بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان دوایین ئاماری قوربانیانی ئێزیدییەکانی لە سەرەتای شەڕی داعشەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا تا ئێستا ئەو پێکهاتە ئاینییە هەزارو 293 شەهیدیان داوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکانی سەر بەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئاماری قوربانیانی دەستی شەڕی داعشی لە ڕێكه‌وتی 2014/8/3 تاوەکو ئێستا بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە ژمارەی سەرجەم ئێزیدییەکان لە عێراق  و ژمارەی شەهیدکردن و بێ سەروشوێن کردن و بەدیل گرتن و رزگاربووانی دەستی تیرۆرستانی داعش و ژمارەی ئەو کەسانەی عێراقیان بە یەکجاری جێهێشتوە، هەروەها تەقاندنەوەی مەزار و گۆرە بەکۆمەڵەکان و گۆڕە تاکە کەسیەکان لەماوەی ڕابردوو لە شەڕی تیرۆرستانی داعش تاکو ئێستا خستۆتە ڕوو.

بەپێی ئامارەکا، ژمارەی ئێزیدییەکانی عێراق 550 هەزار هاوڵاتی بووە، کە لەدوای رووداوەکانی ئابی 2014ەوە 360 هەزاریان ئاوارەبوون.

هاوکات هەزار و 239 هاوڵاتی ئێزیدیی شەهیدبوون و ژمارەی ئەو کەسانەی بێ باوکبوون هەزار و 759 کەس و 407 کەسیش بێ دایک بوون و 359 کەسی دیکەش دایک و باوکیان پێکەوە لەدەستداوە.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە ئەومنداڵانەی لە گەڵ دایک و باوکیان لەدەستی داعشن 220 منداڵن و کۆی گشتی بێ دایک باوکان دوو هەزار و 754 کەسن.

لەبەشێکی دیکەی ئامارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تا ئێستا 47 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوەو 68 مەزاری ئێزیدییەکانیش بەدەستی چەکدارانی داعش تەقێندراونەتەوە.
ئەوەش روونکراوەتەوە کە لەدوای ئەو رووداوانە، زیاتر لە 100 هەزار هاوڵاتی ئێزیدیی وڵاتیان جێهێشتووە، کە شەش هەزار و 417 هاوڵاتیان “ونبوون”.

هەرچی لەبارەی رزگاربوونی دەستی داعشە، باس لەوە کراوە کە تا ئێستا سێ هەزار و 207 هاوڵاتی ئێزدیی رزگارکراون کە هەزار و 113یان ژنن و 335 پیاویان تێدایە، هەروەها 904 منداڵی کچ و 831 منداڵی کوڕن.

لە ئێستاشدا سێ هەزار و 210 هاوڵاتی ئێزیدیی لەدەستی داعش ماون، کە هەزار و 507یان ژنن و هەزار و 703 هاوڵاتی دیکەشیان پیاون.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام