سیپان حەمو فەرماندەی گشتی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایدەگەیەنێت بە فەرمی فەرماندەی “هێزەكانی سوریای دیموكرات” لە لایەن واشنتنەوە ئاگاداركراونەتەوە كە هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا دەمێننەوە تا جێبەجێکردنی گواستنەوەی سیاسی لە دیمەشق و گەیشتن بە سیستەمێكی سیاسی و دەستورێكی نوێ لەو وڵاتە.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، سیپان حەمو جەختی لەوە كردوەتەوە كە هیچ گۆڕانکارییەک لە پڕچەككردنی ئەمەریكا بۆ شەڕڤانان روینەداوە لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا و سوپای ئەمەریكا پێنج بنكەی سەربازیی جێگیری هەن، دووان لە كۆبانی و ئەوانی تر لە شەدادی و حەسەكە و دێریك لە رۆژئاوای كوردستان، هەروەها چەند بنکەیەکی دیکەی جوڵاوی هەن.

حەمو وتی “بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و روسیا، رۆژهەڵاتی رووباری فوراتمان بە تەواوەتی لە دەستی داعش رزگار كردوە.”

رونیشكردوە “هێزەكانی روسیا و ئەمەریكا بەشداربوون لە گەڵمان و پشتیوانی ئاسمانی و لۆجستیان پێشكەشكرد و هەماهەنگی راستەوخۆ هەبووە لە ئۆپەراسیونی رزگاركردنی رۆژهەڵاتی دێرەزور”.

هێزەكانی سوریای دیموكرات بە راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی رۆژهەڵاتی رووباری فورات بە تەواوەتی لە سنوری عیراقەوە تا سنوری توركیا كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە نەوت و غاز، هەروەها سێ بەنداوی سەرەكی (فورات و تشرین و بەعس) تێدایە و رووبەرێكی فراوانی کشتوکاڵی لە خۆدەگرێتەوە، لەگەڵ ناوچەی عەفرین لە رۆژئاوای حەلەب، لەسەدا 23 لە رووبەری سوریا كە دەكاتە 185 هەزار کیۆمەتر چوارگۆشەی لەژێر کۆنترۆڵدایە.

فەرماندەی گشتی یەپەگە ئاماژەی بەوە كردوە كە “داهاتووی یەپەگە بەستراوە بە ئایندەی سوریا و ئەگەر فیدراڵی یان بەڕێوەبەری خۆسەری دروست ببێت، سوریا یەك سوپای دەبێت و هێزەكانمان بەرگری لە دەستكەوتەكانی گەلی كورد دەكات تا دۆزینەوەی چارەسەرێك بە رازیبونی هەموو لایەك”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام