لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە لێدوانێکى سەڵاحەدین دەمیرتاش، یاڵچین ئاکدۆغان جێگرى سەرۆک وەزیرانى تورکیا ڕایگەیاند، ئەگەر کێشەى کوردیش چارەسەر بێت شەڕ بەردەوام دەبێت و سەلاحەدین دەمیرتاشیش لەژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی جەمیل بایکدایە.

بەپێى هەواڵێکى ڕۆژنامەى حوڕەیەت دەیلى نیوزى تورکیا، ئاکدۆغان جێگرى سەرۆک وەزیرانى تورکیا ڕەخنەی ئەوە دەگرێت، کە هەدەپە حیزبی چارەسەری پرسی کوردە، بەڵام دەمیرتاش لەدوایین لێدوانیدا بەڵێنی داوە، ئەگەر بچنە پەرلەمان دەبنە مۆتەکەى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ڕێگریکردن لە پلانەکانی بۆ سیستمى سەرۆکایەتییەکی جێبەجێکاری.

ئاکدۆغان جێگرى سەرۆک وەزیرانى تورکیا ئەوەشى وتووە “دەمیرتاش لەگەڵ ئەوەی لەژێر کاریگەریی جەمیل بایک سەرکردەى پێشکەوتووى پەکەکەدایە، بەڵکو بایک بە ڕێنمایی و ڕاگەیەندراوەکانیشی دەتوانێت جوڵە بە هەدەپە بکات بۆ شوێنە گرنگەکانیش”.

ئاکدۆغان ئەوەشى ڕایگەیاند، حکومەتی تورکیا ئامانجی کۆتایی هێنانە بەو پێکدادانانەی نێوان تورکیا و پەکەکە کە بۆماوەی سێ دەیەیە بەردەوامە، و ناوبراو داوا لە هەدەپە دەکات کە داوایەک ئاراستەی پەکەکە بکەن بۆ دانانی چەکەکانیان.

هاوکات ئاکدۆغان لە درێژەى قسەکانیدا ئەوەشى ڕایگەیاندووە “ئەگەر کێشەی کوردیش چارەسەربکرێت ئەوە شەڕ هەر بەردەوام دەبێت لە دژی ئەم ئایدۆلۆجیە مارکسیستى – لینینیستیە و ئەم بیرکردنەوەیە”.

ئەمە لەکاتێکدایە هەندێکجار ئەردۆغان بە ”سوڵتان” ناوزەند دەکرێت لەلایەن ئەو ڕەخنەگرانەوە و بەوە تۆمەتباری دەکەن، کە لە هەوڵی زیادکردنی دەسەڵاتی تاکڕەویدایە، وە پێشتر ئەردۆغان وتویەتی کابوس و مۆتەکەیە ئەگەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٧ی حوزەیران دەرەنجامەکەی حکومەتێکی هاوپەیمانی بێت.

وەک ڕۆژنامەى حوڕەیەت دەیلى نیوز بڵاوى کردووەتەوە، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دەبێت ڕێژەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بهێنێت بۆ ناساندنی دەستوورێکی نوێ.

ئەمەش زۆر قورس دەبێت بۆ ئەو حیزبە ئەگەر هەدەپە ڕێژەی ١٠%ی دەنگەکان تێپەڕێنێت. بەدەستهێنانی ١٠%ی دەنگەکان لەلایەن هەدەپەوە دەبێتە هۆى ئەوە زیاتر لە ٦٠ کورسی پەرلەمانی تورکیا بکەوێتە دەست هەدەپە لە کۆى ٥٥٠ کورسیى پەرلەمانى تورکیا، بەڵام ئەگەر هەدەپە ١٠%ی دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، دەنگەکانى هەدەپە دەڕوات بۆ لیستى براوە و بەو شێوەیە ئاکەپە ژمارەى کورسییەکانى ٣٠ کورسى زیاتر دەبێت لە ڕێژەى دەنگەکانى خۆى.

بەپێى سەرچاوەکە، سەرنەکەوتنی هەدەپە پرۆسەی ئاشتی دەخاتە مەترسییەوە، کە لە کۆتایى ساڵی ٢٠١٢ەوە  دەستیپێکردووە و عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆڵێکى گەورەى تێدا گێڕاوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام