لە ماوەی 171 ساڵی  رابردوودا، لە جیهان 108 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بە فەرمی و نافەرمی بە ریفراندۆمەکەی  ساڵی 2005ی کوردستانیشەوە ئەنجامدراوە،چاوەڕوان دەکرێت  یەکەم هەفتەی  پایزی  گەرمی ئەمساڵیش دوو ریفراندۆمی پڕ لە کێشەو چون یەک و نزیک لە یەک لە کات و هەڵوێستی نێو دەوڵەتی و دابەشبوونی  بەرەکان  لە کوردستان و کەتەلۆنیا  ئەنجام بدرێت، کەتەلۆنییەکان دەیانەوێت بە کۆماری سەربەخۆوە بچێنە  ناو ساڵی 2018 ەوە، وەلێ  دەسەڵاتدارانی کوردستان کاتی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان و شێوازی دەسەڵاتداریەتییەکەیان تا ئێستا رانەگەیاندووە، نا زانین بە چ جۆرە کەشتییەک دەمان بەنە جیهانی سەربەخۆییەوە.
خەریکە بە تێپەڕ بوونی کات، چەمکی ریفراندۆم  جێگای خەباتی چەکداری لە جیهاندا بۆ رزگاری و سەربەخۆیی بگرێتەوە، رۆژ بە رۆژیش  ئەم چەمکە زیاتر شوێن پێی خۆی نەک بۆ سەربەخۆیی بگرە بۆ سەرجەم خواستەکانی مرۆڤایەتی  بکاتەوە، ئەمرۆ لە سەرتاسەری جیهان سەدان پارتی سیاسی لە دەیان وڵات کار بۆ چەسپاندنی دیموکراسی  راستەوخۆ دەکەن لە بری دیموکراسی نوێنەرایەتی مردوو کە نەیتوانیوە چارەسەری کێشەکانی  مرۆڤ  بکات ، ریفراندۆم یەکێک  لە پایە گرنگەکانیەتی، مەسەلەی  ریفراندۆم نەک تەنها  بۆتە باو لەو وڵاتانەی تەنگشەی ئابوری و سیاسیان هەیە و لە روی پێکهاتەیی ئاینی و نەتەەییەوە  فرەیین، بەڵکە  چەندین هەرێمی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش هەر لە کالیفۆرنیاوە  بگرە تا بۆرتریکۆ تازەترینیشیان دورگەی گوامییە  داوای  ریفراندۆم دەکەن   بۆ جیابونەوەو سەربەخۆیی، هەندێکیان بەهۆی دەوڵەمەندی و هەندێکی کەشیان بەهۆی پەراوێزخستن و داگیرکارییەوەیە، کەواتە  تا دێت خواستی سیاسی لەسەر کاڵای  ریفراندۆم  زیاد دەکات و گەردەلولی ریفراندۆم رەشماڵی سایکیس بیکۆکانی رابردوو رادەماڵێت و لە روی سیاسیشەوە دیموکراسی راستەوخۆ پەلاماری دیموکراسی نوێنەرایەتی دەدات، کە بەم گەڕو گولییەی ئێستای ناتوانێت وەڵام بە خواستەکانی مرۆڤایەتی بداتەوە.

ریفراندۆمی کەتەلۆنیاDG3fvwSW0AA7k8m

بڕیارە  یەکی ئۆکتۆبەر کەتەلۆنییەکان ((کەتەلۆنیا یەکێکە  لە هەرێمەکانی ئیسپانیا، روپێوەکەی 32،106 کیلۆمەتر دوجارەو ژمارەی دانیشتوانیشی 7،539،618 کەسە لەوانە 1104782 کەسیان بێگانەن کە دەکاتە نزیک 15%، کۆی بەرهەمی  نەتەوەیی لە ساڵی 2012 255،204 ملیار دۆلارە، قەبارەی ئابورییەکەی هاوتایە بە ئابوری پاکستان و کۆڵۆمبیا،   داهاتی تاکی 33،580 دۆلارە لە ساڵێکدا)) بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە راپرسیەکدا دەنگ بە سەربەخۆیی هەرێمەکەیان یاخود مانەوە لە چوارچێوەی ئیسپانیا بدەن، کە هەرسێ پارتی کەتەلۆنی (چەپی کۆماری کەتەلۆنی Esquerra Republicana de Catalunya (ERC)، نزیکایەتی   دیموکراتی کەتەلۆنی (راست) Democratic Convergence of Catalonia (CDC)(17-11-1974دامەزراوە)، پارتی چەپگەرای کوبPopular Unity Candidacy (CUP) بڕیاریان لەسەر داوە لە پەرلەمانی هەرێمەکەیانەوە بە زۆرینەی 72 دەنگ لە کۆی 135 کورسی پەرلەمانی هەرێمەکە،   بە پاڵپشتی کۆمەڵێک پارت و گروپی دەرەوەی پەرلەمان کە زۆریان گروپی چەپگەرای دەستەبژێری بچوکن، لە بەرامبەردا پارتی گەلی دەسەڵاتدار (راستی پارێزگار) و سۆسیالست و پارتی راستگەرای سیودانۆس بە توندی دژی ریفراندۆمەکەن، لەم نێوەدا لیستی پێکەوە دەتوانین  پۆدیمۆس-شیوعی پشتیوانی لە پرۆسەی ریفراندۆم  دەکەن و بە پرۆسەیەکی  دیموکراسی  دەزانن وەک تاکە پارتی نیشتمانی  ناو پەرلەمان، وەلێ بەشێکیان لە گەڵ راگەیاندنی دەستبەجێی سەربەخۆیی نین و پێیان وایە پێویستە دەستوری وڵات بۆ ئەوکارە هەموار بکرێتەوە، ئەویش پێویستی بە سێ لەسەر چواری کورسییەکانی پەرلەمانە بۆیە محاڵە بەم نەخشە سیاسییەی ئێستاوە  بێتە دی.
بڕیار وایە لە  ناوەڕاستی ئەم مانگە پەرلەمانی  کەتەلۆنیا هەردوو یاسای راپرسی و پرۆژەی یاسای راپرسی بۆ مافی چارەی خۆنوسین پەسەند بکەن:
https://drive.google.com/file/d/0Bxrh_sv1paPsdFNiRDhrSndvTTA/view ، لێرەدا  ئەوانەی دژ بە سەربەخۆین  بەشداری دەنگدانەکە ناکەن وئەنجامدانی  ریفراندۆمەکە بە نایاسایی دەزانن.
حکومەتی ئیسپانی بڕیاری داوە، ئەوەی بەشداری پرۆسەکە بکات بەهەر شێوەیەکە، بانگەشەکردن و رواندنی مامەڵە،دەنگدان و بڕیاردان ، لە هەموو شوێنە گشتییە حکومییەکان  سزا بدات  و لەکارەکانیان دوریانبخاتەوە، هاوکات هەڕەشەی  راگرتنی بودجەشی لە هەرێمەکە کرد و کار گەیشتە سەر پەلاماری سەربازیش، وەزیری بەرگری ئیسپانیا دولوربس دی کۆزبیدال داوای لە سەرکردە سەربازییەکان کرد سەلامەتی و یەکپارچەیی ئیسپانیا بپارێزن، ئەمەش  بۆ خۆی هەڕەشەی داگیرکردنی سەربازی و گەڕانەوە بوو بۆ سەردەمی دکتاتۆری فرانکۆ(1936-1975) لە بەرگی دیموکراسیدا، دوای پەلامارە تیرۆریستییەکەی بەرشەلۆنە وەزیری بەرگری ئیسپانی  رایگەیاند ئێستا ئەوان لە ئینزاری چواردان، یەک هەنگاو ماوە بۆ ئینزاری 5 تا ببێتە حوکمی عورفی لە وڵات، لە دوای سەردەمی جەنەراڵ فرانسیسکۆ  فرانکۆوە یەکەمجارە سوپا بەو شێوەیە دابەش بکرێت، تەنانەت لە 11ی ئازاری ساڵی 2004 دا کە قاعیدە تەقینەوە  خوێناوییەکانی مەدریدی  ئەنجامدا کە 191 کەس بوونە قوربانی و 1755 کەسیش بریندار بوون ، وە لە  هەشتاکان کە سوپای ئیتای باسکی 425 کەسی لە تەقینەوەیەکدا کوشت ، کەچی لەوکاتانە حوکمی عورفی و هەڕەشەی سەربازی نەکراوە، ئێستا بە بەهانەی شەڕی تیرۆرەوە دەیانەوێت شەڕی کەتەلۆنییەکان بکەن، رۆژنامەی بایسی نزیک لە سۆسیالستەکان داوای لە کەتەلۆنییەکان کرد واز لە ریفراندۆم بهێنن بەهۆی مەترسییەکانەوە، ئەمە هەڵوێستی سۆسیالستە ئۆپۆزسیۆنەکان بێت دەبێت دەسەڵاتدارە راستگەراکەی وڵات چی بڵێن؟،چاودێران پێیان وایە  شۆفینیەتی حکومەت کە دەربڕی شۆفینیەتی نەتەوەی سەردەستە   لە دوای دەسەڵاتی فرانکۆوە  گەیشتۆتە پۆپە.
جگە لەوەی حکومەت هەڕەشە  لە ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی 1ی ئۆکتۆبەر دەکات، هاوکات لە 6ی شوبات ئەرتۆر ماس و جوانا ئۆرتیغا دادگایی کران  لەسەر ریفراندۆمە شکستخواردووەکەی ساڵی 2014، لە مانگی  ئازار  لە ئەرتۆر  ماس قەدەغە کرا بۆ ماوەی 2 ساڵ لە وەرگرتنی کاری گشتی (حکومی) دور خرایەوەو سزای 36500 ئیرۆش درا.

ریال و بەرشە
ململانێی ریال و بەرشەلۆنە، ڕەنگدانەوەی  ململانێی هەردوو پایتەختە،روحی  ململانێی ئیسپان و کەتەلۆنیایە، ئەم ململانێ 303 ساڵیە  لە 11ی ئەیلولی 1714ەوە تا هەنووکە بەردەوامە، لەو رۆژەوەی کەتەلۆنیا ئاڵاکەی هێنرایە خوارەوە لەسەردەمی فلیپی پێنج خرایە سەر ئیسپانیا و کۆتایی بە سەربەخۆیەکەی  هێنرا دەستیپێکردوە، کەتەلۆنییەکان ئەو رۆژە لە بیر ناکەن و هەر  بۆیەشە 11 ی سەپتەمبەر بە رۆژی سەربەخۆیی دەزانن.
لە 14ی نیسانی 1931 دا کۆماری کەتەلۆنیا تاک لایەنە  راگەیەنرا فرانسیسک ماکیا کەسایەتی سەربەخۆی چەپ لە ساڵی 1931 لە لایەن پەرلەمان و حکومەت و دادگای لێپێچینەوەی کەتەلۆنیا دیاری کرا بە یەکەم سەرۆکی وڵات لە دوای 214 ساڵ داگیرکاری،لە ساڵی 1932 لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی بەرەی گەل (سۆسیالست-شیوعی) لە ئیسپانیا، کەتەلۆنییەکان  بە  فەرمی   ئۆتۆنۆمیان وەرگرت و زمانی کەتەلۆنیش بووە زمانی  فەرمی وڵات.
وەلێ زۆری نەخایاند کاتێک سەرۆکی فاشیستی ئیسپانیا جەنەراڵ فرانسیس  فرانکۆ کودەتای کرد لە 8ی ئابی 1936، حکومەتە چەپگەرا خاوەند ئۆتۆنۆمییەکەی کەتەلۆنیای هەڵوەشاندەوەو زمانەکەشیانی  قەدەغە کرد، جوسیب سۆنال سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنەی دەستگیر کرد و ئیعدامی کرد، دوای فرانکۆ  و گەڕانەوەی سستەمی پاشایەتی بۆ وڵات لە ساڵی 1975 دا ،  لە راپرسی ساڵی  1978 دا ، 90%ی کەتەلۆنییەکان دەنگیان بە دەستوری دیموکراتی ئیسپانیا دا، کە دان بە ئۆتۆنۆمی  بۆ نەتەوەکان و هەرێمەکان دەنێت لە ناویاندا کەتەلۆنیا لە چوارچێوەی یەکێتی خاکی ئیسپانیا، ئێستا کەتەلۆنییەکان باجی ئەم دەنگدانە دەدەنەوە .
ململانێ سیاسییەکان نێوان بەرشەلۆنەی داگیرکراو و ریالی داگیرکەر  لە ناو یاریگاکانی تۆپی پێ رەنگی دایەوە تا گەیشتە ئەوەی لە ساڵی 1943 دا فرانکۆ هەڕەشەی توندی  لە بەرشەلۆنە کرد کە نابێت  بیباتەوە ، هاوکات فرانکۆ هەڵدانی  ئاڵای یانەی بەرشەلۆنەی قەدەغە کرد، وای لێهات بەرشەییەکان  دەستەسڕی سپییان لە جیاتی ئاڵاکەیان  بەرزدە کردەوە لە کاتی یارییەکانیاندا، بەم جۆرە چیرۆکی داگیرکردن و ژێر دەستەیی گەلێک لە یانەیەکی وەرزشدا رەنگی دایەوە، یاری یاری خۆیکرد بۆ سەربەخۆیی. ئێستا لە 1ی ئۆکتۆبەر لە دوا  یاری سیاسی بەرشەو ریال دەبێت کێیان بیبەنەوە؟، تۆپ لە گۆرشەپانی بەرشەییەکانەوە دوا کاس لە ریال ببەنەوە .

چونەوە بەرەو ریفراندۆم لە پێناو سەربەخۆیی

کەتەلۆنییەکان بەوە ناسراون لە ناوچەکانی دیکەی ئیسپانیا رادیکاڵترو چەپترن، خواستیان ئەوەیە لە سستەمی پاشایەتییەوە بگۆڕێن بۆ سستەمی کۆماری، بە پێچەوانەی سکۆتلەندییەکان خواستاری مانەوەن لە سستەمی پاشایەتی، لە هەمان کاتدا بزووتنەوە مەتڵەبییەکانی  کرێکاران و خەڵک لەم هەرێمە بەهێزە .
لەم خولەی تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی ، لە ساڵی 2009 ەوە کەتەلۆنییەکان خەریکی راهێنانن لەسەر  ریفراندۆم لە پێناو سەربەخۆیی ، لە نێوان ساڵانی  2009 بۆ ساڵی 2011 ، ریفراندۆمی نا فەرمی  لە 550 شاری  کەتەلۆنیا لە کۆی 947 شارەوانی هەرێمەکە  ئەنجامدران  وەک  راهێنان و ئەزمونێک  بۆ پرۆسە گەورەکە، ریفراندۆمی نا فەرمی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دەستبژێرەکان ئەنجامی دەدەن فەرمی نییە، تەنها ئەزمون و راهێنان و تاقیکردنەوەیە  بۆ ریفراندۆمی فەرمی،کە حکومەت پێی هەڵدستێت ، دەتوانین بڵێین راپرسییەکی پێشوەخت و راهێنانە بۆ ئەزموونی ریفراندۆمی فەرمی .
پەرلەمانی کەتەلۆنیا بۆ یەکەمجار لە 23ی کانونی  دووەمی  ساڵی 2013 ەدا بە زۆرینەی 84 دەنگ لە کۆی 135 کورسی پەرلەمانی هەرێمەکە ((Convergence and Union (CiU)50 کورسی ،  Republican Left of Catalonia–Catalonia Yes (ERC–CatSí)21 کورسی  Initiative for Catalonia Greens–United and Alternative Left (ICV–EUiA)10 کورسی ، Popular Unity Candidacy–Left Alternative (CUP)3 کورسی)) ، بڕیاری لە سەر بەڵگەنامەی مافی بڕیاردانی چارەنووس لە رێگای ریفراندۆمەوەی دا بۆ کەتەلۆنیا، بەم شێوەیە چەپ و راست ، کۆنزەرڤاتیف و شیوعی ، ژینگە پارێزو پێشکەوتنخوازانی پارتە کەتەلۆنییەکان لە پێناو سەرخستنی پرۆسەکە  رێک  کەوتن و یەکیان گرت ،لەو ژمارەیە تەنها 21 دژ بوو ، 25یان بەشداری دەنگدانەکەیان نەکرد، دوای دەنگدانەکەی پەرلەمانی کەتەلۆنیا، ئەرتۆر ماس سەرۆک وەزیرانی راستگەرای کۆنزەرڤاتیفی هەرێمەکە بڕیاری ریفراندۆمی دا، 920 شارەوانی لە کۆی 947 شارەوانی پشتیوانی راپرسییان کرد.دوای 20 رۆژ لە بڕیاری پەرلەمانی هەرێمەکە، هاووڵاتیان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان .
لە راپرسییەکە  2،305،290کەس لە کۆی 6،3 ملیۆن دەنگدەر  بەشدارییان کرد، بە پێی رۆژنامەی بایسی ئیسپانی رێژەکە  دەیکردە 37%ی دەنگدەرانی کەتەلۆنیا،لێ  بە پێی ئاماری حکومەتی کەتەلۆنیش بێت  رێژەکە  دەیکردە 41،6%ی دەنگدەران، لە سەرتاسەری   کەتەلۆنیا ، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی 84،67% ی دەنگەکانی هێنایەوە، کە دەیکردە 2198707  کەس، لە شاری بەرشەلۆنەی پایتەخت رێژەکە دابەزی بۆ  80،435% ی دەنگدەران، بەشێوەی گشتی دەنگی بەڵێ لە لادێکان رێژەکەی زیاتر بوو لە شارەکان.
بەهۆی ئەوەی  رێژەی بەشداربوان کەمتر بوو لە نیوە، ئەمەش بەهۆی بایکۆتکردنی لە لایەن پارتە نەیارەکانی سەربەخۆیی  هەرێمەکەوە ، بۆیە راپرسیەکە لە دوا ئەنجامدا شکستی  هێنا، لە کاتێکدا لە هەردوو هەڵبژاردنی پێش راپرسییەکەو  دوای راپرسییەکەی  هەرێمەکە  ژمارەی  دەنگدەران 3،668،310 ، 4،130،196 بوو ، سەرباری ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا پەنابەران و هەڵنەگرانی ناسنامەی ئیسپانی مافی دەنگدانیان نییە، وەلێ لە راپرسییەکە مافی دەنگدانیان بوو ، دوای شکستەکە ئەرتۆر ماس سەرەک وەزیرانی کەتەلۆنیا وتی ” وانەیەکە بۆ دیموکراسی “، راخۆی سەرەک وەزیرانی راستگەرای ئیسپانیاش وتی شکستێکی قوڵە، هەرچەندە پێشتر دانیان نانا بە ریفراندۆمەکە، وەلێ لە کۆتادا ئەنجامەکەیان قۆزتەوەو نەیانتوانی بێدەنگی لێبکەن و هەناسەی خۆشیان لەبەردەم ئەنجامەکەی هەڵکێشا.
لە ناوخۆی ئیسپانیا،پارتی گەلی راستگەرای دەسەڵاتدار کە لەو خولەی پەرلەماندا خاوەند  186 کورسی بوو، بە توندی  دژ بە ریفراندۆمەکە بوو، پارتی سۆسیالست –ئۆپۆزسیۆن “چەپی ناوەند” خاوەند 110 کورسی و دژ بە ریفراندۆمەکە بوو، چەپی یەکگرتوو (شیوعی –سەوز) 11 خاوەند  کورسی لە گەڵ راپرسییەکەدا بوو،پارتی نەتەوەیی  باسکەکان خاوەند  7 کورسی پشتیوانی سەربەخۆیی کەتەلۆنییەکان بوون ، بەشێوەی گشتی سەرجەم  پارتە  چەپ و پارتە هەرێمییەکانی  باسک ، بلنسیە ، جالیکی  و ئەندەلوسی پشتیوانی سەربەخۆیی کەتەلۆنییەکان بوون، بەمەش هێزە سیاسییەکان بوونە دوو بەرەی لایەنگرو نەیار، وەلێ پارسەنگ بەلای هێزەکانی دژدا دەشکایەوە.
دوای شکستی راپڕسییەکە دوو هەڵبژاردن (ئیسپانی و کەتەلۆنی ) ئەنجامدرا( لە 26ی ئۆکتۆبەری 2015 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کەتەلۆنیا ، 18ی یۆنی پەرلەمانی ئیسپانیا لە 20ی دیسەمبەری 2015 و 26ی یۆنی 2016)  و پارسەنگی هێزەکانی گۆڕی، لە ناوخۆی کەتەلۆنیا سەربەخۆ خوازە دەسەڵاتدارەکان  کە بە لیستی پێکەوە بەرەو بەڵێ  (Convergence and Union (CiU)  )  بەژدار بوون (( لیستەکە لە چوار پارتی سیاسی کەتەلۆنی پێک هات  کە بریتین لە : Democratic Convergence of Catalonia (CDC) 41%، Esquerra Republicana de Catalunya (ERC) 27%، Democrats of Catalonia (DC) 5%، Moviment d’Esquerres (MES) 3% ، Independents24% )، هەرچەندە هاوپەیمانیان دروست کرد و ژمارەیەک زۆر خەڵکی نا حیزبیان هێنایە ناو لیستەکەیانەوە، وەلێ  ژمارەکەی کورسییەکانیان لە 71 کورسییەوە بۆ 62 کورسی  دابەزی ، هاوکات دەنگەکانیشیان 4،82% دابەزی ، لە بەرامبەردا دوو پارتی نەیاری راستی  توند و چەپی رادیکاڵی توندی لایەنگری سەربەخۆیی دەنگەکانیان سەرکەوت ، ئەوانیش پارتی هاووڵاتیانی راستگەرای نەیار  Citizens–Party of the Citizenry (C’s)ژمارەی کورسییەکانی لە 9 کورسییەوە بۆ 25 کورسی بەرز بووەوە  رێژەی دەنگەکانیشی 10،33% چووە سەر، هاوکات پارتی چەپگەرای کوپ لایەنگری توندی سەربەخۆیی ژمارەی کورسییەکانی لە 3 کورسییەوە بۆ 10 کورسی بەرز بوەوە،رێژەی دەنگەکانیشی 4،73% بەرز بوەوە .
لە سەر ئاستی ئیسپانیاش هەردو پارتی گەل و سۆسیالست ژمارەی کورسییەکانیان دابەزی (پارتی گەلی دەسەڵاتداری راست 49 کورسی و سۆسیالست 25 کورسیان لە دەستدا)  و دوو  هێزی دیکە بەناوی پۆدیمۆس  چەپ  و سیودانۆس راست  هاتنە پێشەوە ، کە یەکەمیان  پشتیوانی پرۆسەی ریفراندۆم دەکات، بۆخۆشی لەسەر بنچینەی کۆبونەوەی گشتی (دیموکراسی راستەوخۆ) بڕیارەکانی دەدا و کۆنگرەکانی دەبەستێت، دووەمیشیان سەرسەختانە دژە، هاوکات  پارتی چەپی کۆماری کەتەلۆنیش بە هێنانی 9 کورسی کەوتە پێش پارتی نزیکایەتی دیموکراسی کەتەلۆنی راستگەراوە کە 8 کورسی هێنایەوە).
لە 9ی نۆڤەمبەری 2015 ، پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا بە زۆرینەی 72 دەنگ لە کۆی 135 کورسی پەرلەمانی کەتەلۆنیا، نەخشە رێگای سەربەخۆیی کەتەلۆنیای  بۆ ساڵی 2017 پەسەندکرد وەک لە بانگەشەی  هەڵبژاردندا پەیمان درابوو، بەمەش ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی بووە کاری یەکەمی حکومەتی کەتەلۆنی.
دوای 3  مانگ لە هەڵبژاردنەکان ، دوای ململانێیەکی توند ، دەنگنەدانی کوپ بە ماس وەک سەرەک وەزیران بەهۆی سیاسەتی تەقەشوفی ئابوری پیادە کراو لەسەردەمی ئەو، مەترسی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و پێک نەهێنانی حکومەت  بووە رۆژەف، بەهۆی ئەوەی 10 کورسییەکەی کوپ لە نێوان سەربەخۆ خوازان و دژبەرانییەوە رۆڵی مەلیکی دەگێڕا، تا لە 27ی دیسەمبەر  رێکەوتن کرا بە مەرجی گۆڕینی ماس ،پەرلەمانی کەتەلۆنیا “کارلس بیجیدمنت”
بە سەرۆک وەزیرانی  هەرێمەکە هەڵبژارد ،ناوبراو پارێزگاری پێشوی شاری جیرۆنا بوو ، هەرچەندە ئەویش سیاسەتی تەقەشوفی ئابوری پەیرەو کرد لەو شارە،کوپ لە بەرامبەر پشتیوانییەکەی لە حکومەتی کەتەلۆنی کۆمەڵێک دەستکەوتی بەدەست هێنا لەوانە  (ئاسانکردنی مافی پەنابەری ، کارەبای خۆڕایی بۆ هەژاران، بیمەی تەندروستی ، جێبەجێکردنی یاسای خوێندن و ….  ) .
دوای پێک هێنانی حکومەت و بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانەوەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ، لە 9ی یۆنی 2017 بڕیاری ریفراندۆمی  دووەم درا لە 1ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ ، وە سەربەخۆیش لە دوای سەرکەوتنی بەڵێ  لە دەستپێکی ساڵی 2018 ((پرسیارەکە کە بە هەر سێ زمانەکەی ناو کەتەلۆنیا چاپ دەکرێت ” ئیسپانی و کەتەلۆنی و ئارانیس ”
” چاپ دەکرێت و دەپرسێت ”  ئایا  دەتەوێت کەتەلۆنیا لە شێوازی کۆماری کەتەلۆنیا سەربەخۆ بێت”، واتا بەرشەلۆنییەکان جەژنی سەری ساڵیان تایبەت دەبێت ئەمساڵ و دەیکەنە دوو جەژن.
پەرلەمانی کەتەلۆنی یاسای پەرلەمانی هەموار کردەوە بە شێوازێک هەر یاسایەک یەک خوێندنەوەی  بۆ بکرێت و تێپەڕێنرێت بە گفتوگۆیەکی کەمەوە ، کە چەپەکان  ئەمەیان پێ نا دیموکراسییە، ئەمەش بۆ ئەوەی  یاسای راپرسی بۆ مافی چارەی خۆنوسین لە  پەرلەمان   دەرچێت، کە ماوەیەک  کەم ماوە بۆ یەکی ئۆکتۆبەر و ئەنجامدانی ریفراندۆم.
راپرسیەکان لە ئێستادا  دەریدەخەن ئەمجارە زۆرینە  لە نێوان 64 بۆ 70%ی هاووڵاتیانی کەتەلۆنی بەشداری راپرسییەکە  دەکەن،  واتا نزیک بە دوو هێندەی جاری پێشوو، کە ئەمە خاڵی لاوازی ریفراندۆمی پێشوو بوو، شکستەکەش لە کەمی بەشداربوانەوە بوو، نەک رێژەی بەڵێ کە گەیشتە زیاتر لە 84%.
لایەنگران  پارتە دژبەرەکان ریفراندۆم لە هەرێمەکە ئەمجارەش بایکۆت دەکەن و   بەشداری  دەنگدانەکە ناکەن، نموونە  لەناو ئەندامان و لایەنگرانی 3 پارتی نیشتمانی لە هەرێمەکە تەنها (پارتی گەل  5،1% ، سیودانۆس 7،8% ، پارتی سۆسیالستی کەتەلۆنی 17%) بەشداری راپرسیەکەی یەکی ئۆکتۆبەر  دەکەن.
دادگای ئیسپانی هەر جۆرە ریفراندۆمێکی مولزەم و نا مولزەمی رەتکردەوە، سکاڵای یاسایی حکومەتی ئسپانیای پشت راستکردەوە ، رایگەیاند راپرسی  ناکرێت ،ئەمەش  وا دەکات ریفراندۆمەکە لای ئیسپانییەکان نا یاسایی و لە دەرەوەی یاسا بێت ، بۆیە ئیسپانییەکان دان بە ئەنجامی ریفراندۆمەکە  نانێن ، وەلێ دوو شت رۆڵ دەگێڕێت  بۆ سەرکەتنی راپرسی ئەمجارە ، زۆری رێژەی بەشداری و  بەرزی رێژەی بەڵێ ، گرەوەکە لە ئەنجامەکەیە نەک هەڕەشەکان ئێستا.

نەیارانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کەتەلۆنیا
ئەوە نەبوو تەنها راستگەراکان و سۆسیال دیموکراتە  خیانەتکارەکان دژ بە ویستی گەلی کەتەلۆنی بن لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆی بە مەلیکی ئیسپانیا فلیپی شەشەمیشەوە،  پارتی گەلی  پارێزگار و سۆسیال دیموکرات و لیبراڵەکان دژ بە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا خۆپیشاندانیان کرد، لایەنگرانی سەربەخۆییخوازانیان بە کودەتاچی  ناو بردو رایان گەیاند کەتەلۆنیا ئیسپانییە رێگا بە جیابونەوەی نادەن، هەموو باڵەکانی لیبراڵی سەرمایەداری دژ بە سەربەخۆیی گەلانی کەتەلۆن و باسک و گالیس و بلنسیەو  ئەندەنوسیان بۆ دامەزراندنی کۆمارەکانیان.
لەسەر ئاستی دەرەوەش نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و  پەیماننامەی ناتۆ  دژ   بە ریفراندۆمی کەتەلۆنیا وەستانەوە ، یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند  ئەوەی جیا بێتەوە لە وڵاتێکی ئەندام لە داهاتوو  بەشێک نابێت لە یەکێتی ئەوروپا و پەیمانامەکانی یەکێتی ئەوروپا نایان گرێتەوە، ناتۆش هەمان هەڕەشەی دوبارە کردەوە، نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئامادە نەبوو بەشداری لە پرۆسەکە بکات، هەموو کەتەلۆنیەکانیان تەنیا جێ هێشت، چونکە بۆ بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپرسی گەلان بۆ سەربەخۆیی پێویستی بە رەزامەندی وڵاتی ناوەندییە، ئەویش ئیسپانیا بە توندی دژ بەو بڕیارەیەو هەڵوێستێکی نەیارانەی توندی گرتۆتە بەر .
پێشتریش ئیسپان و یەکێتی ئەوروپا هەمان هەڵوێستیان  لە هەمبەر هەوڵی باسکییەکانی ئیسپانیا  گرتە بەر، ئەوە بوو لە 25 ی نۆڤەمبەری ساڵی 2008 ، باسکییەکان   ویستیان راپرسی ئەنجام بدەن، دوای ئەوەی 34 پەرلەمانتاری هەرێمەکە بە بەڵێ لە بەرامبەر 33 دژ و 7 دەنگیان نەدا  براوە دەرچوون لە ناو هۆڵی پەرلەمانی هەرێمەکەیان، بڕیاری ریفراندۆمیان دا ،وەلێ  دادگای باڵای ئیسپانی رێگای نەدا ریفراندۆم ئەنجام بدەن، دواتر  دادگای ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤیش  لە شوباتی ساڵی 2010 ەدا پشتیوانی لە دادگای باڵای ئیسپانی کرد و ئەنجامدانی ریفراندۆمی رەتکردەوە، باسکییەکانیش پاشەکشەیان کرد لە داواکارییەکەیان، وەلێ کەتەلۆنییەکان کۆڵیان نەدا، وێڕای هەموو ئاستەنگی و رێگرییەکان تا ئێستا مکوڕن لەسەر  ئەنجامدانی ریفراندۆم و جیابونەوە، ئەمەش دەرگا بۆ گەلانی دیکە وەک باسک و گالیسیا و بلنسیەو  ئەندەنوسەکان و ….. دەکاتەوە، چاوەڕوانی کەوتنی پولی دۆمینەکە بن .

