كۆشكی سپی جەختدەكاتەوە، كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا،  دانپێدانانی خۆی بەوەی قودس پایتەختی ئیسرائیلە ڕادەگەیەنێت، بەڵام كاتی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی  لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس دوادەخات.

ماڵپەڕی هائارێتز-ی ئیسرائیلی لە زاری سێ سەرچاوەی كۆشكی سپییەوە بڵاویكردووەتەوە، كە ترەمپ  بڕیارێكی سەرۆكایەتی دەردەكات بۆ دواخستنی هەنگاوی گواستنەوەی باڵێۆزخانەی ئەمەریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بۆ ماوەی شەش مانگ  ئەویش بەهۆی “هۆكاری لۆجستی”ییەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە ترەمپ ئەمڕۆ لە میانی وتارێكدا بۆ یەكەمجار و بەڕوونی پشتگیری خۆی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت، دەوڵەتێك بۆ ئیسرائیل و دەوڵەتێك بۆ فەلەستینییەكان، دەخاتەڕوو.

دوێنێ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە مەحمود عەباس سەرۆكی فەڵەستین-ی راگەیاند، بەنیازە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی بگوازێتەوە بۆ قودس ئەوەش وا لێكدەدرێتەوە، كە “ئەمەریكا بەفەرمی قودس وەكو پایتەختی ئیسرائیل بناسێنێت”.

ئەو بڕیارەی ترەمپ ناڕەزایی فەڵەستینییەكان و جیهانی عەرەبی لێكەوتووەتەوە و لەو بارەیەوە مەحمود عەباس زنجیرەیەكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆكی روسیا ڤلادیمێر پۆتین و پاپای ڤاتیكان پاپا فرانسیس و پادشای ئەردەن شا عەبدوڵا، هەروەها سەرۆكی فەڕەنسا ئیمانیۆل ماكرۆن ئەنجامدا و داوای لێكردن ئەو بڕیارەی ترەمپ بوەستێنن.

ئەو هەنگاوەی ترەمپ پێدەچێت ئاڵۆزییەكانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل زیاتر بكات، بەو پێیەی فەڵەستینییەكان دەیانەوێت قودس بكەنە دەوڵەتی داهاتوویان و تا ئێستاش كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو شارەی وەك پایتەختی ئیسرائیل نەناساندووە.

 

دانا تەیب مەنمی

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام