بیناڵی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، رایگەیاند، ھاوکاری حکومەتی ناوەندی عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی بەرێوەبردنی دەروازەی سنوری ئیبراھیم خەلیل، بکەوێتەوە دەستی حکومەتی ناوەندی.

لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا، یەڵدرم، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ھەروەھا وتی، سورن لەسەر پێکەوە کارکردن بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق، لەرێگەی بۆری نەوتەوە.

بیناڵی یەڵدرم، ھەروەھا وتی، ئێمە لەپاڵ عێراق دەوەستین و بەردەوام دەبین لەپشتیوانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی کەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق، ئێران، تورکیا ھۆشدارییان دایە، ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بۆئەوەی ریفراندۆم ئەنجامنەدرێت”بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر ئەنجامدانی وەئێمە ئەنجامەکە بە نارەواو نادەستوری دەبینین و قبوڵی ناکەین”.

ھەروەھا ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە گرنگی دەدەین بەگەراندنەوەی کەرکوک لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە، وە پاراستنی پێکھاتە سەرەکییەکانى شارەکەو پێکەوە ژیانیان، ئێمە لەتورکیا کۆمەڵێک رێوشوێنمان گرتەبەر لەسەر داوای برایانی عێراقیمان وە بەردەوامین لەوەرگرتنی رێوشوێن لەمەودوا.

جەختیکردەوە، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی ھاوڵاتیانى بێ تاوان، زیانیان پێ نەگات، چونکە ئەوان بەرپرس نین لەئەنجامی ریفراندۆم، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم بەخۆیاندا بچنەوە بگەڕێنەوە بۆ عەقڵ و بۆ دەستوور.

“لەتەنیشتی حکومەتی ناوەندی-یەوە دەوەستینەوە سەبارەت بە وەرگرتنی ھەر رێوشوێنێک لەدژی ھەرێمی کوردستان، رێککەوتین لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی ئابوری و بەشداربوون لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی وەک موسڵ و کەرکوک”یەڵدرم وای وت.

لای خۆیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ رۆڵی کاریگەریان ھەبووە بۆ پشتیوانی یەکگرتوویی خاکی عێراق و “رەتکردنەوەی ریفراندۆمی دابەشکردنی خاکی عێراق”.

وتیشی، ئێمە ھەوڵدەدەین پەیوەندی بنیاتنەر، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش پێش بخەین، و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر نەکەین، داواشیکرد، تورکیا بەشداربێت لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سەردانی تورکیا کردوو، پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ بیناڵی یەڵدرم، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام