هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین بارزانى له‌هه‌وڵێكى چرِدا بۆ درێژكردنه‌وه‌ى ولایه‌تى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم مه‌به‌ستم له‌و تێكسته‌ى سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ بارزانى ده‌توانێ به‌حیكمه‌تى خۆى ببێته‌ فریاد رِه‌سى كورد وه‌ ده‌شتوانێ هه‌مان رِۆڵى خراپى مه‌لا ئیدریس بگێرِێ كه‌ رِۆڵێكى نێگه‌تیڤ بوو به‌نسبه‌ت كورده‌وه‌ كه‌ كوردى به‌ته‌واوه‌تى خسته‌ ژێر كۆنترِۆڵى توركیاوه‌ .
مه‌لائیدریس ئه‌و پیاوه‌ى كه‌ له‌پێش جه‌نگى چاڵدێراندا ساڵى(١٥١٤ز) له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى عوسمانى و خودى سوڵتان سه‌لیمى یه‌كه‌م رِاسپێردرا بۆ ئه‌وه‌ى كورده‌كان له‌ ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى نزیك بكاته‌وه‌ بۆ دوو مه‌به‌ست:-
١- سوڵتان سه‌لیمى یه‌كه‌م بۆئه‌وه‌ى بتوانێ پشتیوانى كورده‌كان به‌ده‌ستبێنێ له‌جه‌نگى چاڵدێران ساڵى(١٥١٤ز)و له‌گه‌ڵیدا بجه‌نگن دژى ده‌وڵه‌تى سه‌فه‌وى چونكه‌ پشتیوانى كورد زۆر گرنگ بوو بۆ هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت (عوسمانى و سه‌فه‌وى) له‌رِووى مرۆییه‌وه‌ كه‌كورد خاوه‌نى سه‌رمایه‌كى مرۆیى گه‌وره‌یه‌ وه‌ك هێزى شه‌رِكه‌ر رِۆڵى ده‌بێت له‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ى جه‌نگه‌كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا له‌به‌رژه‌وه‌ندى ده‌وڵه‌تى عوسمانیدا، له‌رِووى ئابووریه‌وه‌ كوردستان كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوو به‌ كشتوكاڵ ده‌بووه‌ ژێرخابێكى ئابوورى گه‌وره‌ بۆیان بۆ ئیدامه‌دان به‌شه‌رِه‌كه‌، له‌رِووى جیۆپۆلۆتیكیه‌وه‌ خاكى كوردستان ده‌بووه‌ پارێزه‌رى سنوورى رِۆژهه‌لاَتى ده‌وڵه‌تى عوسمانى به‌وه‌ى زۆربه‌ى شه‌رِه‌كان له‌خاكى كوردا به‌رِێوه‌ ده‌چوو كه‌ زه‌ره‌رو زیانێكى زۆر به‌كورد كه‌وت له‌م جه‌نگه‌دا، كه‌ پێموایه‌ تائیستا كورد سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ پارێزگاریكردن له‌سه‌رزه‌مینى خۆى كه‌توركیاو ئێران وه‌ك ئاوچه‌یه‌كى جیۆپۆلۆتیكى به‌كارى بهێنن بۆ یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى ناكۆكیه‌كانیان وه‌ك له‌رِابردوودا كردیان له‌جه‌نگى چاڵدێراندا كه‌ ئیستا له‌ جه‌نگى داعشدا خۆى به‌رجه‌سته‌ ده‌كات هه‌رچه‌نده‌ زیانێكى مادى و گیانى زۆرمانداوه‌ به‌لاَم كوردستان نه‌بووه‌ته‌ مه‌یدانى یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى جه‌نگ.
٢- رِاسپاردنى مه‌لا ئیدریس له‌لایه‌ن سوڵتانه‌وه‌ بۆ لاى میره‌ كورده‌كان به‌ئامانجى دانانى به‌گله‌ر به‌گ (میرى میران ) واته‌ له‌ناو هه‌موو میره‌ كورده‌كان یه‌كێك له‌میره‌كان ببێته‌ سه‌ردارى میره‌كان و سوپاسالارو قسه‌ به‌ده‌ستى كورد كه‌ ئه‌م پۆسته‌ش ته‌نها به‌كورانى سوڵتان و ژه‌نه‌رِاڵه‌ پله‌ به‌رزه‌كانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى ده‌درا ، كه‌ده‌رفه‌تێكى مێژوویى بوو  به‌هۆى هه‌ڵه‌ى حه‌زره‌تى مه‌لا ئیدریس و ده‌مارگیرى كورد له‌ده‌ست چوو چونكه‌ كاتێك مه‌لا ئیدریس میره‌ كورده‌كانى كۆكرده‌وه‌ و په‌یامى سوڵتان سه‌لیمى پێگه‌یاندن دواى مشتومرِى چه‌ندان رِۆژه‌ هیچكام له‌میره‌كان رِازى نه‌بوون سه‌ر بۆهیچیان بچه‌مێننه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ ناوى دوو میر ده‌هات كه‌ بكرێن به‌ میرى میران به‌لاَم له‌سه‌ر ئه‌وانیش ناكۆكى هه‌بوو ئه‌و دوو میره‌ش (میر شه‌ره‌ف )و(ملیك خه‌لیل)بوون، مه‌لا ئیدریسیش كه‌گه‌رِایه‌وه‌ بۆ لاى سوڵتان هه‌ڵه‌ى كرد كه‌ووتى: هیچكام له‌میره‌كان رِازى نین سه‌ر بۆ یه‌كترى بچه‌مێننه‌وه‌ بۆیه‌ واچاكه‌ نۆكه‌رى به‌ر ده‌رگاى خۆت بكه‌ى به‌ میرى میران، كه‌ پێموایه‌ ئه‌و كاره‌ى له‌په‌رچه‌ كردارى ئه‌وه‌بوو كه‌ داوایان له‌ مه‌لا ئیدریس نه‌كرد ببێت به‌میرى میران هه‌رچه‌ند دیتوانى سوڵتان بیسه‌پێنێ كه‌مه‌به‌ستى بوایه‌ ده‌شیتوانى ئه‌و دوو ناوبراوه‌ى پێشتر بسه‌پێنێ چونكه‌ میره‌كان ووتیان با سوڵتان كه‌سێك دیاریبكات ئێمه‌ گوێ رِایه‌ڵى ده‌كه‌ین بۆیه‌ سوڵتانیش پیاوێكى تورك(چاوش باشى محمد ئاغا) كه‌ به‌ (محمد بیغلو) ناسرابوو كردى به‌سوپاسالارو میرى میران كه‌ ئه‌م رِووداوه‌ مێژووییه‌ رِێك (٥٠٠)ساڵ به‌ر له‌ئێستا بوو، به‌لاَم ئه‌م رِوداوه‌ له‌ئێستادا به‌فۆرمێكى جیاواز و له‌سه‌رده‌مێكى جیاوازدا خۆى نمایش ده‌كاته‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ :
• كاتێك نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌رِێگه‌ى لوله‌وه‌ به‌به‌نده‌رى جیهان به‌سترایه‌وه‌ ده‌ستپێكى مامه‌ڵه‌ى هاوبه‌شى بارزانى و ئه‌ردۆغان بوو له‌ ساحه‌ى سیاسیدا به‌م كاره‌ش له‌قۆناغى سه‌رمایه‌داریدا كوردستان به‌ ده‌وڵه‌تى توركیاوه‌ به‌سترایه‌وه‌.
• دواتر له‌٣٠/٤/ ٢٠١٣ ولایه‌تى سه‌رۆكایه‌تى هه‌ریم بۆ جه‌نابى بارزانى دریژده‌كرێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌م مامه‌ڵیه‌ ته‌واو نه‌بووه‌ ئامانجى گه‌وره‌ى بارزانیش و توركیاش ناساندنى بارزانیه‌ به‌میرى میران و مه‌رجه‌عى سیاسى و قه‌رارى كوردلەترسی زالبونی هەیمەنەی ئێران بەسەر کوردستاندا ئەمپڕۆژەیەشی لەژێر چەتری مەزهەبی سوننەوە دەکات.
• جگه‌ له‌وه‌ى كه‌بارزانى وه‌ك ئه‌ندازیارى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد ناسێنرا له‌ باكورى كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كه‌گوایه‌ توانى په‌كه‌كه‌ و توركیا بهێنێته‌ سه‌ر مێزى گفتوگۆ و رِاگه‌یاندنى پرِۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا به‌ده‌ر له‌هه‌ر ده‌رئه‌نجامێك.
•  له‌درێژه‌ى كاره‌كانى جه‌نابى بارزانیدا پرِۆژه‌ى به‌ستنى كۆنگره‌ى نیشتمانى بوو(كۆكردنه‌وه‌ى میره‌كانى كورد تاوه‌كو پێیان بڵێ من میرى میرانم(سه‌رۆكى كورد) ) تیایدا په‌كه‌كه‌ به‌ئاشكرا و هه‌ندێ هێزى تریش له‌ژێره‌وه‌ و ناراسته‌وخۆ نارِازیبوون به‌ سه‌رۆكایه‌تى به‌رِێز(مسعود بارزانى)به‌سه‌رۆكى كۆنگره‌ى نیشتمانى بۆیه‌ هه‌رلێره‌وه‌ ئه‌م پرِۆژه‌یه‌ى (بارزانى – ئه‌ردۆغان ) توشى به‌ربه‌ست و له‌مپه‌رِى گه‌وره‌ بۆوه‌ تا ئێستاش پرِۆژه‌ى به‌ستنى كۆنگره‌ به‌شكستخواردو دێته‌ ئه‌ژمار.
• هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ردۆغان ویستى كورد(په‌كه‌كه‌….هتد) ناچاربكاته‌وه‌ به‌گوێگرتن له‌ بارزانى، بارزانى بانگێشت كرد بۆ ئامه‌د له‌جه‌ژنى نه‌ورۆزدا (٢١/٣/ ٢٠١٤)تیایدا شانبه‌شانى ئه‌ردۆغان وتارێكى مژده‌به‌خش و ئارام به‌خشى به‌كوردانى باكور گه‌یاند به‌لاَم نه‌یتوانى قه‌ناعه‌ت به‌سه‌رانى په‌كه‌كه‌ بكات.
• بارزانى له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ نزیككردنه‌وه‌ى میرنشینى ئه‌رده‌لان (ى.ن.ك) له‌توركیا شكستى هێنا هه‌ر زوو (مه‌لا به‌ختیار) ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى (ى.ن.ك)ووتارێكى رِه‌خنه‌ ئامێزى ئاراسته‌ى توركیا كردو به‌بیرى هێنایه‌وه‌ كه‌چى به‌رامبه‌ر به‌كورد كردووه‌ به‌تایبه‌ت (عبدالله‌ ئۆجالان) كه‌ ئه‌م كاره‌ى مه‌لا به‌ختیاریش ده‌چێته‌ بابى رِه‌تكردنه‌وه‌ى بارزانى وه‌ك مه‌رجه‌ع چونكه‌ هێشتا بارزانى له‌توركیا نه‌گه‌رِابۆوه‌.
•  جگه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ دووقۆڵیه‌كانى بارزانى له‌گه‌ڵ به‌رِێز (نه‌وشیروان مسته‌فا)دا كه‌پێموایه‌ په‌یوه‌ندى به‌شه‌خسى بارزانیه‌وه‌ هه‌بوو به‌تایبه‌ت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چونكه‌ وه‌ك زانیومه‌ كاك نه‌وشیروان كه‌م بابه‌ت هه‌یه‌ په‌یوه‌ندى به‌خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌بێت به‌نهێنى بیهێڵێته‌وه‌، ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت ولاَتانى زلهێزیش(ئه‌مریكا و بریتابیا) ته‌ئكید له‌ یه‌كرِیزى كورد ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێیان وایه‌ ده‌بێ كوردستان به‌دامه‌زراوه‌یى بكرێت به‌تایبه‌ت هێزى پێشمه‌رگه‌ و مه‌رِجه‌عى قه‌رارى كورد به‌دیاریكراوى.
•  دیاره‌ هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ش كه‌بۆ بارزانى رِه‌خساوه‌ به‌هۆى ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ پرِ قه‌یراناویه‌یه‌ كه‌ كوردستان و عراق پیایدا تێپه‌رِ ده‌بێت بۆیه‌ داوا له‌به‌رِێز جه‌نابى بارزانى ده‌كه‌ین كه‌ په‌له‌ نه‌كات به‌ژیرانه‌ و هه‌نگاوه‌كانى له‌ژێر رِۆشنایى مێژووى رِابردوومان هه‌نگاو بنێت بۆئه‌وه‌ى توشى هه‌ڵه‌یه‌ك نه‌بێت كه‌خۆى و كوردیش به‌هیلاكبدات له‌و پێناوه‌دا، چونكه‌ مێژوو ده‌رمانخانه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ده‌ردى كورد و ئه‌زموونى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ كه‌ خه‌ونى هه‌موو كۆردێك بووه‌ به‌درێژایى مێژوو.
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام