ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردوەتەوە کە کۆمپانیا روسییەکان نەوتیان بە کۆریای باکور فرۆشتووە و پێشێلی سزا ئابوورییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە کەبەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنراوە.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا پێشێلی سزا ئابوریەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە لەسەر کۆریای باکور.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانە سەرچاوە ئەمنیەکان خستوویانەتەڕوو، وڵاتی روسیا کە یەکێکە لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافی ڤیتۆی هەیە و دووەم گەورەترین ولاتی هەناردەکردنی نەوتە، “بە تانکەر و لەڕێگای دەریاوە نەوت و بەرهەمە نەوتیەکان دەگەیەنێتە کۆریای باکور”.

سەرچاوە ئەمنییەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە گواستنەوەی تانکەرەکان “بەڕێگایەکی قاچاغ و نایاسایی لە مانگی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەرەوە دەستی پێکردووە و پاپۆڕە بارهەڵگرەکانی کۆریای باکور لە روسیاوە راستەوخۆ بەقاچاخ نەوتیان گواستۆتەوە بۆ وڵاتەکەیان.”

هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە بەڵگەکان لەسەر پاپۆڕە بارهەڵگرەکان راستن، “بەڵام لەم چەند جارەی رابردوودا هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نییە کە روسیا لەو کارەدا تێوەگلابێت”.

لای خۆشییانەوە وەزارەتی دەرەوەی روسیا و  گومرگی روسیا ئامادە نەبوون لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێک بدەن، هەروەها خاوەنی یەکێک لە پاپۆڕە بارهەڵگرەکان رەتی کردەوەتەوە کە نەوتی بە قاچاغ بردبێت بۆ کۆریای باکور.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام