شەوى سێ شەممە ڕێکەوتى چواردەى نۆڤەمبەرى ساڵى دووهەزارو حەڤدە سەردانى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانیم کرد وەک هاوەڵى نەخۆش ، نەک وەک پزیشکێکى نەشتەرگەر سەر بەوەزارەتى تەندروستى ، ئەوەى من بەچاوى خۆم بینیم ، چ وەک پزیشک ، چ وەک هاوەڵى نەخۆش قابیلى قبوڵ نییەو لەگێڕانەوە نایەت ؟ .

ئامانج لەبینینى نەخۆش چاکبوونەوە نەبوو ، وەک لەوەى خۆدەربازبوون بێت لەبەرپرسیارێتى ئەخلاقى پزیشکى ؟ ئامانج لێى هەڵخەڵەتاندن وچاوبەستى نەخۆش وهاوەڵەکەى بوو لەلایەن وەزارەتى تەندروستى ببورن لەلایەن کحومەتى هەرێمى کوردستان ، ئەوحکومەتەى لەکۆى چەمکەکانى ژیان شکستى هێناوە .

لەچ بارودۆخێکدا بینیوتانە ڕاپۆرتى پزیشکى سەرەتایى کەدەزگاى پۆلیس ودادگاکان پشتى پێدەبەستن لە یەکلابوونەوەى هەندێک لەکێشەکان بوونى نەبێت ؟ ئێستا لەنەخۆشخانەی فریاکەوتنى سلێمانى کەلۆدى یەک ملیون هاوڵاتى لەسەرە بوونى نییە ؟  ئەمە ئەوپەڕى داڕووخانى سێکتەرى تەندروستى یە ؟ ئەگەر ئێوەى پاڵەوانى حیزب تواناى بەڕیوەبردنى کەرتێکى هەستیارى وەک کەرتى تەندروستیان نی یە ؟ بڕۆن وازبێنن ؟ بەرۆکى پزیشک و کارمەندانى تەندروستى بەردەن .

لەمێنتاڵتى وناخى ئێوەى بەرپرسانى حیزبى تەندروستى وحکومى سەرەتاکانى ئەلف وبێى بەڕیوەبردنى تەندروستى و نەخوشخانەکان بەدی ناکرێت ، بەهەموو پێوەرەکان لەزانستى تەندروستی بێئاگاو نەزانن ، تکاتان لێدەکەین تەنیا بۆ جارێک وەک مرۆڤ بیربکەنەوە ، چیدى ژیان وتەندروستى کۆمەڵانى خەڵک و ژینگە تێکەڵ بەبازرگانى مەکەن ؟  بەڕێوەبردنى تەندروستى زانستە نەک بازرگانى ، تەندروستى میللەتێک مەخەنە مەترسیەوە لەبەر گیرفانى ئەم کاک و ئەوخاڵ و ئەو مام  ؟ .

بۆ زانیارى ، خزمەتگوزارى تەندروستى لەو دۆخە داڕوخاوەى دواى ڕاپەرین سەدقاتى ئێستا باشتر بووە هەر لەبەر ئەوەى کەرتى تەندروستى بەبازرگانى نەکرابوو .

ئەوەى ئەگوزەرێ دوور و نزیک پەیوەندى بەلایەنە مرۆڤایەتیەکەى زانستى پزیشکیەوە نەماوە ؟ دوور و نزیک پەیوەندى بەمافى نەخۆش و زانستى بەڕیوەبردنى تەندروستی و نەخۆشخانە نەماوە ؟ بەبۆچوونى من لەئێستادا شتێک نەماوە بەناوى وەزارەتى تەندروستى وخزمەتگوزارى پزیشکى وتەندروستى .

ئەوەى من بینیم شکاندنى شکۆى نەخۆش وهاوەڵەکانێتى ، شکاندنى شکۆى سامانى مرۆیى تەندروستى یە بۆ پیشەکەى ، شکاندنى شکۆ وتەندروستى گشت کۆمەڵگایەکە بەهەموو چین وتوێژەکانیەوە .

زۆر لەمیژەوە بەهەموو شێوازێک ” بەنوسین ، بەیاداشت ، بەتوێژینەوە ولێکۆڵینەوەى زانستى ، بەتاوتوێکردنى بارى تەندروستى لەگەڵ بەرپرسان ” هۆشدارى خراپى ڕەوشى تەندروستی کوردستانمان بۆ دەسەڵاتى سیاسى وحکومڕانى  هەرێمى کوردستان ڕوونکردۆتەوە .

ئاماژەمان بەنەبوونى سیاسەتیکى تەندروستى گونجاو داوە ، ئاماژەمان لەخراپ مامەڵەکردنى بەرپرسانى وەزارەتى تەندروستى و ودەزگاو دامەزراوە لاوازەکانى داوە بەرامبەر بەپرسى تەندروستى هاوڵاتیان ، بەداخەوە مێش میوانیان نەبووە ، تەنانەت تاکە هەڵوەستیەکیان لەسەر ئەو هۆشداریە زانستایانەى ئێمەمانان وشارەزایانى تەندروستى نەکردووە بۆ باشکردنى ڕەوشى تەندروستى وگەڕانەوەى شکۆ بۆ سێکتەرى تەندروستى وکۆمەڵانى خەڵک .

لەوە ئەچێت تاجنێوى سوک بەحکومەت ووەزارەتى تەندروستى نەدەیت نەکەونە کاردانەوە وەڵام ، بەڵام سەرەڕاى ئەوەش ئێمەى پزیشک وکارمەندى سێکتەرەکە خۆمان بەدوور دەگرین لەڕەخنەى نابەجێى سوک وناشرین وئابڕووبەر ، ئێمە دادوەرنین تابەوردەکارى گەندەڵیە ئابووریەکاندا بچین کەسەبەبکارى گشت شکستەکانى کەرتى تەندروستیە ، ئەوە هەڵدەگرین بۆ مێژوو داهاتوو کاتیک یاسا سەروەر بێت .

لەم شەوانەدا پۆستیکى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیم بینى کەبەڕاستگۆیانە باسى بارودۆخى تەندروستى دەکرد ، بەڕاستى بەزەیم پێداهاتەوە ، باس لەوە دەکات ” مقیم مانى گرت مقیم ئەقدەم فشارى کەوتە سەراقدەمى هەناوى زووهاتن هاوکاریەکیان وەرگرت جراحەو کسور هاتن تەهدیدیان کرد هاوکاریەکیان وەرگرت ……………….بەقەدەر هەموو موقیم ئەقدەم لەئێوارەوە خەریکم جارێ هیچم بۆ نەکراوە بێ وەعدى نییە ڕووى وەزعەکە ڕەش بێت ئەوەندە داواى پارەمان لەخەڵک کرد ڕەزامان قورس بووە ……….. دواتر دەنووسێت ئەم پرۆسەى پارە تەوزیعکردنە لەدوو ساڵى ڕابردوو هەمووى خەتاى من بوو پینەوپەڕۆى کێشەکانم پێ کرد حەللى جەزریمان نەکرد هەوڵ دەدەم هاوکاریەکى مقیم بکەم هەرچونێک بێت ……هتد .

ئەم پۆستە ئەگەر مانایەکى هەبێت ، ماناى ئەوەیە نەک سیستمى تەندروستى خراپ و لاوازە ، بەڵکۆ شتێک نییە بەناوى سیستمى تەندروستى ، شتیک نییە بەناوى پێشڕەوایەتیەکى تەندروستى کاریگەرو سەرکەوتوو ، شتێک نییە بەناوى دارایى وئابوورى تەندروستى ، شتێک نییە بەناوى دابەشکردنى دەسەڵات وکار وبەرپرسیارێتى سەرەڕاى بوونى جێگرێک وچەند یاریدەدەرێک ، هەموو دەسەڵاتە کارگێڕى ودارایى و زانستیەکان خراونەتە سەبەتەى حیزبە دەسەڵاتدارە بازرگانەکانەوە .

سێکتەرى تەندروستى سێکتەرێک نییە بەسواڵ وسەدەقەى خەڵکى بڕوات بەڕێوە ! بەڕێوەبەرى گشتى لەپۆستەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات ” ئەم پرۆسەى پارە تەوزیعکردنە لەدوو ساڵى ڕابردوو هەمووى خەتاى خۆى بووە ، لەبرى چارەسەرى ڕیشەیى پینەوپەڕۆى کێشەکانى کردووە ” ئەم پرۆسەى پارە تەوزیعکردنە خۆى لەخۆیدا نایاساییە ودژ بەبنەما زانستیەکانى بەڕیوەبردنى تەندروستیە .

ئەمە جۆرێکە لەسڕکردن وهەڵخەڵەتاندنى پزیشک وکارمەندان بۆماوەیەکى کاتى نەک هەتاهەتا ، سێکتەرى تەندروستى بەدابەشکرنى پارەى لابەلا ناڕوات بەڕێوە ، بەڕێوەبردنى دارایى تەندروستى یەکێکە لەبنەما سەرەکیەکانى بەڕیوەبردن کەپێویستى بەهەڵسەنگاندنى زانستى سەرچاوەکانى داهات وچۆنێتى خەرجکردنى هەیە ، پێویستى بەکەسانێکە تۆزێک لەزانستى بەڕێوەبردنى تەندروستى و نەخۆشخانەکان بزانن ئەگەر شارەزاییەکى تەواویشیان نەبێت .

من وەک پزیشێکى سەر بەوەزارەتى تەندروستى وەک بەرپرسیارێتى ئەخلاقى چیدى بێدەنگ نابم ، وەک پیشەى جاران بەهەموو شێوازێکى مەدەنى یاسایى لەژێر ناوى”چاوبەست وجادوى وەزارەتى تەندروستى ” زنجیرەیەک بابەتى تەندروستى زانستى ئەخەمە بەردیدى خەڵکى ، بەڵکو وەزارەتى تەندروستى بەئاگا بێتەوە و کاردانەوەى هەبێت ، هەرچەندە سور دەزانم وەزارەتى تەندروستى هیچى تازەى پێ نییەو ناشتوانێت هیچ گۆڕانکاریەکى ئەرێنى بکات چونکە لەڕاستیدا هیچى بەدەست نییە ، وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان لەشکستدا خنکاوە .

کاتى ئەوە هاتووە بڕۆن بەرۆکى ئەم سێکتەرە هەستیارە بەربدەن کەپەیوەندى بە ژیان وتەندروستى جەستەیى ودەروونى کۆمەڵانى خەڵک و ئاژەڵ وژینگەوە هەیە ، کاتى ئەوە هاتووە لەگەڵ حکومەتى شکستخواردوى هەرێمى کوردستان دەست لەکار بکێشنەوە ، ئەوەى لە سێکتەرى تەندروستى ڕوو دەدەات هیچى کەمتر نییە لەسێکتەرەکانى ترى وەک نەوت وسامانە سروشتیەکان ، دارایى وباج داهاتەکان …هتد … چونکە سێکتەرى تەندروستى مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا دەکات لەوپەڕى کاتى پێویستیدا ، کاتێک ژیان ئەکەوێتە مەترسیەوە ، مرۆڤیش بەنرخترین سامان وسەرماەیە تەنانەت لەزێڕو زیویش بەنرخترە بۆ ئەوانەى لەژیان وژین وژینگە گەیشتوون .

 

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام