ناو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی فەرهەنگی کەلتورییه لە ناو مرۆڤەکاندا بۆ ناسینەوە و لێک جیاکردنەوەی کەسەکان له یەکتری ، و دواتریش دەبێتە شوناس و نیشاندانی سیفەت و خەسڵەتەکانی کەسەکە ، لە هەمانکاتدا مرۆڤ بۆ ناسینەوەی کەرەستەکان و هۆکارەکانی ژیان و ماددەکان و گیانەوەران و جوگرافیاکان و تەواوی گەردوون و سروشت لە یەکتر و لەناو یەکتردا ناوی دیاریکردووە .

 

ناو لەسەر چەند بنەمایەک لە منداڵ دەنرێت :

ئاینی : پەیڕەوانی دینی لە ژێرکاریگەری ئایندا ناو لە منداڵەکانیان دەنێن ، بەناوی پێخەمبەران و خوداپەرستە پێشینەکان ، یان ڕووداوە مێژووییە ئاینەکان ، شوێنە پیرۆزە ئاینەیەکانەوە ، لەڕاستیدا کاتێک منداڵێک بەم ناوانەوە ناو دەنرێن ، بەو هیوایەی ئەو منداڵە لە داهاتوودا ببێتە کەسێکی خودا پەرست و باوەڕدار و هەڵگری سیفەتی کەسی یەکەمی خاوەن ناو ، بەبێ ڕەچاوکردنی سیفەت و خاسیەتی هەر مرۆڤێک و جیاوازی سەردەم و کاریگەری کەلتور و پەروەردە و کاریگەری ژینگە لە سەر کەسی دووەم ، لەڕاستیدا پەروەردەکردنی منداڵ بەپەروەردەیەکی جەوهەری ئاینی ڕەنگدانەوەی لەسەر باوەڕ و ئیمانی کەسەکان دەبێت ، لەگەڵ ڕەچاوکردنی جیاوازی کەسەکە و سەردەمەکە ، نەک لەژێر کاریگەری باوەڕ و خوداپەرستی کەسە پێشینەکان .

 

نەتەوەیی : هەندێکی دیکە لەسەربنەمای نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی ناوی منداڵەکانیان دەنێن ، بەناوی سەرکردەیەک ، جوگرافیای ووڵات ، ناوی شار و شاخ و سروشتی ووڵات ، ناوی ڕوداووە مێژووییەکان ، ئەمە هەم هەستێکی نەتەوەیی بەخێوکاری منداڵەکانە ، هەم بەو هیوایەی لەداهاتوودا ئەو منداڵە کەسێکی نەتەوەیی و تێکۆشەر و خزمەتکاری گەل و ووڵات بێت . سیفەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی تێدا ڕەنگ بداتەوە ، و خەمی ئەو خەمی گشتی میللەت بێت ، نەک خەمی تایبەتی .

 

خۆشەویستی : بەشێکی هاوسەران لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ئەوینی نێوانیان ناو بۆ منداڵەکانیان هەڵدەبژێرن ، هەوڵدەدەن ناوێکی ناسک و جوان و پڕمانا بێت ، کە ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی نێوانیان بێت ، ئاوێتەکردنی عەشق و خۆشەوویستی نێوان هاوسەرەکانە لە کەسایەتی منداڵەکانیان دا ، ناوێک بێت خۆشەویستیەکەیان مانادار تر بکات .

 

لاسایکردنەوە : هەندێکی دیکە لە دایک و باوکان لە سەر بنەمای لاسایکردنەوە و چاولێکردن ناو بۆ منداڵەکانیان هەڵدەبژێرن ، کاتێک دەبینن کەسێک باش و بەڕێزە لەسەر ئەو بنەمایەی منداڵەکەی ئەمانیش خاوەنی هەمان سیفەت بێت ، ناوی ئەو کەسە دیاریکراوە لە منداڵەکەیان دەنێن ، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی هەموو مرۆڤێک سیفەتی باشی و خراپی تێیدا ڕێژەییە ، چونکە مرۆڤ حکومە بەوەی هەردوو هێزی شەڕ و خێر کاری لەسەردەکەن ، لە دنیایەکی جەنجاڵ و ئاڵۆزی فڕە ڕەنگ و ڕەگەزدا ، یان کاتێک دەبین کەسێک جوان و خاوەن ڕووخسارێکی جوان و شیرینە ، بەو هیوایەی منداڵەکەیان ببێتە خاوەن هەمان سیما و ڕەنگ و ڕووخسار ناوی منداڵەکەیان بە ناوی کەسی یەکەمەوە دەنێن ، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ژیان و کاریگەری کێشە و ناسۆرییەکانی تاکە مرۆڤێک خۆی و تەواوی ژیانیش ، یان بەبێ ڕەچاوکردنی ڕووداوە کتوپڕەکان وەکو نەخۆشی و سووتان و ڕووداوی دیکەوە ، کە کاریگەری لەسەر ڕووخسار و تەندروستی مرۆڤ دەبێت .

 

لەڕابردوودا میسڕییەکۆنەکان پێیان وابوو ناو چارەنووسی مرۆڤ دیاری دەکات . واتا گەر ناوی کەسێک هەڵگری سیفەتی سەرکەوتن بێت ، ئیدی ئەو مرۆڤە کەسێکی سەرکەوتوو دەبێت ، یان گەر ناوی کەسێک هەڵگری سیفەتی بەختەوەری و ئاسودەیی بێت ، ئیدی ئەو مرۆڤە شاد و کامەران دەبێت ، و کەمترین کێشە و ناسۆری و کۆسپ دێتە ڕێی . بە پێچەوانەشەوە . لەم ڕۆژگارەشدا لە ڕوانگەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان و بە تایبەتی تریش کۆمەڵگای کوردی ناو هەم چارەنووس ، هەم تایبەتمەندی مرۆڤ دیاری دەکات . بەو شێوەیەی کاتێک ناوێکی دینی لە کەسێک دەنرێت ، بە هیوایە ئەو ناوە هەڵدەبژێردرێت ، کە ئەو کەسە لەداهاتوودا کەسێکی ئیماندار و باوەڕدار و خوداپەرست و خاوەن ڕەوشت بێت ، و خاسیەت و تایبەتمەندی کەسی پێشینە ئاینیەکەی تێدا ڕەنگ بدتەوە ، یان کاتێک ناوێکی هەڵگری سیفەتی سەرکەوتن و ئاسودەیی و ئارامی لە منداڵ دەنرێت ، بەو هیوایە کە چارەنووسی ئەو کەسە ئاسودەیی و بەختەوەری و سەرکەوتن بێت . ئەمە هەم بۆ ناونان لەسەر بنەمای نەتەوایەتی و لاسایکردنەوەش ڕاستە . لەڕاستیدا هیچ کاریگەریەکی لەسەر باوەڕ و مۆڕاڵی مرۆڤ نیە ، بەڵکو مرۆڤ بەرهەمی ژینگەکەیەتی ، واتا کۆی پەروەردە و کەلتور و جوگرافیا و سیستمی سیاسی و ئابوری ووڵات ، کایگەری لەسەر چانووسی مرۆڤ هەیە ، لەڕاستیدا ناو کاریگەری لەسەر سایکۆلۆژی مرۆڤ هەیە .

 

ناو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە ، یەکەم لەبەرئەوەی لە ڕێزمانی کوردیدا ناو قابلی کورتکردنەوەیە ، و بە جۆرێک کورتدەکرێتەوە شکڵە بنەڕەتیەکەی تێکدەشکێنرێت ، ئیدی ئەو کەسەی کە ناوێکی ناخۆش یا قورسی کورتکراوەی هەبێت ، لە ناو کۆڕ و کۆبوونەوە و ژینگەکەی و هاوڕێکانیدا هەمیشە هەست بەکەمی و نائاسودەیی دەکات ، هەمیشە لە ترسێکی گەورەدا دەژی بەهۆی ڕەخنە و تانە و تەشەری کۆمەڵگاکەیەوە ، لەلایەکی دیکەشەوە کاتێک ناوێک لەسەر بنەمای نەتەوەیی دەنرێت لە منداڵ ، بۆ نموونە ناونانی منداڵ بە هۆی خەبات و تێکۆشانی سەرکردەیەکەوە لە ڕۆژگاری ئەو سەرکردەیەدا ، بۆ ئەو منداڵەی ناوی سەرکردەکەی لێنراوە دەبێتە مایەی دڵخۆشی و ئاسوودەی ، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی سەرکردەکە بە باری زوڵم و دیکتاتۆری و نادادپەروەری ، ئیدی ئەو دڵخۆشیەی کەسی دووەم کە هەڵگری ناوی کەسەی یەکەمە ، دەگۆڕێت بە ڕەخنە و تانەی کۆمەڵگا ، وەک بڵێت ناوی کەسی دووەم بەرپرسیاره لە تایبەتمەندی و خاسیەت و کار و کردەوەی سەرکردەکە . ئیدی ئەم ناوە بۆ کەسی دووەم دەبێتە ئاریشە و گرفتی ڕۆژگار . لەلایەکی دیکەوە ئەو کەسەی ناونانەکەی لەسەر بنەمای خۆشەویستی دایک و باوکیەتی ، ناوەکەی دەبێتە جێگەی شانازی و ئارامی و دڵخۆشی و پتەوی کەسایەتی ، بەوەی لە خێزانێکدا هاتۆتە دنیاوە پڕیەتی لە ڕێز و خۆشەوویستی و ئەوین و وەفاداری ، ئیدی ناوکەی وەک پەروانە بە دەوری کەسایەتی و ژیانی دا دەسوڕێتەوە .

 

ناو سەرەڕای ئەوەی ناسنامە و شوناسی مرۆڤ و مادە و جوگرافیا و گیانەوەرانە ، لەگەڵ ئەوەشدا نیشاندانی خاسیەت و سما و هێماکانە ، نیشاندانی سیما و ڕووخسار و جوانی و قەشەنگییە ، نیشاندانی ڕووخسارە ناشیرین و دزێونەکانیشە ، بۆ نموونە کاتێک دەڵێت : گەلی کورد و ووڵاتی کوردستان ، ئەوە وێنەی گەلێکی دابەشکرا و داگیرکرا و جینۆسایدکراو ، و گەلێکی مەزڵم و ماف زەوتکراو ، خۆخۆر ، و هەروەها گەلێکی خەباتگێڕ و تێکۆشەر و کۆڵنەدەرت دێتە بەرچاو . کاتێک دەڵێت : عێراق ئەوە دەوڵەتێکی ڕەق و دیکتاتۆر و تاکڕە و خوێن ڕێژ و ماف زەوتکارت دێتە بەرچاو ، کاتێک دەڵێت : پاریس وێنەی بورجی ئیفڵ و شارێکی ناوازەی جوان و خاوەن شارستانیەت و مەدەنیەت و پێکەوە ژیان و ئازادی و دیموکراسی خۆی نمایش دەکات . کاتێک دەڵێت : ووڵاتی هیندستان مەملەکەتی سروشت و مەیموون و فیل و سحرت دێتە بەرچاو ، یان کاتێک دەڵێت : تاوس وێنەی باڵندەیەکی جوانی ڕەنگینی ئەفسوناوی لە خۆبای خۆی نمایش دەکات ، کاتێک دەڵێت : باز وێنەی باڵندەیەکی تیژڕەو و گۆشت خۆر و چاو تیژ خۆی نمایش دەکات ، کاتێک دەڵێت : کەروێشک وێنەی گیانەوەرێکی نەرم و تووک خاو و خڕ و خەپانەت دێتە بەرچاو ، کاتێک دەڵێت : شێر پاشای دارستان و دڕندە و ڕەق و هۆڤانەی بێ بەزەیت دێتە بەرچاو . کاتێک دەڵێیت : نێرگز وێنەی گوڵێکی بۆن خۆش و شیرین و ناسک خۆی نمایش دەکات .

 

کورد و تێکەڵبوون بە دنیای دەرەوەی خۆی
کاتێک کورد تێکەڵ بە دنیای دەرەوەی خۆی بوو ، یان کرانەوە بە ڕووی دەرەوە ، لە کۆن و ئێستادا ، ئیدی بە هۆی دگیرکاری سەرکوردستانەوە بێت ، یان بەهۆی بەرکەوتنی شارستانیەتی کورد بووبێت بە شارستانی گەلانی ناوچەکە و جیهان ، یان بە هۆی جیهانگیرییەوە بێت ، ئیدی ئەم تێکەڵابوونە بە فۆرمی جیاجیا کاریگەرییان لەسەر کەلتور و زمان و فەرهەنگ و سیاسەت و جوگرافیا ، و تەنانەت ڕۆشنبیریەتی ناونانیشەوە هەبووە ، بەپێی ڕۆژگار و شێواز و جۆری تێکەڵبوونەکە . بۆ نموونە کاتێک کورد تێکەڵاوی فارس و دواتر داگیرکاری عەرەبی ئیسلامی و پاشان تورکی عوسمانی ئیسلامی بوویەوە ، تەواوی شارستانیەتی کورد ڕووبەڕووی ئەو داگیرکارییە بوویەوە ، بەهۆی ئەوەی ئەوان زاڵ و داگیرکار بوونە ، و کوردیش ژێردەستە و داگیرکراو بووە ، لەبەرئەوە ئەم ڕووداوە بووە هۆی گۆڕانی ناو لە ناوی کوردییەوە بۆ ناوی فارسی و عەرەبی و تورکی بەهۆی کاریگەری ئاینییەوە . دەکرێت باسی ناوی ئەندامانی خێزانی شادی باپیرانی سلاحەدینی ئەیوبی بکەین وەکو بەڵگەیەک هاریکارییەکی باش بێت ، یان خەمڵاندنیێکی باش بێت بۆ مێژووی ئەم لێکدانەوەیە ، ڕاستییەکی ڕوونە ئەو کاتەی لە نیشتیمانی خۆیان بوون و تێکەڵاو گەلی دیکە نەبوو بوون و نەکەوتبوونە ژێرکاریگەری عەرەب و تورک ، سروشت و مۆرکی خۆماڵی کوردی خۆیان پاراستبوو ، ناویان : (شاد ، شێرکۆ ، تورانشاه ، شاهانشاه) ە ، شێرکۆ و تورانشاه ، منداڵی گەورەی نەجمەدینی ئەیوبین لە ناو کوردە ڕەوەندییەکان لە کەشوهەوای کۆمەڵگای کوردی لەدایک بوون دوور لە کاریگەری بیانی لە دایک بوونە ، پاش کۆچکردنیان بۆ ناوچەی موسڵ و تکریت ، ناوی منداڵەکانیان دەبێتە ناوی عەرەبی ئیسلامی بۆنموونە یوسف و محەمەدی کوڕی ئەیوب – مللک العادل ، محەمەد کوڕی شێرکۆ ، مللک القاهر ، دواتر کە لە موسڵ و دیمەشق تێکەڵی ئەتابەگە تورکەکان بوون ناوی منداڵەکانیان دەبێتە ناوی تورکی وەکو : تغتکین ، بوری کوڕانی ئەیوب .
لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمیش بەدواوە بە هۆی داگیرکاری عەرەب و جینۆسایدی کوردەوە کۆچی بە لێشاوی کورد بۆ ئەوروپا دەستی پێکرد ، و دواتریش بەهۆی جیهانگیری و کاریگەری میدیا و کرانەوەی کورد بە ڕووی دنیاوە ، ئیدی دیسان کەلتور و ژیاری کورد کەوتە ژێر کاریگەری فەرهەنگ و کەلتوری خۆرئاواوە ، ئەمەش دیسان گۆڕانی لە فەرهەنگی ناونانی کورد دا ڕوویدا : کاسترۆ ، ڕافین ، ژوولیا ، هلین ……هتد ) جێگەی ناوەکانی ( سەربەست ، ئازاد ، چیا ، پەروین ، ئارەزوو ، ……..هتد )ی گرتەوە ، هەروەها کرانەوەی کورد بە ڕووی ئێران و تورکیا لەڕووی ئابووری و گەشت و میدیاوە ناوە کوردییەکان بوون بە ( ئارش ، موعین ، ئەلیف ، ئادا ، پەریا ، زیبا ، موژگان ، تینا ، ………… ) لەڕاستیدا کێشە لە گۆڕینی ناوەکەدا نیە ، کێشەکە ئەوەیە گۆڕانی ناوەکان لە ژێر کاریگەری ئەوە دا بێت ، کە ئەوان گەورە و پێشکەوتوون ، ئێمە بچوک و دواکەوتوو و خۆبەکەمزان بین ، ئیدی کەلتور و فەرهەنگی کورد تووشی پوکانەوە و داگیرکارییەکی دیکە دەبێت لە فۆرمێکی دیکەدا .

 

 

Top of Form

 

 

تایبەتمەندییەکان: کۆمەڵایەتی

زیادکردنی وەڵام