کوپ و راپرسی
پارتی یەکبونی گەل لە 14-12-1986 دامەزراوە، خاوەنی 382 کورسی لە کۆی 9077 کورسی شارەوانییەکانی کەتەلۆنیا و 10 کورسی لە کۆی 135 کورسی پەرلەمانی کەتەلۆنیایە، 1912 ئەندامی هەیە دووەم  بچوکترین پارتی هەرێمەکەیە لە دوای پۆدیمۆس لە روی ئەندامگیرییەوە ،ناوەکەی لە ناوی هاوپەیمانی یەکبونی گەل بە سەرۆکایەتی سلفادۆر لیندی سەرۆک کۆماری شیلیەوە ناو نراوە، رێکخستنێکی دژ بە سەرمایەدارییە، بڕیارە گرنگەکان بە دەنگدانی هەموو ئەندامان و کاندیدە هەڵبژێردراوەکانی دەدرێت ، باوەڕی بە دیموکراسی تەشارکی هەیە، خەبات دەکات بۆ کەتەلۆنیایەکی سەربەخۆی سۆسیالستی ژینگە پاک، دژ بەوەیە موچەی تایبەت بدرێت بە سیاسییەکان و مرۆڤ لەسەر سیاسەت بژێت ، چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی خەباتکاران لە پێناو (( سەربەخۆیی کەتەلۆنیا، داکۆکی لە مافی کرێکاران، داکۆکی لە زەوی ، زمان، ناسنامەی نیشتمانی، دژایەتی باوک سالاری))، کوپ بەهۆی خەباتی دژ بە سیاسەتی تەقەشوف بە زۆر دەرکردن لە ماڵەکانیان توانی لە ماوەیەکی کورتدا رێژەی دەنگەکانی لە 0،65% لە ساڵی 2007 ەوە کە بۆ یەکەمجار توانی 20 کورسی شارەوانی بباتەوە ، بەرز کردەوە بۆ 2،16% لە ساڵی 2011، 7،14% لە ساڵی 2015، بۆ پەرلەمانی  هەرێمەکەش لە 3،48%ی دەنگەکان و 3 کورسی کە بۆ یەکەمجار چووە پەرلەمانی هەرێمەکەوە لە ساڵی 2012 ، بۆ 8،21% ی دەنگەکان  و 10 کورسی پەرلەمانی کەتەلۆنیا ، هەڵبژێردراوانی ناتوانن دوجار خۆیان کاندید بکەنەوە ، بەهۆی شێوازی بڕیاردانەوە و رێکخراوەییەوە پێیان دەڵێن  زاباتێستە شارنشینەکان تشابایس ، بەهۆی ئەوەی کەتەلۆنیا خاوەند کلتورێکی گەورەی ئانارشیزم و تەحەرری و تعاونی یە ، بۆیە زەمینە لەبارە بۆ گەشەکردن و جێکەوتنی شێوازی کارکردنیان لە کۆمەڵگادا.
کوپ زۆر بە توندی پشتیوانی لە راپرسی و جیابونەوەی کەتەلۆنیا دەکات، هاوکات بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکی ئیسپانی ناکات و کاندید پێشکەش ناکات، چالاکی سیاسی ئەو لەناو جوگرافیای کەتەلۆنیا و ئەو هەرێمانەیە کەتەلنییەکانی تێدا دەژێن وەک فالیسیا.

بۆ ریفراندۆمی یەکی ئۆکتۆبەر . کوپ  لە ژێر دروشمی ( یاخی بوونەوە لە ئیسپانیا ، مافی چارەی خۆنوسین ، کۆماری کەتەلۆنیا)  هەڵمەتی پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کەتەلۆنیای دست پێکرد،بەرەو کۆماری کەتەلۆنیای سۆسیالستی، کوپ لە لایەن بەشێک لە چەپەکانەوە  تاوانبار کرا بەوەی پاشکۆی دوو پارتە بۆرجوازییە دەسەڵاتدارەکەیە، بەتایبەت حیزبی سەرەک  وەزیران کە پارتێکی راستگەرای پارێزگارە و سیاسەتی تەقەشوفی ئابووری سەپاند بەسەر گەلی کەتەلۆنیا.
کوپ  لە کاتی دەنگدان بە کابینەی حکومەتی کەتەلۆنیا ، سێ مانگ راگەیاندنی کابینەکەی دوا خست ، رایگەیاند دەنگدان بە ئەرتۆر ماس مردنی رێکخراوە، هاوکات دەنگدان بە نا  مردنی سەربەخۆیییە ، بۆیە وەک ئاماژەمان پێ دا، سەرەک وەزیرانی گۆڕی و کۆمەڵێک دەستکەوتی لە پێناو هەژاران و قوتابیان و پەنابەران و خانەنشینان وەدەست خست لەبەرامبەر سازشی دەنگدان بە کاندییدی راستی پارێزگار، لەهەمان رێکەوتن رایان گەیاند تا سەپتەمبەری 2017 پێویستە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بکرێت.
کوپ پێی وایە ،ئەگەر سەربەخۆیی ئەمجارە نەبێت، ئەوا بۆ دە ساڵی داهاتوو قسەو باس لەسەر سەربەخۆیی  نابێت، بۆیە دەبێت بۆ بەدەستخستنی سەربەخۆیی لەگەڵ هەمووان رێ بکەین.

پشتیوانانی ریفراندۆم  و هەڵوێستە دژەکان لەسەری

چالاکوانانی چەپی رادیکاڵ  پێیان وایە، پێویستە چەپەکانی ئیسپانی پشتیوانی لە مافی ریفراندۆمی کەتەلۆنییەکان بکەن دژ بە سەرکوتی حکومەتی راستگەرای ئیسپانی، ئەوان دەڵێن ئیسپانیا کراوەتە زیندانی بۆ گەلانی بن دەستی ئیسپانیا.
دژبەرانی سەرمایەداری ئیسپانی و کەتەلۆنی داوا دەکەن پشتیوانی لە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بکرێت وەک  مافێکی دیموکراتی و ویستی زۆربەی کەتەلۆنییەکان، هەرچەندە  ئەوان رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا دەگرن کە سیاسەتی تەقەشوفی ئابووری پیادە دەکات و بەرژەوەندی هەژاران نا پارێزێت، هەرێمەکەیان  کردۆتە تاقیگای دابەزاندن.
جگە لە پارتی چەپگەرای  پۆدیمۆس و حیزبی شیوعی ئیسپانی کە لە لیستی پێکەوە دەتوانین یەکیان گرتووە ،  کە ئەمانیش  دوو بۆچونیان هەیە، بەشێکیان  لە گەڵ  جیابونەوەن ، بەشێکی دیکەشیان  لە گەڵ ئەوەن مافی زیاتریان بدرێتی لەوەی ئێستا هەیە،  وەلێ  هەموو لەسەر مافی ئەنجامدانی ریفراندۆم  کۆکن، پۆدیم لقی کەتەلۆنیای پۆدیمۆس   رایگەیاند پشتیوانی لە ریفراندۆم دەکات، جیاوازیان لە گەڵ  هیزەکانی سەربەخۆیی ئەوەیە باوەڕیان وایە دەنگدان مولزەم نییە، هاوکات ناڕازین لە راگەیاندنی سەربەخۆیی یەکسەر دوای ریفراندۆم .
پۆدیمۆس و بەرەی چەپ(شیوعی-سەوز) داوای گۆڕینی دەستوریان کرد بەوەی بتوانن ریفراندۆم بکەن ، کە ئەمەش خەونە بەهۆی هەڵوێستی دوژمنانەی پارتە نیشتمانییە راستگەراو سۆسیال دیموکراتەکانەوە بە تایبەت نیو لیبراڵەکانی سیودانۆس لەسەر پرۆسەی ریفراندۆم و جیابونەوە.
هاوکات سەرجەم پارتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ئەو گەلانەی خواستاری جیابونەوەو پێک هێنانی کۆماری سەربەخۆن و دەیانەوێت رزگاریان بێت لەو سستەمە سیاسییەی پاشایەتی ئیسپانی خولقاندویەتی بۆیان پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن و بە وردی چاودێری دەکەن تا بە دوایدا هەنگاو بنێن.
کەتەلۆنییەکانیش لە لایەن پارتە ئیسپانی و ئەوروپیەکانەوە  بەرەو روی رەخنە لە کات بونەوە گرترا لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ، بە هۆی کێشەکانی تیرۆر لە جیهان و بەرز بونەوەی کێرڤی پارتە پۆپۆلیستەکان و قەیرانی ئابووری و حکومەتی کەمایەتی دەسەڵاتدار  و ئەگەری هەڵبژاردنی سەرانسەری  لە ئیسپانیا، وەلێ ئەوان  مەبەست کەتەلۆنییەکانە کاتیان پێ درەنگە و 303  ساڵی ژێر دەستەیی دەیانەوێت کۆتایی پێ بهێنن.

سەرمایەدارانی کەتەلۆنی و سەربەخۆیی

بە پێی راپرسیەک کە رۆژنامەی بەناو بانگی بایسی ئیسپانی بڵاوی کردۆتەوە، 74%ی سەرمایەدارانی ئیسپانی ترسیان لە جیابونەوەی  کەتەلۆنیا هەیەو پێیان وایە زیان بە ئابوری ئیسپانیا دەگەیەنێت، بە پێی هەمان راپرسی   تەنها 43%ی سەرمایەدارانی کەتەلۆنی لەگەڵ سەربەخۆیدان، بەهۆی بەرژەوەندییە ئابورییەکانیانەوە زۆرینە لە گەڵ مانەوەدا لە زیندانی ئیسپانیا.
کەتەلۆنیا هەرێمێکی پێشکەوتوو نزیک 20%ی ئابووری وڵات پێک دەهێنێت و ساڵانە 8 ملیۆن گەشتیار تەنها خۆی دەکات بە شاری بەرشەلۆنەداو 75 ملیار دۆلار قەرزیان هەیە .
بەرشەلۆنییەکان چاویان لەوەیە دوای سەربەخۆیی، وڵاتێک پێک بهێنن باجی کەم بسەپێنێت بەسەر کۆمپانیاکاندا وەک وڵاتانی چەشنی ئێرلەندا، بەمەش سەرنجیان رابکێشێت بۆخۆی.
فایناشنال تایمز  لەسەر زاری سەرەک وەزیرانی کەتەلۆنیاوە نووسی راخۆی سەرەک وەزیرانی ئیسپانیا سەربەخۆیی ئابوری زیاتری داوە پێمان لە بەرامبەر ئەنجام نەدانی ریفراندۆم، کەتەلۆنیا پێنج یەکی ئابوری ئیسپانیا بەرهەم دەهێنێت، وەلێ تەنها 9،55 بودجەی وڵاتی پێ دەدرێت،ئیسپانیا دەزانێت پولی دۆمینەکە لە کەتەلۆنیا راناوەستێت و هەرێمەکانی دیکەشی بە دوادا دێت ، بەڵکانێکی دیکە لە باشوری ئەوروپا  چاوەڕوانیان دەکات، بەڵکانی پارچە پارچە بوون نەک جینۆساید.
ئیسپانیا ئێستا 14ەمین  هێزی ئابوری جیهان و چوارەمی ئەوروپایە ، ئەوکات پلەبەندییەکەی بۆ شانزە دادەبەزێت و بەرشەلۆنەش لە نێوان 42 ەمین و 43 یەمین ژمارە خۆی دەگرێتەوە، هاوکات لەناو یەکێتی ئەوروپاش لە روی نوێنەرایەتی و قەبارەوە دادەبەزێتە خوارەوە، سەنگ و هێزی جارن لە دەستە دات.

هەنگاوەکان بەرەو ریفراندۆم

حکومەت هەڕەشە  لە هەموو بەرپرسان و کارمەند و کرێکارانی کەرتی گشتی دەکات ، بەشداری لە ریفراندۆم بکەن لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە، لای خۆشییەوە کەتەلۆنییەکان ریفراندۆمێکی یاسایی تەندروست  ئەنجام دەدەن و  بڕیار وایە  لە پێش پایز  یاسای ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە پەرلەمان پەسەند بکرێت ، بۆ ئەو مەبەستەش  یاسای پەرلەمانیان بەشێوەیەک  هەموار کردۆتەوە ، بە یەک خوێندنەوە یاساکە دەنگی لەسەر بدرێت ،  ئەوان دەزانن دوای جیابونەوە چی دەکەن، بەرنامەی راگەیاندنی کۆماریان هەیە تەنها لە دوای دوومانگ لە ریفراندۆمەکە.
بۆ ئەوەی ناو ماڵ خۆیان رێکخەن و پێگە لەناوەوە بەهێز بکەن ،لە 14ی تەموز سێ وەزیریان  لە کابینەی حکومەتی خۆ جێیی گۆڕی بۆ ئەوەی هێڵی سەربەخۆیی  بەهێزبکەن، ئەوانەی دودڵن دوریان بخەنەوە،لە 17ی تەموزیش  سەرۆکی پۆلیسی هەرێمەکەیان ناچار کرد دەست لەکار بکێشێتەوە، چونکە پێیان وابوو دودڵە  لە پشتیوانی ریفراندۆم، لە بری ئەو  بیر سولەر کرا بە فەرماندەی پۆلیسی کەتەلۆنیا کەسێکی نەتەوەییە، فەرماندەی 17 هەزار پۆلیسی هەرێمەکە دەکات.

روداوە   خوێناویەکە و ریفراندۆم
حکومەتی ناوەندی  دەیەوێت تەقینەوە خوێناوییەکەی کاتژمێر 5ی ئێوارەی  17ی ئابی بەرشەلۆنە کە 15 قوربانی و 126 برینداری  لێکەوتەوە کە هاووڵاتی 30 وڵات بوون بقۆزێتەوە بۆ رێگرتن لە ریفراندۆم  ، هەڵمەتی  یەکگرتن بەرامبەر تیرۆری راگەیاند کە لە راستیدا هەڵمەتە بەرامبەر ریفرندۆم  و سەربەخۆیی .
بڕیار وایە  پادشای وڵات  فلیپی شەشەم  بەشداری رێپێوانی ناترسم لە بەرشەلۆنە بکات، کە ئەمە یەکەم جاریشە لە دوای گەڕانەوەی پاشایەتی بۆ عەرش لە ساڵی 1975ەوە بەشداری وایان هەبێت لە کەتەلۆنیا ، وەلێ پادشاو بەرپرسان ئەمجارە لە پێشەوەی رێپێوانەکە نین ، ئێرە بەرشەلۆنەیە  دوا بەشداری پادشایەتییە لە چالاکییەکانی،خاوەند ماڵ نییە و لە ریزی پشتەوەیە  ،سەرۆکی چەپگەرای شارەوانی بەرشەلۆنە رایگەیاند ، نوێنەری رێکخراوەکان، کۆمەڵەکان ئەوانەی گرنگیان بە روداوەکە دا، لە شۆفێری تەکسییەکانەوە بۆ دوکاندار و خاوەند چێشتخانەکان گوڵ فرۆشەکان  لە پێشەوە دەرۆن.
رێپێوانەکە بۆنی کۆتایی تەمەنی پادشایەتی  لێدێت  لە کەتەلۆنیا ، کەتەلۆنییەکان نەترسانە  وەک رێپێوانی ناترسین  دوا بزمار لە نەعشی پادشایەتی دەدەن و بە سەرپەرشتی خەڵک بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆن.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام