ئه‌زانم قسه‌یه‌کی نه‌شیاوه، زۆر گه‌ڕام بۆ ئه‌وه‌ی ووشه‌یه‌ک بدۆزمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ حزب له‌وانه‌یه‌ ووشه‌ی زۆرمان هه‌بێ به‌ڵام له‌به‌ر خراپی و قێزه‌ونی حزبه‌ کوردیه‌کانی خۆمان له‌وه‌ شیاوترم نه‌بینی! داوای لێبوردن له‌ هاوڕێیانم ده‌که‌م بۆ به‌کارهێنانی ئه‌و ووشه‌یه‌، ڕێزم هه‌یه‌ بۆ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی حزبه‌کان وه‌ک مرۆڤ ڕێزیان لێده‌گرم من له‌گه‌ڵ حزبه‌کانمه‌ نه‌ک مرۆڤه‌کان، به‌ڵام پێویسته‌ ڕوونی بکه‌مه‌وه‌ بۆچی حزب قۆنده‌ره‌یه‌؟
ئه‌بوو بڵێم پێڵاوی پاته‌یه‌ ئه‌دیداسه‌ کاله‌یه‌ چوپه‌ سه‌لکه‌گایه‌ وێنه‌ نه‌علی ژێرپێی حه‌مامه‌.!! ئه‌زانن بۆ؟
حزب له‌ بنه‌ڕه‌تدا هۆکارێکه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی کۆمه‌ڵێک، یان گه‌لێک، حزب هۆکارێکه‌ بۆ خزمه‌تکردنی تاک و کۆمه‌ڵ نه‌ک ئامانج و پیرۆزبێت هه‌موومان ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌که‌ین به‌ڵام کامه‌مان ئاماده‌ین ڕه‌خنه‌یه‌کی ڕاستی هاوڕێیه‌کمان قبوڵ بکه‌ین له‌ حزبه‌که‌مان ڕاست و چه‌پ هه‌ڵه‌و چه‌وت تاڵ و شیرین باش و خراپ خزمه‌ت و خیانه‌ت، کوێرانه‌ هه‌موو کاره‌کانی حزبه‌کانمان پێ ڕاسته‌و ڕۆژانه‌ دڵی یه‌کتر ده‌هێشێنین له‌سه‌ر حزبه‌کان حزبمان وا پیرۆز و موقه‌ده‌س کردوه‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌کیه‌کانمان وونکردوه‌، له‌کاتێکدا حزب پاپوچه‌ پاپوچ..!
هه‌رکات پێڵاوێکت کڕی ماوه‌یه‌ک له‌ پێتکرد هه‌ر سه‌ره‌تا گه‌ر بۆ پێت گونجاو نه‌بوو فڕێیده‌ گه‌ر لاقی ئه‌زیه‌تدای تێی هه‌ڵده‌ ئه‌وه‌ خیانه‌تکاره‌، گه‌ر کۆن بوو دڕا که‌ڵکی نه‌ما فڕێیده‌ قاچه‌کانت ئازار مه‌ده‌ به‌ کۆنه‌ پێڵاو…..
ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌جۆرێک بۆ حزبیش گونجاوه، گه‌ر حزبێک خیانه‌تی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌نجامدا پێویسته به‌ هه‌موومان به‌نه‌فره‌تی بکه‌ین و پشتی تیبکه‌ین تاوای لێدێ ناچار ده‌بێ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ یان حزبێک هیچ سودی نیه‌ با ته‌مه‌نیشی زۆربێ خزمه‌تی له‌ سه‌ده‌یه‌ک زیاتر بێ بۆچیه‌؟‌ حزبێک با ئیسلامی بێ گه‌ر له‌گه‌ڵ بنه‌ما ئایینه‌کانی ئیسلام ڕاستگۆ نه‌بێ بۆ چیه‌؟ یان با ڕاستیش بێ گه‌ر توانای گۆڕانکاری نه‌بێ یان توانای بڕیاردانی بوێرانه‌ی نه‌بێ بۆچیه‌؟ یان هه‌ڵوێستێکی مه‌ردانه‌و مه‌یدانیانه‌ی نه‌بێ بۆ چیه‌؟ پێویسته ڕاستی بکه‌یه‌وه‌ گه‌ر گوێت لێ نه‌گیرا و سه‌رکه‌وتوو نه‌بووی به‌جێی بێڵه‌ ، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نا ئه‌وبه‌ر و ئه‌وبه‌ری حزبه‌کان بکه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌ که‌سی ئه‌وکات له‌حزبه‌کان سوک و ڕسواتره‌ ئه‌و که‌سه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی که‌سی سه‌نگه‌ری حزب ده‌گوازێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ کاره‌ قێزه‌ونه‌کانی ئه‌و حزبانه‌ مرۆڤ کڕین و ده‌نگ کڕین و ویژدان کڕین.
