: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
سەردەمێك هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لەكوردستان هاوكێشەی‌ سیاسییان سەراوژوور دەكرد، كەچی‌ ئەمڕۆ دیارترینیان كە بزوتنەوەی‌ گۆڕانە لەپاشەكشەیەكی‌ سەیردایە.

تائێستا شۆكی كۆچی دوایی نەوشیراوان مستەفا بزووتنەوەی گۆڕانی بەرنەداوە، بزووتنەوەكە كەوتووە بەردەم كۆمەڵێك تاقیكردنەوەی سیاسی، كە دەرچوون تێیاندا ئاسان نابێت بۆی.

بزووتنەوەی گۆڕان، كە دووەم گەورەترین هێزی سیاسییە لەهەرێمی كوردستان لەرووی‌ كورسی‌ پەرلەمانییەوە، ئێستا رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر بووەتەوە، ئەوەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی‌و دەرەوەی، خاڵی‌ گەورەی‌ وەرچەرخانی‌ سیاسی‌ ئەم بزوتنەوەیە ئەو كاتە بوو كە لەمانگی‌ ئایاری‌ رابردوو نەوشیروان مستەفای‌ كاریزماو سەركردەی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كرد.

یەكەم تاقیكردنەوەی‌ گۆڕان لەدوای‌ كۆچی‌ دوایی‌ سەركردەكەی‌، پرۆسەی‌ ریفراندۆم بوو كە لەئەیلولی‌ ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، گۆڕان بۆ زیاتر لەسێ‌ مانگی‌ بەر لەئەنجامدانی‌ پرۆسەكە هەڵوێستی‌ جۆراوجۆرو ناتەبای‌ دەردەبڕی‌، ماوەیەك دەیوت دەبێ‌ پەرلەمان بڕیاری‌ لێبدات، ماوەیەكی‌ تر دەیوت دوابخرێت‌و سەردەمێكیش دەنگدەرەكانی‌ سەرپشك دەكرد بۆ بەڵێ‌‌و نەخێر، دواجاریش رێكخەری‌ ئێستایان (عومەر سەید عەلی‌) لەرۆژی‌ ریفراندۆمدا وتی‌ دەنگی‌ بەبەڵێ‌ داوە.

نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ كۆچكردووی‌ ئەو بزوتنەوەیە، یەكێك بوو لەكاریگەرترین كەسایەتییە سیاسییەكانی‌ كوردستان، هەر بەفیعلیش یەكەمین بزوتنەوەی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ لەكوردستان لەدوای‌ راپەڕینی‌ ساڵی‌ 1991ەوە لەسەر دەستی‌ ئەو هاتە ئاراوە، كاتێك لەتەمموزی‌ 2009 بەشداری‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كردو لەیەكەم ئەزمووندا چارەكێكی‌ كورسییەكانی‌ پەرلەمانی‌ بردەوەو گەورەترین هێزی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ دروستكرد كە بەهۆیەوە گۆڕانێكی‌ گەورە لەهاوكێشەی‌ سیاسی‌ كوردستاندا هاتە ئاراوە.

ئەوانەی‌ چاودێری‌ كارەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانیان دەكرد دەڵێن لەسەردەمی‌ نەوشیروان مستەفادا ئەو بزوتنەوەیە بۆ هەموو رووداوەكان خاوەنی‌ مانۆڕو كارتی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ بووەو دوو هێزە دەسەڵاتدارەكە (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان)ی‌ ناچاركردووە لەژێر فشاری‌ جەماوەرییدا زۆر بڕیار بدەن كە پێشتر لەدژی‌ بوون، بەڵام هەر ئەوەندەی‌ نەوشیروان مستەفا نەخۆشكەوت‌و دواتریش كۆچی‌ دوایی‌ كرد، ئیتر ئەو بزوتنەوەیە بووە بزوتنەوەیەكی‌ دەست‌و پێ‌ سپی‌، نەك هەر لەدەرەوە، بەڵكو لەناوخۆی‌ بزوتنەوەكەش ناڕەزایی‌ قووڵ دروستبووە.

ناڕەزاییەكان لەناوخۆی گۆڕان بەشێوەیەكە داوای دەستلەكاركێشانەوەی عومەری سەید عەلی رێكخەر‌و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەكەن -بەرزترین دەستەی‌ سیاسی‌ ئەو بزوتنەوەیە-، لەسەر ئاستی دەرەوەش رەخنەیەكی زۆر لەگۆڕان دەگیرێت، بەوەی ناتوانێت لەپرسەكان هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی هەبێت.

چەند رۆژێك لەمەوبەر چەند هەڵسوڕاوێكی‌ دیاری بزووتنەوەی گۆڕان نامایەكیان بۆ بزوتنەوەكەیان نوسی‌‌و ناڕەزایی‌ توندیان دەربڕی‌، ئەوان نوسیبویان “نەوشیروان مستەفا لەفنجانێكدا گەردەلولی ئەخولقاند، جێنشینەكانی گەردەلولی ئەهێننەوە نێو فنجانەكە”.

هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری‌ عێراق كە تا چەند ماگێك پێش ئێستا سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان بوو لەپەرلەمان‌و دواتر سەرۆكایەتی‌ دا بەهاوكارێكی‌، بە”نیقاش”ی‌ وت “ئێمە لەناو خەڵك‌و جەماوەری گۆڕانین، ئاگاداری ئەو ناڕەزاییانەین لەسەر سیاسەتەكانی گۆڕان دروستبووە، بۆیە ئەگەر گۆڕان بەردەوامبێت، بەدڵنیایی زیانی زۆری دەكات‌و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پێگەو قورسایی نامێنێت”.

هۆشیار عەبدوڵڵا باسی‌ جیاوازی‌ نێوان نەوشیروان مستەفاو سەركردەكانی‌ ئێستای‌ گۆڕان دەكات‌و دەڵێت “كاتێك حیزبەكان بڕیاری تێپەڕاندنی دەستووری هەرێمیان لە 2010دا نەوشیروان مستەفا ناڕازی بوو لێی‌و بەفەرمی دژایەتی كردو چەندین مانۆڕی سیاسیشی بۆ ئەنجامدا، تا سەرئەنجام رێگەینەدا بەو شێوەیەی هەیە تێپەڕێنرێت، بەڵام سەركردایەتی گۆڕان لەئێستاداو بۆ پرسی ریفراندۆم هەر رۆژەو بۆچوونێكیان هەبوو، تا ئەوەی لەو پرۆسەیەدا هیچ رۆڵێكیان نەبوو، ئەنجامەكەشی بەو شێوەیە كەوتەوە، كە ئێستا كوردستانی بەدۆخێكی مەترسیدار گەیاندووە”.

ئەو ریفراندۆمەی‌ 25ی‌ ئەیلول بەڕێوەچوو دواتر بووە هۆكاری‌ سەرەكی‌ كێشەی‌ نێوان بەغداو هەولێر، لەسەرەتاوە گۆڕان لەگەڵی‌ نەبوو، بەڵام هیچ مانۆڕێكیشی‌ نەنواند بۆ ئەنجامنەدانی‌.

رەخنەیەكی‌ دیكە لەگۆڕان ئەوەیە كە پاش “شكستی” مەسعود بارزانی‌و حیزبە دەسەڵاتدارەكان‌و پاشەكشەی‌ پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان، نەیتوانیوە دیسانەوە هەڵوێستی‌ روون‌و دیاری‌ هەبێت‌و چارەیەكی‌ بۆ كێشە ئاڵۆزەكان پێبێت.

ئارام ئەحمەد، نوسەرو چالاكوان یەكێكە لەو كەسانەی لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە زۆرترین رەخنە لەبزووتنەوەی گۆڕان دەگرێت‌و هەوادارێكی زۆریشی لەناوخۆو دەرەوەی گۆڕان هەیە بە”نیقاش”ی‌ وت “لەدوای ڕیفراندۆمەوە، كە پارتی‌و یەكێتی كەوتنە حاشییەوە، دەبوو بزووتنەوەی گۆڕان خۆی بكاتە خاوەن، لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی، لایەنەكانی تر وەك بەرهەم ساڵح، شاندێك دروستبكەن‌و بچنە بەغدا‌و خۆیان وەك بەدیل نیشانبدەن”.

هەرچی‌ بەرپرسانی‌ ئەو بزوتنەوەیەشە لەبەرامبەر ئەم بۆچوونەدا رایەكی‌ پێچەوانەیان هەیە، ئەوەتا محەمەد عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ “نیقاش” دەڵێت “گۆڕان لەپرسە سیاسییەكان بەپرسی ریفراندۆمیشەوە هەڵوێستی خۆی هەبووە، راستە رەنگە هەڵوێستەكان لەئاست داواكاری جەماوەرو هەڵسوڕاوانی نەبێت، بەڵام بەهۆی دۆخی هەرێمی كوردستانیش نەتوانراوە هەندێك هەڵوێست رابگەیەنرێت”.

لەئێستادا نیگەرانی‌و ناڕەزاییەكانی ناو گۆڕان تەنیا بەرەخنەگرتنەوە نەماوە، بەڵكو چەند هەوڵێك هەیە، بۆ هەڵوەشانەوەی خانەی راپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتمانی‌و ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ ناوخۆیی‌.

نیقاش لەچەند سەرچاوەیەكی ناو گۆڕانەوە زانیوییەتی، هەوڵەكان بەكرداری كراون‌و داوا لەجڤاتی نیشتمانی كراوە كۆبوونەوە بكات بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، كە دەبێت هەڵبژاردنەكان لە مانگی 12 ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتمانی، كە وەك كۆنگرەی حیزبەكانی ترە.

هەروەها هەوڵەكان بۆ ئەوەیە، كە گۆڕان بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی‌و كۆنفرانسی نیشتمانی، دەستەیەكی نوێ بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژێرێت‌و لەو رێیەوە هەڵوێستی‌ روونی‌ خۆی‌ بۆ هەموو پرسەكان هەبێت.

عەدنان عوسمان هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان یەكێكە لەدەنگە ناڕازییەكانی بزووتنەوەكە، ئەو پێیوایە گۆڕان تەنیا بەهەڵبژاردنی ناوخۆیی‌و كۆنفرانسی نیشتمانی دەتوانێت لەم دۆخەی خۆی دەرباز بكات، بگەڕێتەوە سەر ئەو رەوتەی جارانی، كە “هەمیشە رووداوی گەورەی لەكوردستان دەخولقاند”.

عەدنان عوسمان بۆ “نیقاش” دەڵێت “ئەگەر گۆڕان هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجامنەدات، ئەوە جاڕی مەرگی سیاسی خۆی دەدات‌و ئەو كاریگەرییە بەهێزەی جارانی نامێنێت”.

هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان بەداواكارییەكی نەوشیروان مستەفا دواخراوە كە ئەو كاتەی‌ لەژیاندا بووە، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی پێشتر گۆڕان چ لەسەر ئاستی ناوخۆی خۆی، چ لەسەر ئاستی دەرەوە، دۆخی گونجاوی نەبووە بۆ ئەو پرۆسەیە.

جەمال حاجی محەمەد ئەندامی خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەو بارەوە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان بەدەم دەنگە ناڕازییەكانی گۆڕانەوە چوون‌و پێشنیارو سەرنج‌و تێبینییەكانیان لەبەرچاو گرتووەو كار بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیشیان دەكەن.

جەمال حاجی بە”نیقاش”ی‌ وت  “گۆڕان بزووتنەوەیەكی جەماوەرییەو ئەو رەخنانەی لێدەگیرێت، تەنیا بۆ دڵسۆزییەو بەشێكی زۆری رەخنەكانیش لەجێی خۆیەتی، رەنگە گۆڕان لەزۆر جێگەدا هەڵوێستی وەك پێویست نەبووبێت”.

بەراورد بەحیزبەكانی‌ دیكەی‌ كوردستان گۆڕان تەمەنی‌ لەهەموویان كەمترەو هەشت ساڵە لەگۆڕەپانی‌ كوردستاندایە، بەڵام لەو هەشت ساڵەدا توانی‌ لەرێی‌ كورسی‌ پەرلەمانییەوە ببێتە دووەم هێز لەدوای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانەوە‌و بەقەد ئەویش كاریگەری‌ بەسەر رووداوە سیاسییەكانەوە هەبێت، كەچی‌ ئێستا ئەندامانی‌ دەڵێن تەنانەت بەقەد حیزبە زۆر بچووك‌و پەراوێزخراوەكانیش رۆڵی‌ نییە.

رێبین ئەحمەد هەردی‌ كە نوسەرێكی‌ دیارە لەكوردستان‌و دۆستی‌ نزیكی‌ نەوشیروان مستەفا بووە، نایشارێتەوە ئەو دۆخەی‌ ئێستا گۆڕانی‌ تێكەوتووە دۆخێكی‌ خراپەو ئەو رەخنانەشی‌ لەناوخۆو دەرەوە لەگۆڕان دەگیرێت لەجێی‌ خۆیەتی‌، ئەوەش بەهۆی‌ ئەوەی‌ گۆڕان لەپرسە سیاسییەكان هەڵوێستی‌ روونی‌ نەبووەو نەیتوانیوە مانۆڕی‌ سیاسی‌ پێویست ئەنجامبدات.

رێبین هەردی‌ بە”نیقاش”ی‌ وت “گۆڕان دوای‌ كۆچی‌ دوایی نەوشیروان مستەفا نەیتوانیوە وەك پێویست خۆی‌ كۆبكاتەوەو ئەو بۆشاییە بەباشی‌ پڕبكاتەوە”.

دەشڵێت “گۆڕان لەئێستا زۆر كارتی‌ سیاسی‌ بەدەستەوەیە، دەتوانێت لەدژی‌ دەسەڵات‌و پارتی‌‌و یەكێتی‌ بەكاریبهێنێت، گرنگترین كارتیش هەماهەنگی‌ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، یان جووڵاندنی‌ شەقام، بەڵام سەیرە تائێستا ئەمەی‌ بەكارنەهێناوە”.

هەرچەندە لایەنگرانی‌ گۆڕان سەریان سوڕماوە لەبێدەنگی‌ بزوتنەوەكەیان، بەڵام دەسەڵاتدارانی‌ ئەو بزوتنەوەیە نایشارنەوە كە فشاری‌ دەرەكی‌ بەشێكە لەهۆكاری‌ بێدەنگیان.

محەمەد عەلی‌  ئەنجامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەڵێت “لەدوای‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم‌و تێكچوونی‌ پەیوەندییەكانی‌ نێوان هەولێرو بەغدا سەرجەم ئەو شاندە بیانییانەی‌ هاتوونەتە سلێمانی‌‌و لەگەڵ گۆڕان كۆبوونەتەوە، ئەو داواكارییان خستووەتەڕوو، بەوەی‌ دەبێت پشتگیری‌ حكومەت بكەین”.

وتیشی‌ “ئەم دان بەخۆدا گرتنە كاتییە، لەوە زیاتر گۆڕان چاوەڕێی‌ ئەم حكومەتە ناكات كە لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ رابردوو تەنیا قەیرانێكی‌ داوەتە دەست قەیرانێكی‌ تر”.

لایەنگرانی‌ گۆڕان گەیشتوونە دۆخێك هیوایەكی‌ ئەوتۆیان بەبزوتنەوەكەیان نەماوە، ئەوان دەڵێن هیچ كاتێك بەقەد ئێستا كەش لەبار نەبووە بۆ ئەوەی‌ بزوتنەوەكەیان دەنگی‌ هەبێت لەبەرامبەر قەیرانی‌ دارایی‌‌و ریفراندۆمی‌ “شكستخواردوو” كەچی‌ ئەو بزوتنەوەیە تەنیا بێدەنگی‌ هەڵبژاردووە.

بڕیارە هەشت مانگی‌ تر لەكوردستان هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بەڕێوە بچێت، ئەوكات دەردەكەوێت ئایا نیگەرانی‌ خەڵكی‌ لەگۆڕان‌و بزوتنەوەی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ كاتی‌ بووە، یا بەیەكجاری‌ لێی‌ بێهیوا بوون‌و تەڵاقیان داوە.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام