەورە لە ئێستادا ئەوەیە کە هەردوو بنەماڵەکەی دەسەڵات لە دۆخێکدا دەژین کە چاکە بە مەترسی دەزانن، خراپە بە رێگاچارە. ئەم دۆخە دۆخی زۆربەی دەسەڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کاتێک دەگەنە دۆخێک وەها دەبینن کە هەر چاکە کردنێک، هەر دانوستانێک، هەر ڕەفتارێکی سەردەمیانە، هەر رێزێک، وەک لاوازی دەردەکەوێت. ئەوانیش لە دۆخێکدا نین کە لاوازی بنوێنن بۆیە دەبێت، بەردەوام زیاتر و زیاتر پەنا بۆ هێز و توندوتیژی بەرن. دیارە ئێمە زۆر زوو دژ بەو تێزە بووین کە ئەوەی لە کوردستان هەیە دەسەڵاتە، هەڵەیەکی مەعریفی گەورەیە ناوی بنێین دەسەڵات، چونکە ئەوەی دەگوزەرێت تەنها مامەڵەی هێزە.
لە دۆخێکی وەهادا، ئێمە بە ڕاستی لە قەیرانێکی کوشندەداین: چۆن کەسانێک ڕازی بکەین کە، دۆخەکە هەتا بێت خراپتر دەبێت بەم شێوەیە، لە کاتێکدا ئەم کەسانە لە چاکە سڵ دەکەنەوە و باکیان نیە بە خراپە، چونکە وەها دەزانن کە خراپە دەیانپارێزێت و چاکە زیانیان پێدەگەیەنێت.
ئەم دۆخە سەختە سەرچاوەی ئەو هەموو توندوتیژییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لە ئەنجامدا هیچ دەستکەوتێکی نیە.
لەم ڕوەوە بۆئەوەی بەدەردی ئەوانیتر نەچین دەبێت بە جۆرێک مامەڵە لە گەڵ ئەم خێزانانە و تاقمەکانیاندا بکەین کە وەها نەبێت کە لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا هەموو شتێک لە دونیای ئێمەدا کۆتایی پێبهێنن. ئەمە ئەو تێزەیە کە توندوتیژی چارەسەرنیە بۆ دۆخەکە. چونکە دەبێت ئەوەش بزانین کە ئازاری ئێمە، هەرزوو دەبێتە ئامرازی سیاسی ئەویتر.
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام