وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایدەگەیەنێت؛ فڕۆکەکانی هاوپەیمانان هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامداوە بۆ رێگریکردن لە کاروانێکی چەکدارانی داعش، بۆ ئەوەی بگەنە ناوچەی (ئەلبوکەمال) لە رۆژهەڵاتی سوریا.

عەقید رایان دیلۆن، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاند؛ فڕۆکەکانی هاوپەیمانان هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامداوە بۆ رێگریکردن لە کاروانی چەکدارانی داعش کە رۆژی دوشەممە لەچوارچێوەی رێککەوتنێکدا لە سنورەکانی سوریا و لوبنانەوە هەوڵدراوە بگوازرێنەوە بۆ ناوچەی (ئەلبوکەمال) لە رۆژهەڵاتی سوریا.

وتیشی: بۆردومانەکە پردێکی کردوەتە ئامانج و خاپوری کردوە بۆ ئەوەی رێگری لە کاروانی چەکدارانی داعش بکەن، بەبێ ئەوەی ناوبراو هیچ وردەکارییەکی دیکە ئاشکرا بکات.

بەپێی رێکەوتنەکە، نزیکەی (600) چەکداری داعش لەگەڵ خێزانەکانیان لە ناوچەی قاعی لوبنان لە سەر سنوری سوریا کشاونەتەوە لەبەرامبەر دەستنیشان کردنی شوێنی روفاتی هەشت سەبازی لوبنانی کە داعش ساڵی (2014) رفاندبونی، لەگەڵ ئازادکردنی دیلێکی حیزبوڵای لوبنانی و تەرمی چەکدارێکی ئێرانی.

پێشتریش ئەمەریکا لەزاری بێرت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئیدانەی ئەو رێککەوتنەی کرد و رایگەیاند؛ تیرۆریستان پێویستە لە گۆڕەپانی جەنگدا بکوژرێن نەک بە پاس لەرێگەی سوریاوە بۆ سنورەکانی عێراق بگوازرێنەوە بەبێ رەزامەندی بەغدا.

مەکگۆرک رونی کردەوە، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی داعش هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە نەدات بە هاتنە ناوەوە و دزەپێکردنی ئەو چەکدارانەی داعش بۆ نێو خاکی عێراق، جگە لەوەش لەسەر ئاستی هەردو وڵات، لوبنان و عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو رێککەوتنەکەیان کە بە ئاگاداری رژێمی سوریا، لەنێوان داعش و حیزبوڵادا ئەنجامدراوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام