ده‌ چاك بزانن:
هه‌ر كانییه‌ك،
ئه‌وان ئاوی بخۆنه‌وه‌ هیشكاو دێنێ.
هه‌ر دره‌ختێك،
له‌ سایه‌یدا ئه‌وان بنوون بێبه‌ر ده‌بێ.
تاعوونن… تاعوونن… تاعوون…
له‌ هه‌ر جێیه‌ك گه‌را بخه‌ن،
تۆوی مه‌رگی پێ وه‌رده‌بێ.
دۆبڕن… دۆبڕن… دۆ‌بڕ!
بڵێ: هانێ،
ئه‌مه‌ ئاڵای سه‌رفرازی!
ئه‌وان كفنت بۆ هه‌ڵده‌كه‌ن.
بڵێ: هانێ،
ئه‌مه‌ كه‌وسه‌ری سه‌ركه‌وتن!
ئه‌وان ژه‌هری تێشكانی تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن.

ئه‌و هینانه‌
شه‌نگه‌به‌ره‌ی داری ژه‌هری به‌ربینگمانن.
ئه‌و هینانه‌
دوو لاگونی سه‌دباتمانیی
دێوه‌زمه‌ی سه‌ر سینگمانن.
هێشتا تێم ناگه‌ن؟
لێم به‌دگومانن؟
ده‌ چاك بزانن:
تا سێبه‌ری ئه‌وان مابێ،
نه‌ بایه‌زید خانیی ده‌بێ،
نه‌ گۆڕقه‌ره‌ج حاجی قادر.

تا سێبه‌ری ئه‌وان مابێ،
كوردستانمان، وه‌ك دێڵه‌یه‌ك،
ده‌بێ جێگه‌ی به‌رده‌رگا بێ…
هه‌ر بتره‌كێ و هه‌تاكوو دنیا دنیا بێ،
ده‌رزه‌ن ده‌رزه‌ن…
ته‌غار ته‌غار…
توتكه‌به‌عسی و براكوژی لێ په‌یدا بێ!

تا سێبه‌ری ئه‌وان مابێ،
هه‌ر به‌ شكست
تۆڵه‌ی شكست ده‌كه‌ینه‌وه‌.
وه‌ڵامی گشت ئه‌نفاله‌كان
به‌ ماچومووچ ده‌ده‌ینه‌وه‌.
به‌ تریاكی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ك
هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ك له‌ بیر خۆمان ده‌به‌ینه‌وه‌.

تا سێبه‌ری ئه‌وان مابێ
ده‌بێ… هه‌روا…
به‌ ئومێدی فرۆی چه‌وری به‌رخه‌نێر بین،
چاو له‌ هێلكه‌ی دووزه‌ردێنه‌ی كه‌ڵه‌شێر بین!
هێشتا تێم ناگه‌ن؟
لێم به‌دگومانن؟
ده‌چاك بزانن:
كوردستانی ئێمه‌ ئاشه‌،
سه‌ركرده‌كانیش ئاشه‌وان.
كورد باراشه‌ و لێكردنیان
به‌ قۆنته‌رات داوه‌ به‌ وان!

1994– 1995 – هه‌ولێر – مۆسكۆ

تایبەتمەندییەکان: هۆنراوە

زیادکردنی وەڵام