جارێ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ حزب بێزراوه‌ قێزه‌ونه‌ پیسه‌ ئاوه‌گڵه‌ ، چونکه‌ خراپه‌ نه‌ما نه‌یکات له‌سه‌ره‌تای دروست بوونیان درۆزن و خائین ده‌رچوون له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستان و ته‌نانه‌ت ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆشیان، گه‌ر وابوو شۆڕشگێڕبوون بۆ یه‌کتریان ده‌کوشت له‌شاخ؟ بۆ له‌دژی یه‌کتر هێشتا هیچ ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بوو خیانه‌تیان له‌یه‌ک ده‌کرد و ده‌ستی دوژمنیان ده‌گرد بۆ سه‌ر باره‌گاکانی یه‌کتر؟ ئه‌وانه‌ حزب نین به‌ڵان به‌ڵا بۆ ئه‌و گه‌له‌ نا حاڵیه‌ تا قیامه‌ت ناحاڵی هاتوون، باشه‌ گه‌ر شۆڕشگێڕ بوون و دوای ڕاپه‌ڕین بۆچی به‌و شێوه‌یه‌ دوژمنکاریه‌‌ کوردستانیان تاڵان ده‌کرد ، هیچ نه‌ما نه‌یفرۆشن به‌ ئێران و تورکیا بڕواتانبێ جامی بینای قوتابخانه‌و دائیره‌کانیشیان هه‌موو شکاند بۆ ئه‌وه‌ی بیفرۆشن ته‌نها چونکه‌ بازرگانێکی بێ ویژدانی فارس به‌درۆ گووتبووی کۆنه‌ شوشه‌ی شکاو ده‌کڕم!
باشه‌ دواجار بۆچی شه‌ڕی ناوخۆیان کرد؟ گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست له‌ دوای ڕوخانی ڕژێم بۆ به‌و جۆره‌ بێ ویژدانیه‌ نه‌وت و سامانی ژێر زه‌وی و سه‌رزه‌ویان فرۆشت و له‌دژی یه‌کتر پاره‌کانیان شارده‌وه‌ هه‌رکه‌س بۆ خۆی میلله‌تیشیان له‌ برسان قڕکرد؟
ئه‌وانه‌ بێزراون قێزه‌ونن خیانه‌ت نه‌ما نه‌یکه‌ن، درۆ نه‌ما نه‌یڵێن، شت نه‌ما نه‌یدزن، فێڵ نه‌ما دووباره‌ی نه‌که‌نه‌وه‌، شکست نه‌ما به‌سه‌ر ئه‌و گه‌له‌ی نه‌هێنن، تاکه‌ی وازیان لێ ناهێنن؟
ئه‌خلاقی تاک و کۆمه‌ڵگاشیان تێکداوه‌ به‌ جۆرێک تۆوی بێ متمانه‌یی و درۆ و فێڵ و ته‌ڵه‌که‌بازیان له‌ناو هاوڵاتیاندا چاندوه‌ که‌س متمانه‌ی به‌که‌س نیه‌ هه‌مووی فێڵ و پاشقۆڵ لێکگرتنه‌ نه‌ک دژی حزبێکی تر ته‌نانه‌ت له‌ناو یه‌ک حزبیشدا له‌نێوان ئه‌و به‌رپرس و ئه‌و به‌رپرس ئه‌و ئۆڕگان و ئه‌و ئۆڕگان و ئه‌و مه‌نتیقه‌و ناوچه‌و شار و عه‌شیره‌ته‌ تۆوی دووبه‌ره‌کیه‌کی زۆر پیسیان چاندوه‌،
ئه‌مه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ کاری ڕێکخراوه‌ی مه‌ده‌نی و چالاکیه‌ مه‌ده‌نییه‌کانیش بۆیه‌ هه‌ر کارێکی مه‌ده‌نیش ده‌که‌ی گه‌ر سه‌د له‌سه‌د به‌بێ لایه‌نیش ئه‌نجامی بده‌ی، تۆمه‌تێکی حزبیت بۆ ئه‌نجام هه‌ر ئه‌ده‌ن و ئه‌تخه‌نه‌ ژێر گومان، چونکه خۆیان له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌بێ فه‌رمانی حزب ناتوانن هیچ کارێکی سه‌ربه‌خۆ ئه‌نجامبده‌ن، بۆیه‌ ( له‌لای دزوایه‌ هه‌موو که‌س دزه‌).
بێ گوومان جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و حزب و ئه‌م حزب له‌ڕووی باری تاوانه‌کانیان چونکه ئه‌و حزبه‌ی هێز و پاره‌ و ده‌سه‌ڵاتی له‌به‌رده‌ستدا بووه‌ له‌ هه‌موویان زیاتر تاوانبارتره‌ به‌ڵام ئه‌ی ئه‌وه‌ی پشتگیری کردون یان بێده‌نگ بوون به‌شێوه‌یه‌ک ڕازیکرابێ چی؟
ئینجا مه‌به‌ستی ئێمه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن نیه‌ له‌نێوان حزبه‌کان به‌ڵکو به‌راوردی کاری حزب به‌گشتی له‌گه‌ڵ حزبی کوردیه‌کانی خۆمان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌موویان که‌وتونه‌ته‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی شێوازی حزبایه‌تی کردنه‌ی که‌ هه‌یه‌ ، بۆ نمونه‌ هه‌موویان به‌رگری له‌ خراپه‌کانی حزبه‌کانیان ده‌که‌ن، یان له‌سه‌ر حزب دژایه‌تی یه‌کتر ده‌که‌ن ناوزڕاندن و ته‌شهیر تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن هیچ جیاوازیان نیه‌، له‌ زۆربه‌ی کرداره‌ بچوک و گه‌وره‌کان لێکده‌چن، یان به‌جۆرێکی تر بڵێین ئه‌و شێوازه‌ ناشیرنه‌ حزبیه‌ له‌ کوردستان بۆته‌ مۆدێل وه‌ک په‌تا بڵاو بۆته‌وه‌ به‌ناو هه‌موو حزبێکدا بۆته‌ چاولێکه‌ری.
یاسین عبدالله
٢٠١٧/١٢/١
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام