دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەبەشداریی حەیدەر عەبادى و وەزیرانى ناوخۆ و بەرگرى و نەوت  بەرێوەچو تیایدا پەرلەمان بڕیارێکی (13) خاڵی سەبارەت بە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی بەغدا دژی هەرێم پەسەندکرد.

دەقی بڕیارەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق:

1- ئەنجامدانی راپرسی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە پێچەوانەی بڕگەکانی ماددەی (یەک)ی دەستورە کە دەڵێت: ئەم دەستورە زامنی یەکپارچەیی عێراقە و لەسەر ئەو بنەمایەش پوچەڵە و هەروەها هەمو رێکارەکانی دیکەش پوچەڵ دەکاتەوە.

2- پابەندکردنی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بە گرتنەبەرەی سەرجەم رێکارە دەستوری و یاساییەکان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی عێراق و هاوڵاتیانی، هەروەها دەرکردنی بڕیار بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ گەڕانەوە و بڵاوبونەوە لە سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکوکیشەوە، وەک ئەوەی دۆخی پێش مێژوی (10/6/2014).

3- جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی لە دواین دانیشتنی خۆیدا، بەتایبەت ئەو بڕیارەی کە بەدواداچون دەکات لەرێگەی دادگاوە بۆ ئەو بەرپرسانەی کە بەرپرسن لە جێبەجێکردنی راپرسی و لەنێویشیاندا، سەرۆکی دەسەڵاتی هەرێم کە ماوەکەی کۆتایی هاتوە و هەروەها بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق بدرێت بە دادگا، هەروەها بە دادگا گەیاندنی سەرجەم ئەو فەرمانبەرە کوردانەی کە سەر بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئیتیحادین و بەشداربون لە راپرسییەکەدا.

4- داخستنی دەروازە سنورییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی ئیتیحادی و هەروەها هێنانی شمەک لەو دەروازانەوە بە قاچاخ بناسێندرێت و داواش لە وڵاتانی دراوسێی عێراق بکرێت کە رێوشوێنی گونجاو بۆ هاوکاریی کردنی عێراق بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.

5- پێویستە حکومەت سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی باکور لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کۆنترۆڵ بکاتەوە و سەرپەرشتی بکرێت لەلایەن وەزارەتی نەوتی ئیتیحادی و قەدەغەکردنی هەمو دەستوەردانێکی حیزبەکان لەو ناوچانە.

6- گرتنەبەری رێکاری پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەریی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بڕیاری دورخستنەوەی پارێزگاری کەرکوک.

7- پێویستە حکومەت سەرجەم باڵیۆز و نوێنەری ئەو وڵاتانە بانگهێشت بکات کە لەهەرێمی کوردستان نوێنەرایەتییان هەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئاگاداربکرێنەوە بۆ داخستنی نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکانیان لە هەرێم و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

8- داواکردن لە سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئەوەی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات وەک لە مادەی (67)ی دەستوردا هاتوە کە ناوبراو رەمزی یەکڕیزیی نیشتیمانی و نوێنەری سەروەری وڵاتە و هاوکارە بۆ پابەندبون و پارێزگاریی کردن لە دەستور و سەربەخۆیی و یەکرێزی و یەکپارچەیی و سەلامەتی خاکی عێراق.

9- جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ستراتیژی ئاشتەوایی نیشتیمانی لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی بۆ گەلی عێراق.

10- کارکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و دەستەبەرکردنی سەرجەم ئامرازەکان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، لەناویاندا ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتوەکان.

11- بەردەوام بونی سەرجەم فەرمانبەرانی کورد لەسەرجەم پۆستەکاندا لەسەر کارەکانیانیان و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆیان، بەتایبەتی ئەوانەی بەشداریی ئەو راپرسییەیان نەکردوە.

12- پاراستنی موچەی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی سەرجەم فەرمانبەرانی کورد، بەوپێیەی پێکهاتەیەکی سەرەکیین لە پێکهاتەکانی عێراق.

13- پێویستە لەسەر حکومەت کە گفتوگۆی مەرجدار قبوڵ نەکات، تا ئەوکاتەی ئەنجامەکانی راپرسییەک هەڵدەوەشێنرێتەوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام