پیاوێک هەروا سادە لێرەو تێپەری

وەغر وەغڕ ڕابوورد

پیاوێک پڕاووپڕ لە نیگەرانی

بە خەیاڵی مناڵی‌و

چەترێ بارانەوە لێرەوە تێپەری

ئای چەند بە ناسۆرە

پیاوێک بەدەم گوڵچنیینەوە بمرێت

 

کەسێک نەیتوانی ڕووناکی‌و تاریکی لە دەڤرێکدا بخواتەوە مەرگ تۆ نەبویت

کەسێک نەیتوانی گڕو ئاو لە سەر سفرەی خوانێکدا برازێنیتەوە مەگەر تۆ نەبویت

کەسێک نەبوو شەپۆلەکانی ژیان بگەڕێنێتەوە قوڵای دەریاکان

مەگەر ئاشقی بەلە ماسییە گرەکانی کەناری دەریاکانی برسێتی نەبێت!

ئەوە من نەبووم کە دەستم گەیشتە پرچی ئەستێرەکان و

بە پێخاوسی هەنگاوم بەسەر بزمارێژی تەمەندا دەنا،

من زۆربانیم تاکو لە ڕۆمانێکدا خۆم بکوژم،

بەڵام تۆ وەک زۆربا ژیایت

نەدەکۆکیک تاکو هاوڕێکانت خەمت نەخۆن و

کەسێکیان هیلاکو ماندوو نەکەیت بەخۆتەوە،

تاکو خەم نەخەیتە دڵ و دەرونیانەوە بە خەمی تۆوە سەرنەخەنە سەر تەنیایی ئازارەکان.

من زۆربانیم  کوردمو  دەڕۆم ئیتر ئاور نادەمەوە

لەو ڕابردووە نەفرەتییە کە دەڵێیت کەڵبەی سەگە بە سینەمەوە

کە دەڵێیت ئەنگوستەی شەوو تاوانەکانی خێڵی عۆجەو ٣١ئابە  وابە تەوێڵمەوە

 

گەورەم

گەر وەک تۆ باڵا بەرز بومایە

گەر ئەو باڵایە بە منەوە بوایە

گەر ئەو هزرە جوانو تەندروستە

لە مندا خۆی بکوشتایە

دەستم بۆ ئاسمان درێژ دەکردو

تەوقەم لەگەڵ بروسکەکاندا دەکرد

سواری پشتی هەور دەبووم

دەچوومە حزووری خۆڕ

خۆڕم دەخستە هەناومەوە

لەجیاتی گوڵدانی ژوورەکەم

خۆڕم دەخستە سەر مێزەکەم

هەرگیز نادەچممیەوە بۆ قارچکو دومەڵانی دەشتەکان

کە بەرهەمی بروسکەو ئاسمانەکانن

تۆ ئەوەندە بەم باڵاو جەستەیەوە

نوشتایتەوە بۆ ئەم سێوی بن عەرزانە

توشی ژانە پشت بوویت

تۆ دەزانیت چەن بە ئازارە پشت ئێشە

کەوەک ئەوەی کەسێک پشتی نەبیت

کەوەک ئەوەی گەلێک بی پشت و پەنا بێت

تاوانباران بەسواری

پشتی نیشتیمانەوە بەم ڕۆژگارە

ڕابردوومان پێدەفرۆشنەوە

بە ڕابردووە کۆیلەمان دەکەن

زنجیرو کۆت دەخەنە مەچەکو پاوەندمانەوە

دەمان بە بێدەنگیمانەوە دەدوورنەوە

بەڵام تۆ ڕابردوو نەبوویت

بەڵکو داهاتووبوویت ئەی پیاو

هەورو بروسکەکان تۆیان گەیاندە ئێمە

ئاخ لە ئێمە! چۆن نەمانتوانی شەوقو هزرو ڕوناکی تۆ نەبینین

ئەو چاوانە کوێر بێت کە بروسکە نابینێت

ئەو گوێیانە کەڕر بێت کە گوێ لە گرمەی هەورەکان نییە

داهاتوویشت لەگەڵ خۆتا بردە گۆرەوە

تۆ هەرگیز لەوە نەگەیشتیت کە ئیتر تۆ موڵکی

نەوەیەکێت کە داهاتوویان لە هزرو پێنوسەکەی تۆیا هەڵگرتووە

ژنێک ووتی

تاکو دهێمەوە ماڵەکەم بۆ بکە بە شوشە

بیرم ناکەیت ئەی پیاو

پیاوی نێو تێروانینەکانی من

ووتم ئەی ژن

تۆ ڕوناکی ماڵم بوویت

کە ڕۆشتیت ئەویشت برد لەگەڵ خۆت

دەوەرەوە تاکو بەرپی خۆمم پێ ڕۆشنکەمەوە

تۆیش ئەی پیرە هەڵو

خۆڕی وڵاتێکت لەگەڵ خۆتا بردە ژێر گڵ

ئیتر کێ بێتە خۆڕی وڵات و شارو

سفرە بێخوانەکانی نیشتیمان.

 

دەبا یەقین بین وەک نەوشیروان موستەفا تاکو ئەم نیشتیمانە ئەتککراوە سەروەری‌و ئابرووی بۆ دەگەڕێینەوە. دەبا یەقین بین کە نیشتیمان سفرەو خوانی هەموان بێت نەک تەنها بۆ حۆتەکانی دەسەڵات بێت، خەڵکە هەژراو داماوەکەیشی تەنانەت بۆی نەبێت لە پەنجەرەکانیشەوە تەماشاینکەن تاکو خوانەکەیان لێنەبێت بە ژەهریمار!.                                                                    

 

نامۆ سامان

22-05-2017

 

تایبەتمەندییەکان: هۆنراوە

زیادکردنی وەڵام