سه‌رەڕاى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی‌ كۆشكی‌ سپی‌، ئه‌نجومه‌نی‌ پیرانی‌ ئه‌مەریكا به‌ زۆرینه‌ی‌ ره‌های‌ ده‌نگ، سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێی‌ به‌سه‌ر روسیا و ئێران و كۆریای‌ باكوردا په‌سه‌ندكرد.

به‌ر له‌وه‌ی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بۆ سه‌پاندنی‌ سزا به‌سه‌ر روسیا و ئێران و كۆریای‌ باكور له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیران په‌سه‌ندبكرێت، پێشتر خرایه‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ په‌سه‌ندكرا.

به‌پێی‌ رێوشوێنه‌كان؛ دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی‌ پیران، یاساكه‌ ره‌وانه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپی‌ سه‌رۆكی‌ وڵات ده‌كرێت تا ئیمزای‌ له‌سه‌ر بكات و بخرێته‌بواری‌ جێبه‌جێكردن، به‌ڵام به‌پێی‌ یاسا تره‌مپ مافی‌ ڤیتۆكردنی‌ ئه‌و یاسایه‌ی‌ هه‌یه‌.

كۆشكی‌ سپی‌ نیگه‌رانه‌ له‌و یاسایه‌ی‌ كه‌ له‌ كۆنگرێس په‌سه‌ندكراوه‌، چونكه‌ یاسا نوێیه‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دۆناڵد تره‌مپ بۆ هه‌ڵگرتنی‌ سزاكان سنوردار ده‌كات و ناچاری‌ ده‌كات به‌ر له‌ هه‌ڵگرتنی‌ هه‌ر هه‌نگاوێك له‌باره‌ی‌ سزاكانه‌وه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ كۆنگرێس گفتوگۆ و راوێژ بكات.

ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپی‌ ره‌خنه‌یان له‌م سزا نوێیانه‌ی‌ ئه‌مەریكا هه‌یه‌ بۆسه‌ر روسیا، چونكه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ سودمه‌ندبون له‌ هێڵی‌ وزه‌ی‌ روسیا كه‌ ئه‌و هێڵه‌ ئێستا خراوه‌ته‌ چوارچێوه‌ی‌ سزاكانی‌ ئه‌مەریكاوه‌.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام