هه‌ر مه‌ترسییه‌ك كه‌ ڕوبه‌ڕوی ژیانی گه‌له‌كه‌مان ببێته‌وه‌، خۆمان ئه‌ركدار ده‌بینین بۆ پاراستنیان

 

گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ درێژای مێژوو پێكه‌وه‌ ژیاون، به‌ بێ ناكۆكی و ململانێ، هه‌تا ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌سه‌ڵات و زهنییه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازی پێشكه‌وتو دواتر به‌ پیلانی هێزه‌ هه‌ژمونگه‌را و ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی هاته‌ ئاراوه‌، له‌ ئه‌نجامدا ده‌سه‌ڵات بووه‌ به‌ خاوه‌ن ده‌ستكه‌وت و گه‌لیش به‌  قوربانی و كۆمه‌ڵكوژی باجه‌كه‌ی داوه‌، ئه‌مڕۆش دیسان له‌ باشوری كوردستان و عێراقدا هێزگه‌لێكی به‌رژه‌وه‌ندی خواز ده‌خوازن به‌ مژاری ڕیفراندۆم  شه‌ڕ و ناكۆكی مه‌زهه‌بی و نه‌ژادی دروست بكه‌ن.

ئێمه‌ وه‌كو ته‌ڤگه‌ری ئازادیی، له‌ پێشتریشدا هه‌ڵوێستی خۆمان به‌رامبه‌ر به‌ ڕیفراندۆم ڕاگه‌یاندووه‌، دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام نه‌درێت، چونكه‌ به‌ پرۆژه‌ و پیلانی هێزه‌ هه‌رێمییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی ده‌زانین، وه‌كو ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ په‌یام و لێدوانه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌ زلهێز و هه‌رێمییه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا شه‌ڕ و ناكۆكی دێته‌ ئاراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو ته‌ڤگه‌ری ئازادیی داوا له‌ گه‌لی كورد و گه‌لانی عێراق به‌گشتی ده‌كه‌ین كه‌ نه‌كه‌ونه‌ داوی ئه‌و پیلانگێڕییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ چونكه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ مێژوویه‌كی درێژی سه‌دان ساڵه‌ی پیكه‌وه‌ ژیانی گه‌لان و ئاین و پێكهاته‌ جیاجیاكانی هه‌یه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و میراسه‌ مێژووی و كه‌لتوریه‌ یه‌كڕیزی و پێكه‌وه‌ ژیان بپاریزێن و ڕیگه‌ نه‌ده‌ین شه‌ڕ و ئاڵۆزی ڕوبه‌ڕومان ببێته‌وه‌، چونكه‌ دواجار جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هێزه‌ ستاتۆپاریز و ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان، هیچ ئه‌نجامێك بۆ گه‌لانی ئاشتیخواز به‌ده‌ست نایه‌ت، به‌ڵكو جارێكی تر قوربانی و كۆمه‌ڵكوژی و برسێتی دێته‌ ئاراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌لایه‌ك بانگه‌وازی ده‌كه‌ین بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و هێز و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ پێداگری له‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم ده‌كه‌ن خوێندنه‌وه‌ی قوڵ و زانستیانه‌ بكه‌ن بۆ په‌یامی هێزه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ خوێنی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌م وڵاته‌ به‌ده‌ست هاتون له‌ ده‌ست نه‌چن و جاریكی دیكه‌ گه‌له‌كه‌مان ڕوبه‌ڕوی قڕكردن و برسێتی و كۆچكردن نه‌كه‌نه‌وه‌، له‌لایه‌كی تر بانگه‌وایمان بۆ حكومه‌تی عێراق و ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراقه‌ كه‌ خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ زمانی توند وهه‌ڕه‌شه‌، بیگومان  به‌ كاردانه‌وه‌ سیاسه‌ت كردن، مایه‌ی قبوڵ كردن نیه‌

ئێمه‌ وه‌كو ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌ پێی بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی تێكۆشانمان له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر پێشهاتێكی له‌ ناكاو و هه‌ر مه‌ترسییه‌ك كه‌ ڕوبه‌ڕوی ژیانی گه‌له‌كه‌مان ببێته‌وه‌، خۆمان ئه‌ركدار ده‌بینین بۆ پاراستنیان، بۆ هه‌ر ئاڵۆزییه‌كی كه‌ له‌ ئێستاشدا ڕوبه‌ڕوی باشوری كوردستان ببێته‌وه،‌ ته‌ڤگه‌ری ئازادی به‌ پاڵپشتی  گه‌نجان و ژنان وڵاتپارێزانانی خۆبه‌خش ئاماده‌ی پاراستنی گه‌ل و خاك و ده‌ستكه‌وته‌كانمانه‌

 

ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان

ده‌سته‌ی هاوسه‌رۆكایه‌تی

24-9-2017

تایبەتمەندییەکان: دۆسیە

زیادکردنی وەڵام