هێزەکانى یەپەگە بە هەماهەنگی سوپای ئازادى سوریا، شارۆچکەى ستراتیژیى سەڕینیان لە باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقەى پایتەختى دەوڵەتى ئیسلامى گەمارۆ داوە.

بەپێى هەواڵێکى ماڵپەڕى ڕێکخراوى چاودێری مافەکانى مرۆڤى سوریا، لە ماوەى ٤٨ کاتژمێرى ڕابردووە و لە ڕۆژی پێنجشەمە ٢٣ى نیسانى ٢٠١٥ هەموو گوندەکانى دەورووبەرى شارۆچکەى ستراتیژیى سەڕین لە چەکدارەکانى داعش پاک کراوەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە شەڕو پێکدادانى قورس لە نێوان هێزی پاراستنی گەل (یەپەگە) و چەند کەتیبەیەکى سوپای ئازادى سوریا لە دژى چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى ناسراو بە داعش لە ناوچەکە بەردەوامیى هەیە.

بەپێى ڕێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤى سوریا “لەو پێکدادانانەدا زیاتر لە ١٠ چەکدارى داعش کوژراون”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، شەڕڤانانی یەپەگە توانیویانە سێ گوندی دەورووبەری شارۆچکەکە کۆنترۆڵ بکەن و لە ئێستادا بەتەواوی دەستیان بەسەر کێڵگەیەکی بەربوومی دانەوێڵەدا لە دەرەوەی شارۆچکەکەشدا گرتووە”.

وەک سەرچاوەکە بڵاویکردووەتەوە، هێزى هاوپەیمانانیش کۆمەڵێک هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی داعش لە دەوروبەری شارۆچکەى سەڕین.

ئەوەش بڵاوکراوەتەوە، هەرچەندە پێشڕەوییەکانى یەپەگە بەردەوامە، بەڵام چەکدارەکانى دەوڵەتى ئیسلامى بە بەردەوامى لە ناوچەکانى باکووری حەلەب و ڕەقەوە هاوکارییان بۆ دەڕوات.

هاوکات چەکدارەکانى داعش بۆمبى چێندراوى زۆریان لە ناوچەکە دانەوە، بەڵام ئەوەش نەبووەتە هۆکارى ڕێگرتن لە پێشڕەویى هێزەکانى یەپەگە و چەکدارەکانى سوپاى ئازادى سوریا.

کانتۆنى کۆبانێ لە دواى کانتۆنى جزیرە و لە ڕۆژى ٢٧ى کانونى دووەمى ٢٠١٤ دامەزراوە. لە ١٥ى ئەیلولى ٢٠١٤دا هێرشى چەکدارەکانى داعش بۆ داگیرکردنى کانتۆنى کۆبانێ دەستیپێکرد. لەدواى ١٣٤ ڕۆژ بەرەنگارى، داعش لە ڕۆژى ٢٦ى کانوونى دووەمى ئەمساڵ لە کۆبانێ تێکشکێنرا.

بەپێى کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیى هاوبەشى یەپەگەو هێزى پێشمەرگە و بورکانى فورات لە ماوەى ئەو چوار مانگەدا سێ هەزار و ٨٠٠ چەکدارى داعش کوژران. لە بەرامبەریشدا ٤٠٨ شەڕڤان و پێشمەرگەیەک و ١٣ شۆڕشگێرى بورکانى فورات شەهید بوون.

تا ئێستاش پرۆسەى رزگارکردنى گوندەکانى کۆبانێى لە دەستى چەکدارەکانى داعش درێژەى هەیە. زیاتر لە ٣٠٠ گوند لەلایەن شەڕڤانەکانەوە ئازاد کراوە. هەروەها پێشڕەوى بەرەو پارێزگاى ڕەقە بەردەوامە و چەند ناوچەیەک لە پارێزگاى ڕەقەش لە چەکدارەکانى داعش پاک کراوەتەوە

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام