گه‌له‌كه‌مان له‌ باشوری كوردستان به‌ به‌رده‌وامی له‌ خه‌بات و تێكۆشاندا بووه‌ و دانه‌بڕاوه‌ و ته‌سلیمكاری قبوڵ نه‌كردووه‌، له‌ كوێدا پێویست بووبێت به‌ به‌خشینی خوێن یان به‌ پرۆسه‌ی دیموكراتی و ده‌نگدان و خه‌باتی مه‌ده‌نی، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی بیست وشه‌ش ساڵی ڕابردوودا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی حوكمی ئه‌م هه‌رێمه‌ی كردووه‌ هه‌موو ئه‌و خه‌باته‌ شۆڕشگێڕی و مه‌ده‌نی و دیموكراتیانه‌یان له‌ بار بردووه‌ و بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان مامه‌ڵه‌یان به‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌ل و شه‌هیدانه‌وه‌ كردووه‌ و ته‌واوی هه‌نگاوه‌كانیان كه‌وتۆته‌ خزمه‌تی داگیركارانه‌وه‌ به‌م دۆخه‌ی ئێستاشه‌وه‌.

ڕۆژی 29-10-2017 وه‌ك ڕابردوو به‌سه‌ر په‌ره‌شتی بارزانی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی كوده‌تایه‌كی تری هاوشێوه‌ی 31ی ئاب به‌سه‌ر په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستاندا كرا و شكۆ و حه‌ره‌می په‌رله‌مانیان شكاند، ئه‌و هێرشه‌ی بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی به‌سه‌ر ده‌نگ و ئیراده‌ی گه‌لدا، ئه‌نجامی ته‌نگاوبوون و كۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاته‌كانیانه‌ و ڕه‌تكردنه‌وه‌یانه‌ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌، ئه‌نجامی شكستێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی ئاشبه‌تاڵی 1975ه‌، به‌ دروستكردنی ئاژاوه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌خوازن شكسته‌ ئابڕوبه‌رانه‌كانی 16ی ئه‌م مانگه‌ و ڕۆژانی دواتری له‌ بیر خه‌ڵك ببنه‌وه‌، حیزبێك كه‌ په‌روه‌رده‌ی گروپی چه‌ته‌گه‌ریی و گه‌نده‌ڵی و ته‌زویرات بكات هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ سوكایه‌تی به‌ په‌رله‌مانتار و ڕۆژنامه‌نوسان بكات و خۆی له‌سه‌رووی هه‌موو پیرۆزی و یاسایه‌ك ببینێته‌وه‌.

ده‌بوایه‌  بارزانی به‌ ده‌ركه‌وتنی له‌ پاش شكستی 16ی مانگ و ته‌واوی شكسته‌ سیاسی و ئیداری و دیبلۆماسی و ئابورییه‌كانی به‌تایبه‌تی مژاری ڕیفراندۆم، داوای لێبوردنی له‌گه‌ل بكردایه‌وه‌ دانی به‌ شكسته‌كانی خۆیدا بنایه،‌ نه‌ك تاوانبار كردنی هه‌موو لایه‌ك جگه‌ له‌خۆی.

ئێمه‌ وه‌كو ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و توندوتیژی و بێ ڕیزییانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ په‌رله‌مانتاران و ڕۆژنامه‌نوسان و حه‌ره‌می په‌رله‌مان كرا، هه‌تا ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ حاكم بێت ڕه‌وشی گه‌ل له‌وه‌ خراپتر ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ گه‌ل ئیتر بێده‌نگ نه‌مێنیت و بڕیاری خۆڕێكخستنه‌وه‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردن بده‌ن و هه‌موو گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌وانه‌ی بوون به‌ هۆكاری ئه‌و شكستانه‌ به‌ سزای گه‌ل بگه‌یه‌نن.

 

ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان

ده‌سته‌ی هاوسه‌رۆكایه‌تی

30-10-2017

تایبەتمەندییەکان: دۆسیە

زیادکردنی وەڵام